گەلاوێژ پیرداود: دەبێت ژنان خۆیان بڕیار بدەن لە پۆستە باڵاکاندا بن

گەلاوێژ پیرداود، ژنیکی کوردەو کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەو دەڵیت: "پێویستە ژنان خۆیان بڕیاربدەن کە بەشداری پۆستە باڵاکان بکەن و هەر پۆستێک ژن بەڕێوەی ببات گەندەڵی کەمتر تێدا دەبێت".

گەلاوێژ پیرداود، ژنیکی کوردەو کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەو دەڵیت: "پێویستە ژنان خۆیان بڕیاربدەن کە بەشداری پۆستە باڵاکان بکەن و هەر پۆستێک ژن بەڕێوەی ببات گەندەڵی کەمتر تێدا دەبێت".

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رۆژی ٧ی شوباتی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکرد، ٢٥ کەس کاندیدی ئەو پۆستەن و ١١ یان کوردن.

 

لەو ٢٥ کەسەی کە کاندیدن تەنها دوو ژن هەیە و یەکێکیان کوردە ئەویش مافپەروەر "گەلاوێژ عەلی ئەمین پیرداود"ە.

 

لەبارەی خۆ کاندید کردن و ئەگەری وەرگرتنی ئەو پۆستە گەلاوێژ پیرداود بۆ ئاژانسی نوژنها قسەی کردو وتی: "من پێشتر بەشداری سیاسەتم کردووە و ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووم بەڵام ماوەی ساڵێکە دوورکەوتومەتەوە، لە ئێستاشدا سەربەخۆیانە خۆم کاندید کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و هیوادارم بۆ یەکەم جار ژنێکی کورد ئەو پۆستە بەڕێوە ببات".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ناکۆکی زۆر لەسەر ئەو پۆستە هەیە و دوو بەرە دروست بووە کە یەکێتی لەگەڵ بەرەیەکە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەگەڵ بەرەیەکی تر، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە ڕێکەووتنی لایەنەکان دەبێت، وتیشی: "ئەگەر دیاریکردنی سەرۆک کۆماربەڕاستی لە پەرلەمانەوە بوایە ئەوا ژنانی پەرلەمانتار ئەگەر دەنگیان بدایە بە ژنێک کە کاندیدە ئەوا سەرۆک کۆماری عێراق ژن دەبوو".

 

"ژنان دەبێت خۆیان بڕیاربدەن لە پۆستە باڵاکاندا بن"

گەلاوێژ پیرداود پێیوایە کە ژنان دەبێت خۆیان بڕیار بدەن بەشداری پۆستە باڵاکان بن و وتی: "ماف دەسێندرێت نادرێت، هەروەها هیچ پیاوێکیش تا ئێستا نەیوتوە با ئەو پۆستە بۆ ژن بێت، لەبەر ئەوە دەبێت ژنان خۆیان بڕیار بدەن کە پۆستە باڵاکان وەربگرن و بەشداری سیاسەت بن".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە هەر پۆستێک ژن بەڕێوەی ببات گەندەڵی تێیدا کەمە چونکە ژنان حەزیان بە کارکردنەو هەموو توانای خۆیان بۆ بەڕێوەبەردن دەخەنەگەڕ.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا گەلاوێژ پیرداود کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق وتی: "لەگەڵ هەندێک لایەن گفتوگۆم کردووە و بەڵێنیان داوە کە دەنگم بدەنێ، بەڵام ئەگەریش سەرنەکەوتم ئەوا بۆ ساڵانی ئایندە بەردەوام دەبم و پێویستە ژنان لە ساڵانی ئایندەدا خۆیان کاندید بکەن".