ژنان داوا دەکەن بە یەک دەنگ دژی هێرشەکانی ڕۆژئاوا هەڵوێست بنوێنن
دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە هەر دەرفەتێکدا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەو ئامانجەی کولتوور و نەتەوەی کورد لەناو ببات، کەسانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانیش داوا دەکەن، گەل بڕژێتە سەر شەقام بۆ پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان.
شنیار بایز
سلێمانی- پرسەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهید بوون، لەلایەن نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوبەری لە هەرێمی کوردستان دانرا و لایەن و کەسایەتییە سیاسی و چالاکوانانی وەک حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، پەیەدە، پژاک، چاند و هونەر، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان، دەزگای میدیایی مەودا میدیا، هاوڵاتیانی کەمپی مەخموور و چەندین لایەنی دیکە بەشدارییان تیایدا کرد، ژنان لە پرسەکەدا هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و داوایان کرد، هەرچی زووە کار بکرێت بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.
"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ڕۆژئاواوا هەموو کورد لەناوببات"
کۆچەر هەمزە، ڕۆژنامەنوس، دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونیکردەوە، هێرش و داگیرکارییەکان بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان بێت وەک یەکە و هەمووان کوردین، ناهەقیەکی گەورە بەرامبەر بە گەلی ڕۆژئاوا دەکرێت کە لەبەرامبەر پاراستنی خاک و نیشتیمانیان شەهید دەدەن و بە شەهید پارێزگاری دەکەن.
دەربارەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە وتی: دەوڵەتی داگیرکەر کار لەسەر هەموو کوردستان دەکات و بە ئامانجی دەگرێت، دەیەوێت کورد بتوێنێتەوە، بە هەموو شێوەیەک دژی کورد و کولتووریەتی، کاتێک دەبینێت لە ڕۆژئاوا پارێزگاریکردن لە خاک و نەتەوە و کولتوور هەیە، بۆیە دەیکاتە ئامانجی سەرەکی بەو مەبەستەی لەناویان ببات.
بە گرنگی دەزانێت بە وتەیەکیش بێت پاڵپشتی لە گەلی ڕۆئاوا بکرێت، چونکە دواجار ئەوانیش کوردن، نەک تەنها هەڵوێستی گەل بەڵکو لایەنی پەیوەندیدار و نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە دەنگ دژی ئەو داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات.
"دەوڵەتی تورکیا ئامانجی زیندووکردنەوەی میساقی میللیە"
بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی پەیەدە لە شاری سلێمانی، بۆ نوژنها دوا و باسی لەوەکرد، هەمووان دەزانن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە میانەی هێرشەکەدا ئامانجیان وڵاتپارێزان بوو هەر بۆیە ٢٩ وڵاتپارێز شەهید بوون، دەوڵەتی تورکیا بە پیلانی جیاواز هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاماژەی بەوەدا ئەو هێرشانەی ئەنجامی دەدات لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو سیاسەتەی جێبەجێی دەکات لە باشوور ئامانجی زیندوکردنەوەی میساقی میللیە، چونکە پێی وایە ئەو خاکەی کورد تێیدا دەژی خاکی تورکیایە، هەر بۆیە هێرشەکانی بەردەوام دەکات، وتیشی: ئێمە وەک گەلی ڕۆژئاوا لە هەر شوێنێک بین پشتگیری گەلی خۆمان دەکەین و خاوەن هەڵوێستین، بەوەی هەر هێرش و داگیرکارییەک بکرێت ئێمە بە ڕوویدا دەوەستینەوە، بەرخۆدان دەکەین، هیچ کات لە هێرش ناترسین.
"لایەنی سیاسی و گەل چیتر نابێت بێدەنگ بن لە ئاست داگیرکارییەکان"
دەربارەی بێ هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانە، بێریڤان محەمەد ڕوونیکردەوە، لە باشووری کوردستان سیاسەتێکی نەرم جێبەجێ دەکرێت بەرامبەر بە داگیرکەران، هەر بۆیە هێرشەکان بەردەوامە لە چیاکانی کوردستان، بەڵام لە هەولێر دژی گەل سیاسەتێکی توند جێبەجێ دەکرێت، گەلی باشوور بۆ خۆشیان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی تێبگەن لەوەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان مەترسی دروست دەکات بۆسەر باشوور، چونکە هێرشەکان تەنها یەک ناوچە بە ئامانج ناگرێت و یەک پێکهاتە بە ئامانج ناگرێت بەڵکو ناوچە و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان بە ئامانج دەگرێت.
لە کۆتایدا داوا لە تەواوی لایەنە سیاسی، چالاکوانان، ڕۆشنبیران و وڵاتپارێزان و گەل دەکات، خاوەن هەڵوێست بن، بێنە دەنگ دژی هێرش و داگیرکەریەکانی سەر خاکی کوردستان و ڕۆژئاوا، چیتر بێدەنگیەکان نەبنە هۆکار بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکان، وتی "پێویستە هەر کوردێک خۆی بە بەرپرسیار ببینێت دژی هێرش و داگیرکارییەکان، تەنها هەڵوێست خوێندنەوەی بەیاننامەو ناڕەزایەتی نەبێت بەڵکو بڕژێنەر سەر شەقامەکان و بە یەک دەنگ هێرشەکان ڕەتکەنەوە".