ڕێگای دانوستان لە غەززە بەرەو کوێ دەڕوات؟

ژنان و منداڵانی غەززە باجی شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل دەدەن کە زیاتر لە ٨ مانگە بەردەوامە، لەگەڵ ناڕوونی دانوستانەکان برسیێتی ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە- لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، وڵاتانی نێوەندگیری هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو لایەن دەدەن، بە مەبەستی دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی زیادبوونی ژمارەی زیانبەرکەوتووان لەناو ئەو ژن و منداڵانەدا کە باجی شەڕەکە دەدەن، چاوەکانی جیهان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی ئەم ئازارە و ئاگربەستی دەستبەجێیە.

 

ڕەهام عەودە، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر مێزی دیالۆگ بەردەوامە، بە سەرۆکایەتی وڵاتانی نێوەندگیری، واتە میسر، قەتەر و ئیدارەی ئەمریکا، ئەمانە دانوستانەکان بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵنەوە، هەروەها تاکە بەربەست پێداگری ئیسرائیلە لەسەر ئەوەی بە تەواوی لە کەرتی غەززە نەکشێتەوە و ئەمەش ئەوەیە کە حەماس ڕەتیدەکاتەوە، مەحاڵە حەماس ڕێککەوتنێک بە بوونی ئەم میکانیزمانە قبوڵ بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیران لە پرۆسەی دانوستان و دیمەنی سیاسی بەگشتی لە نێوان هەردوولادا، پێداگری ئیسرائیل لەسەر نەکشانەوە، یان ڕادەستکردنی دەروازەکان، لە بەرامبەردا داوای بەردەوامی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی دیلەکان و دواتر تەواوکردنی شەڕەکە بەبێ ئەوەی گرنگی بە دۆخی خوێناوی مرۆیی غەززە بدات، یان پارەی ڕزگارکردنی دیلەکانی بدات، واتە ئیسرائیل گرێبەستێکی بێبەرامبەری دەوێت.

 

"ئەگەری زۆر هەیە"

 ڕەهام عەودە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئێستا لە ئیسرائیل ڕوودەدات سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ناکۆکی ناوخۆیی و قەیرانی ئابووری و قەیرانی جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خەڵکە و وتی: کێبڕکێی نێوان پارتەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری هەبووە، وەک لەم دواییانەدا وتراوە، دەبێتە هۆی داڕمان، چەند سیناریۆی دوای جەنگ هەیە، یەکەمیان دەسەڵاتداری سەربازی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەیەکی ناوخۆیی، ئەگەری دووەمیش هاتنی هێزە نێودەوڵەتییە فرە نەتەوەییەکانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەگەری سێیەمیش، گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستینە بۆ کەرتی غەززە لەگەڵ داگیرکەری کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکانی فەلەستین، وەک ئەوەی لە کەرتی ڕۆژئاوا ڕوودەدات، ئەگەری چوارەمیش بەردەوامی شەڕی گروپە چەکدارەکانە لە دژی سوپا و بەڕێوەبەرایەتیکردنی هێزە چەکدارەکانە لە شارەکەدا.

 

"کاریگەری جددی لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان هەبووە"

ڕەهام عەودە ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕی ئەو شارە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران ژن و منداڵ و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەوانەش بەربەستی هەمیشەیی شەڕەکە بووە هۆی برینداربوونی سەخت، کاریگەری جددی لەسەر بارودۆخی ژیانی ژنان و منداڵان هەبوو، بەتایبەت بەهۆی بەردەوامی برسێتی لە باکوور ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی وەک کەمخوێنی و هەوکردنی جگەر دەبینەوە، هەوڵە پزیشکی و مرۆییەکان ڕێگرییان لێدەکرێت، ژنانی دووگیان لە بابەتی تەندروستیدا هاوکاری پێویست وەرناگرن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ژنانی دووگیان منداڵەکانیان لەدەست بدەن, ژنانی دووگیان ناچارن بەدوای شوێنێکی سەلامەتدا بگەڕێن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لەدایک ببن، لە هەمان کاتدا هەزاران منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون.

 

"ژمارەیەکی زۆر ژن دەستگیرکراون"

ڕەهام عەودە تیشکی خستە سەر ئەوەی لە کاتی شەڕدا ژنان لە سەرەتاییترین مافی ئاوی پاک بێبەش دەکرێن، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا و چەندین نەخۆشی دیکە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەستبەسەر کراون و ئەو ژنانەی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرن، تووشی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبن، بەهۆی شەڕەوە دەروونی ژن و منداڵ دەشێوێت، نیشانەکانی زەبر و زەنگی جەنگیش لە زیادبووندایە.