"کوشتنی ژنێک کوشتنی ناسنامە و گەلی کوردە"

داگیرکاران ئامانجیانە لە ڕێگەی تیرۆرکردنی ژنانی ئازادیخوازەوە، ناسنامەی گەلی کورد بسڕنەوە، بەڵام ژنانی ئازادیخواز دەڵێن: ژنێک شەهید ببێت هەزاران ژن درێژە بە خەباتی دەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستان دوژمنان و داگیرکاران بەردەوامن لە هێرش و داگیرکارییەکانیان، لەناو جەرگەی شارەکانەوە ئازادیخوازان و ژنانی تێکۆشەر دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن، ئازادیخوازان و ژنانی تێکۆشەریش ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە دوژمنان هەوڵی تیرۆرکردنی ناسنامەی کورد بدەن لە ڕێی کوشتنی ژنانەوە، بەڵام ناتوانن ڕێگە بە خەباتی چەندین ساڵەی ژنانی کورد بگرن.

 

"ئێمە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەڵامی دوژمنان دەدەینەوە"

ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی تیرۆرکردنی ژنان لە باشووری کوردستان بە تایبەت ژنانی سیاسەتمەندار ئاماژەی بەوەکرد، تێکۆشانی ژنان تێکۆشانە بۆ ئازادی وڵات و نەتەوە، هەر بۆیە دوژمن بەردەوام چاوی لەسەر ژنانی ئازادیخوازە، وتیشی: کاتێک دەڵێین ژن واتە نەتەوە، وە کاتێکیش دەڵێین نەتەوە واتە ژنی ئازاد، دوژمن هەمیشە ئامانجی کورد و ژنی ئازادیخوازە ئەو ژنانەی بە شوێن ناسنامەی خۆیانەوەن.

 

وەک نوێنەری کۆنگرەی ستار باسی لەوەکرد، تێکۆشانی ئەوان بە تێکۆشانی ١٢ ساڵەی تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەناسرێت، دەربارەی تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالید، لە ١٨ی کانوونی دووەم لە شاری کەرکوک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، دڵنیایی ئەوە دەدات کە دوژمن ناتوانێت بەو هەوڵی تیرۆرانە بەر بە تێکۆشانی ژنان بگرێت.

 

"ژنێک تیرۆر بکرێت بە هەزاران ژن درێژە بە تێکۆشانەکانی دەدەن"

ڕۆزا حەسەن، ئاماژەی بەوەکرد، دوژمن هیچ کات ناتوانێت بە تیرۆرکردنی ژنێکی ئازادیخواز ڕێگە لە خەباتی چەندین ساڵەی ژنان بگرێت، بەڵکو پێویستە دوژمن بزانێت هەر ژنێکی ئازادیخواز کاتێک تیرۆر دەکرێت، بە هەزاران ژن جێگەی دەگرنەوە و تێکۆشانی ئەو ژنانە بەرز دەکەنەوە و دەبنە وەڵامێک بۆ دوژمنان ئەوەش بە بەرزکردنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەبێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، پرسی نەتەوە و ژن یەک پرسە، بەهۆی ئەوەی لەناو هەرێمی کوردستان دوژمنان سیاسەتیان پەیڕەو دەکەن و هێرش دەکەنە سەر ناسنامەی کورد، بۆیە ژنان زیاتر دەکرێنە ئامانج.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە تێکۆشان بۆ ژنان و گەلی کورد دەکەین و ناشبێت هیچ کات سڵ لە دوژمن بکەینەوە، بۆیە گەلی کورد و ژنان پێویستە بزانن تیرۆرکردنی ژنێک تەنها تیرۆرکردنی یەک ژن نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی نەتەوە و ناسنامەی کوردە، بۆیە پێویستە دەنگیان بەرز بکەنەوە و بە ڕووی داگیرکارییەکاندا بووەستنەوە.