"ژنان زۆرترین کاریگەری بارودۆخی ململانێیان لەسەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی ململانێکان و کێبڕکێی نێودەوڵەتی، بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە، پێویستە ناوچەکە بگاتە دۆخی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و داڕشتنی سیستمێکی ناوچەیی کە توانای جوڵاندنی ناوچەکە هەبێت لە دۆخی پارچەپارچەبوونەوە بۆ بنیادنان.
حەنان حارت
مەغریب- ژنانی چالاکوان هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەرتی غەززە ئیدانە کرد و بە "جەنگ دژی مرۆڤایەتی" بەناویان کرد، لەگەڵ ئاماژەدان بە یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان، جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە دەستبەجێ ئیسرائیل لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێت.
هیند مومەیز، چالاکی سیاسی و داکۆکیکاری مافی ژنان، ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و وتی: کردەوەی نامرۆڤانە هەیە کە ئیسرائیل لە دژی گەلی فەلەستین ئەنجام دەدات بە ئامانجی لەناوبردنیان و سڕینەوەی ناسنامەکەیان. ئەمە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بەردەوام ڕوودەدات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی گرژیی سیاسی و ململانێی چەکدارییە، هەروەک چۆن لە سووریا، فەلەستین، عێراق و یەمەن ڕوودەدات و بوونەتە جێگای ململانێکان، کە بە هۆی دەستێوەردانی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا کاریگەرییان لەسەر بووە.
"بوونی ژنان بەردەوامیی گەلی فەلەستینە"
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا ڕوویداوە، ژنان باجێکی زۆریان داوە، بەو پێیەی ڕووبەڕووی دیلبوون و بەکارهێنان و دەستدرێژی کردن بوونەتەوە، وەک ئەوەی لە عێراقدا بەکرێگیراوانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەیەک و ژنەکان دیل کران، ئەمەش لە ئەنجامی ململانێ چەکدارییەکانی نێوان مەزهەبەکان بوو، کە دەوڵەتێک بە دامەزراوە دەستوورییە لاوازەکانەوە دامەزرا، لە خراپترین ئەنجامەکانی شەڕەکەدا کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن و دیلکردن بوو کە لەسەر ژنانی ئێزیدی لە عێراقدا پراکتیزە دەکرا، زلهێزەکان هەموو ململانێکانی ناوچەکە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر سەرچاوەکانی ئەو وڵاتانەدا بگرن و ئابوورییان کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەیە.
سەبارەت بەو شەڕەی کە لە کەرتی غەززە ڕوویدا، هیند مومەیز وتی: لە ساڵانی چلەکانەوە گەلی فەلەستین لە ئەنجامی داگیرکردنی خاکەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژی و بەرخۆدان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی و ڕزگارکردنی بەردەوامە، ڕۆژئاوا پشتگیری لە پلانەکانی ئیسرائیل دەکات، چونکە پشت بە کوشتن و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ دەبەستێت بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی تەواوی خۆی بەسەر هەموو زەوی فەلەستینییەکاندا، بۆردوومانکردنی ژنان و منداڵان زیاترە لە تاوانی جەنگ، بەو پێیەی بە ئامانجکردنیان لەناوبردنی دۆزی فەڵەستینییە، چونکە بوون و بەردەوامیی ژنان بە مانای بەردەوامیی گەلی فەلەستینە.
"ژنان بەرکەوتووی سەرەکی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن"
مەلیکە زەخنینی، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی سوڵتان مەولای سلێمان و نوێنەری پەرلەمان باسی لەوەکرد، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیدانێکی بۆ ململانێ و کێبڕکێی نێودەوڵەتی کردووەتەوە و بووەتە جێگای گەرمی گرژیییەکان، وتیشی: پرسی فەلەستین یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکان بەهۆی فرەیی لایەنە دەستێوەردانکارەکان، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی زیاد دەکات، پرسەکە پەیوەستە بە گرەوەکانی دەسەڵاتی هەر لایەنێکەوە، کە تەنانەت بەرەی ناوخۆی فەلەستین کاریگەری لەسەر دروستکرد و تواناکانی لاواز کردووە.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەو هەلومەرجەی ژنان لە شوێنە جێناکۆکەکانی وەک فەلەستین، سووریا، یەمەن، سودان و عێراقدا ئەزموونی دەکەن، مەلیکە زەخنینی ڕوونیکردەوە، "ناوچە جێناکۆکەکان بە هەڵپەساردنی کۆمەڵێک ماف و ئازادی ناسراون بۆ ئەوانەی کە تێیدا دەژین، کە پەیوەندی بە تێکدانی بارودۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە هەیە، ئەمەش هەموو دانیشتوانەکەی دەگرێتەوە، بەڵام زیاتر کاریگەرییان لەسەر ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان هەیە، کە دوو هێندە بەرکەوتووی دەرئەنجامی ململانێکان دەبن، بەبێ ئەوەی لایەنێکی ڕاستەوخۆی ململانێکان بن، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان لە ئەستۆ دەگرن و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی زیندانییەکان و دەستبەسەرکراوەکان دەکەن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، پێوەرەکانی ئەمڕۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا دوورە لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری، کلیلی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕێککەوتوو بۆ پرسی فەلەستین کە گەرەنتی ئاشتییەکی بەردەوام دەکات، هەروەها گەرەنتی ئاشتی لە ناوچەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە بێلایەنکردنی دەستێوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەم هەرێمە ستراتیژییە لە بنەمای بەرژەوەندی هەموو زلهێزەکان، پیویستە هەرێمەکان لەناو دۆخێکی سەقامگیری سیاسی و ئابووریدا بن و لایەنەکان بگەنە داڕشتنی سیستەمێکی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە توانای گواستنەوەی ناوچەکەی لە دۆخی پارچەپارچەبوونەوە بۆ قۆناغێکی بنیادنانی هەبێت.