"تێکۆشان لە دژی داگیرکاری ڕێگای سەرکەوتنە"

مەنیجە حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ، لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکەوە وتی، کە داگیرکاریی تورکیا ژیانی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەل و بەهاکان لەناوببات

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەردەوام باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆپباران دەکات و لەم هێرشانەی دواییدا بە قورسی هێرشی کردووەتە سەر ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و وێستگە نەوتییەکان و ژیانی هاوڵاتیان، دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئیرادەیەکی زۆرەوە لە دژی ئەو ‌هێرشانە لە بەرخۆدانی گەورەدان.

 

"یارییەکی پیس لەسەر ئیرادەی گەلی خۆڕاگرمان دەکرێت"

مەنیجە حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆ باسی لە یارییەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ دەوڵەتانی نێودەوڵەتی کرد و وتی: ماوەی چەند ڕۆژێکە لە دۆخێکی سەختداین و هێرش و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی سنووردار نەکراوە، ئێمە دەزانین کە جارێکی تر یاریەکی پیس لەسەر ئیرادەی گەلی خۆڕاگرمان داڕێژراوە و دەوڵەتانی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن، بۆچی دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان؟ ئایا بەس نییە کە ئێمە جیهانمان لە پیسی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد؟ ئێستا دەستیان پێکەوە گرتووە و دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و بەهاکانمان لەناوبەرن، دەوڵەتانی نێودەوڵەتی هەمووی ئاگاداری ئەو هێرشانەن و ئەگەر ئەوان ڕێگەنەدەن ئەوا دەوڵەتی تورک ناتوانێت هێرش بکات.

 

"هێرشەکان هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە دەکەنە ئامانج"

مەنیجە حەیدەر، تیشکی خستەسەر یەک پارچەیی گەلی هەرێمەکە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: دەوڵەتی تورک لە چەکێکی بچوکەوە بۆ چەکی کیمیایی هەموو جۆرە چەکێکی لە هەرێمەکەمان بەکارهێناوە، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە لەسەر خاکەکەمان بژین، بۆچی دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر شوێنە خزمەتگوزارییەکان؟ ئایا لەوێ سەرباز هەیە، نا، هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی ژیانێکی ناچار بهێلێتەوە، ئێمە کۆیلەی هیچ کەسێک نین و پشتمان بە دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان نەبەستووە، چونکە زۆرجار بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەیسی خەڵکیان فرۆشتووە، ئێمە بە ئەم دەوڵەتانە دەڵێین خاکەکەمان بەجێناهێڵین، ئەم هێرشانە نەک تەنها کورد بەڵکو عەرەب و سوریی و ئەرمەن و ئێزدی و هەموو ئەو گەلەی لەسەر ئەم خاکە دەژین، دەکەنە ئامانج، دوێنێش بینیمان کە چۆن ناوەندەکانی کریستیانەکان و گوندەکانیان کراونەتە ئامانج لە ناوچەی تربەسپی، ئەم هێرشە زیان بە هەموو خەڵکی ئەم هەرێمە دەگەیەنێت، دەوڵەتی تورک ژیانی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج.

 

"ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە پاراستنی خاکمانە"

مەنیجە حەیدەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری بۆ سەر هەرێمەکەی شەرمەزار کرد و لە کۆتاییشدا وتی: ئەمڕۆ لە ڕۆژانی سەرهەڵدان و هەبووندا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدان دەکەین، ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە خاکەکەمان بپارێزین، کۆبانێ بووەتە دەرد و ئازار بۆ دەوڵەتی تورک، بۆ ئەوەی توڕەیی خۆی نەهێڵێت چاوی بڕیوەتە سەر داگیرکردنی کۆبانێ، بەڵام با بزانێت کە وەک چۆن لە کۆبانێ داعشەکەیمان تێکشکاند، ئەوا ئەویش تێکدەشکێنین، لە تۆپبارانەکانی ئەردۆغان ناترسین و خاوەنی هێزێکی دەوڵەمەند و مێژووی خەباتین و هێزی ئێمە گەلی ئێمەیە.