"دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەکەینە سەرکەوتنی هەموو ژنان"

ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوا، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی سەر شۆڕشی ژنان کرد و وتی: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەکەینە سەرکەوتنی هەموو ژنان.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- سەرکەوتنی ژنان لە بوارەکانی شۆڕشدا لەسەر بنەمای خەباتێکی درێژخایەن دامەزراوە. ئەمڕۆ ژنانی خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز گەیشتوونەتە ئاستێکی بەهێزی شۆڕشەکەیان و بەهاکانیان لە هەموو جۆرە هێرشێک دەپارێزن. هەرچەندە ئەم شۆڕشە پەلەکانی فراوانتر کردووە و ئەمڕۆ بووەتە شۆڕشێکی جیهانی ژنان، بەڵام دوژمنانی ئەم شۆڕشە لە پرۆسەی لەناوبردنیدان.

 

لەوبارەیەوە ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانی سەر شۆڕشی ژنان و خەباتی ژنانی هەڵسەنگاند و وتی: ئەو پلان و هێرشانەی کە دەکرێتە سەر کوردستان بەگشتی کردەوە و کۆمەڵکوژییە، شەڕی تایبەتیش وەک بەئامانجکردنی ئیرادەی گەل پێناسە دەکەین. عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای جینۆسایدی گەلی کورد بەشێوەیەک دامەزراوە کە هەموو چەکی قەدەغەکراوی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کورد بەکاردەهێنێت، ئێستا دەچینە ناو ساڵێکی نوێ و سەدەی پەیمانی لۆزان کۆتایی دێت، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت خۆی بکاتە پاڵەوانی سەدەی ٢١ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەم هێرشانە میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە و سەرکەوتنەکانی خۆی پێشکەش بە جیهان بکات. ئیرادەی کورد تا ئەمڕۆش ڕێگە نادات دەوڵەتی تورکیا بەم سەرکەوتنانە دڵخۆش بێت، چونکە وەڵام و خەباتێکی بەهێز لە دژی ئەوان بەڕێوەدەچێت. هەرچەندە دڕندەیی بەرامبەر کورد کراوە، بەڵام هەمووان بێدەنگن. دەتوانین ئەم شەڕە درێژخایەنانە بە شەڕی داعشەوە ببەستینەوە، ئەو عەقڵیەتە پیسە چەندە ویستویەتی ئیرادەی شۆڕش تێکبشکێنێت، ئەمڕۆ خەباتی ژنان سیمبولی ژنانی جیهانە. بە دروشمی "ژن ئازادی دەژین" ئێمەی ژنان جێپەنجەی خۆمان لەسەر مێژووی هاوچەرخ بەجێهێشت.

 

"شۆڕشی ژنان بووەتە شۆڕشێک بۆ ئازادیی هەموو کۆمەڵگەکان"

ڕەمزیە محەمەد سەرنجی بۆ خەباتی ژنان لە دژی کردەوەکانی دەسەڵات ڕاکێشا و وتی: شۆڕشی ژنان لە ئاستی ڕۆژئاوای کوردستاندا نییە، ئەمڕۆ دەبینین نزیکەی دوو مانگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک لە مەیدانەکانی خەباتدان دژی توندوتیژی سەر ژنان. ڕاستە توندوتیژی بە تایبەتی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە توندی دژی کۆمەڵگەش ئەنجام دەدرێت. ڕەنگە بێدەنگییەکی بەرچاو لە جیهاندا هەبێت سەبارەت بە پرسی ژن، بەڵام ئیرادەی گەل بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ دەبێت. خەباتی ژنان ناسنامەی ئەوانە، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک خاوەنداری لە شۆڕشەکەمان بکەین، شۆڕشی ئێمە بووەتە شۆڕشێک بۆ ئازادیی هەموو کۆمەڵگەکان و دەبێتە شۆڕشێک بۆ ئازادیی هەموو جیهان.

 

سەبارەت بە بەئامانجکردنی ژنانی تێکۆشەرەوە ئەو وتەبێژە ئاماژەی بەوەدا ژنانی تێکۆشەر دەکرێنە ئامانج، چونکە کاتێک ژنان توانیان خۆیان ڕێکبخەن و ئەرکێکیان هەبێت لە شوێنەکانی بڕیارداندا قۆڵی خۆیان بەرامبەر داگیرکەران و داگیرکاری بەرز بکەنەوە، ئەوا هێزە باڵادەستەکان ژن وەک هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەبینن، ئەوان دەیانویست بنەمای شۆڕشەکەمان بە ئامانجگرتن لاواز بکەن و لە ڕێگەی ژنانی پێشەنگەوە کۆمەڵکوژییەک ئەنجام بدەن، بەڵام ژنان ئەمەیان قبوڵ نەکرد.

 

"با تێکۆشانمان بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕشەکەمان بێت"

لە کۆتاییدا ڕەمزیە محمد داوای یەکڕیزی و تەبایی نێوان ژنان کرد و وتی: ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە گرنگە یەکڕیزی و سەرهەڵدانی بەهێزی ژنانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین و ئەم قۆناغە بوون و نەبوونی ئێمە دیاری دەکات،  شۆڕشی خۆمان گەیاندووەتە ئاستێکی باڵاتر و هەمووان دەمانناسن، هەر بۆیە لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نزیک دەبینەوە، ٢٥ی ئەم مانگە، با ئەم ڕۆژە بەهێزتر بکەین بە هاوسۆزی هەموو ژنان، با تێکۆشانمان بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕشەکەمان بێت و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکەینە سەرکەوتنی هەموو ژنان لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.