ژنان: لە سەدەی ٢١دا کورد کیمیاباران دەکرێت و جیهان بێدەنگە

بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە چیاکانی کوردستان ١٧ گەریلای ئازادیی گیانیان بەختکرد، یەکێک لە شەهیدەکان خەڵکی شاری سلێمانی بوو بە ناوی پەیام عەبدوڵا، ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە و ژنانی باشووری کوردستانیش ئیدانەی دەکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، چەندین ساڵە لە چیاکانی کوردستان بەردەوامە و لەمساڵدا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە، لە جیهاندا چالاکی جیاواز بۆ ڕێگریکردن لە دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت، بەو ئامانجەی کۆمەڵگە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگی بشکێنن و پشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن تورکیاوە ڕابگرن.

 

ژنانی باشووری کوردستان لە لێدوانەکانیاندا بۆ ئاژانسی نوژنها باس لە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و ئاماژەیان بەوەدا کە دوای ٣٤ ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و کورد کیمیاباران دەکرێت.

 

دوای ٣٤ ساڵ هێشتا کورد کیمیاباران دەکرێت

چرۆ شوانی، پارێزەر، باس لەوەدەکات دوای ٣٤ ساڵ دووبارە لە چیاکانی کوردستان هەمان کارەساتی هەڵەبجە ڕوودەداتەوە دژ بەم گەلە و خاک و نیشتمانە، بە سنور بەزاندن و بەکارهێنانی چەکی قورسی کیمیایی، وتیشی: پێویستە گەلی کورد ئەم بێدەنگیە قبوڵ نەکات، چونکە ئەگەر لە ڕابردوودا بمانوتایە هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستتدا نییە و تەنها چەند کورتە ڤیدیۆیەکە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە تۆمار کراون، بەڵام ئێستا لە سەدەی ٢١ داین و هەموو میدیاکان بەڵگە نیشان دەدەن، بەڵام هێشتا بێدەنگی هەیە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە.

 

چرۆ شوانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە پێویستە چیدیکە گەلی کورد لێک دوور نەکەوێتەوە و بێدەنگی قبوڵ نەکرێت، چونکە بۆمان ڕوونبووەتە کە کەس لە پشت گەلی کورد نییە، تەنها یەکڕیزی و یەکێتی گەلە کە دەتوانێت بێدەنگی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بشکێنێت، "ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەی کورد زۆر گرانترە، پێویستە هەوڵی خۆمان بدەین و بێ جیاوازی بیروڕا و ڕەنگەکان یەکدەنگ بین، ئەگەرنا هێرشەکان درێژەیان هەیە و نەک تەنها چیاکان، بەڵکو لە شارباژێر و زرگوێز ئێران و تورکیا هێرش دەکەن".

 

"حزب و دەسەڵاتدارانی کورد نەیانتوانیوە یەکبگرن "

فاتمە حامید، ئەندامی دایکانی ئاشتییە لە باشووری کوردستان، باس لەوە دەکات کە داخێکی گرانە هێرشەکان دووبارە لەسەر گەلی کورد بەردەوامە، تا ئێستا حزبو دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە یەک دەست بن، وتیشی: دوژمنی کوردان هەمیشە لەسەر پرسی کورد دەبنە یەک و پێکەوە دژی کورد یەکدەگرن، بۆیە من لە حزب و بەرپرسەکان دەپرسم لەبەرچاوی دنیاوە دوژمنی کورد خۆیان ڕێکدەخەن، ئایا ئێوە شەرم ناکەن کە یەکناگرن، ناترسن ئێوەش بەر شاڵاوی هێرشی دوژمن بکەون، بەتایبەت قەڵەم فرۆشان و مینبەر فرۆشان، دەبێ دەسەڵات ڕێگە نەدات کیمیایی بەسەر گەلی کورددا بەکاربهێنرێت.

 

"ئەگەر کورد نەبێت بە یەک، لەناودەچێت یەک بە یەک"

فاتمە حامید زۆر بە حەسرەتەوە داوا لە دایکان دەکات دەست بخەنە ناودەست و بەرگەی داگیرکەر بگرن و خوێنی شەهیدان بە فیرۆ نەچێت، وتیشی: ئێمەی دایک ژینگەدۆستین و دارمان چاندووە، بۆ ئەوە نەبووە کە دوژمن بیبڕێتەوە، بڕینەوەی دارێک واتای بڕینی هەناسەی کوردانە، کیمیابارانکردنی ژینگەکەمان لەناوبردنی نەوە بە نەوەی کوردە، ئێمە لێرەوە سەری ڕێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنین و بە دۆست و دوژمن دەڵێنن چەک و هێز و کیمیایی ئێوە هێزی گەلی کورد ناشکێنێت، کوردیش هەر لەسەرپێ دەبێت.