ڕێزان شێخ دلێر: حیزبە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بوونەتە لایەنگری ڕەوتە جیاوازەکانی عێراق

چەندین ململانێی سیاسی لە عێراقدا ڕوودەدات، لەبری ئەوەی ماڵی کوردی ئەمە بە هەلێک بزانێت و بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی، کەچی بوونەتە دوو بەرە لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی خۆیاندا و ناکۆکییەکانیش پەل بۆ سەرۆک کۆماری ڕادەکێشن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەستێوەردانی دەوڵەتانی زلهێز و وڵاتانی دراوسێ لە سیاسەت و حکومەتی عێراقی بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ئەو دۆخەی ئێستا تێیکەوتووە، هەرچەندە دەبوو حیزبە کوردییەکان بەم لێکترازانەی باڵەکانی شیعە هەوڵی چەسپاندنی خۆیان بدەن لە عێراق و بەغدا، ئەویش لە ڕێگای یەکگرتنیانەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ململانێ لە نێوانیاندایە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامی هەیە.

 

گرژییەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٥ تەمووزەوە دەستیپێکرد، کاتێک چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان ڕایانگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕۆژی دواتر ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی سەدر دژ بە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و چوونە ناو بینای ئەنجومەنی نوێنەران و وێنەی موقتەدا سەدریان بەرزکردەوە.

 

بەرەی سەدر بەو پێیەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بەدەستهێنا ئامانجی ئەوەبوو لەگەڵ هاوپەیمانە سوننی و کوردەکاندا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت و حکومەتێکی زۆرینەی نەتەوەیی پێکبهێنێت، بەڵام لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیی و فراکسیۆنە لایەنگرییەکانی ئێرانەوە ڕەتکراوەتەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیە وایکرد سەدر چەند هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراو هەڵبگرێت، لەوانەش کشانەوەی لە پەرلەمان و دروستکردنی خۆپیشاندان و گواستنەوەی پەرلەمان بۆسەر شەقام و شەقامیش بۆ نێو پەرلەمان.

 

دۆخی کورد لە بەغدا لە سایەی حزبە نوێنەرەکانەوە لە دۆخی عێراق باشتر نییە، لەناو ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانیشدا، حزبە کوردییەکان لەپێناو بەرژەوەندی حزبییاندا کەم جار دەبینیت لە بەغدا کۆدەنگ بن، بەڵکو هەمیشە لەناو ناکۆکیی و بەرەی دژبەردان و ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریش نمونەیەکی بەرچاوە، لەناو ئاڵۆزییەکانی نێوماڵی شیعەکان، حزبە کوردییەکانیش بوونەتە چەند بەرەیەک و هەر حیزبێک و لایەنگری ڕەوتێکی عێراقی دەکات.

 

"پەرتەوازەبوونی ماڵی شیعە بووە هۆی پەرتەوازەبوونی کورد"

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی عێراق، لە لێدوانێکیدا باسی لەوەکرد کە، ئێستا عێراق کێشەی تێدایە لە نێوان عەشیرەتە جیاوازەکاندا، هەریەک لە لایەنەکانی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هەردووکیان سەربە شیعەن، زۆرترین ڕێژەی لایەنگریان هەیە لە عێراق، کاتێک پەرتەوازەبوون لە ماڵی شیعەدا ڕوویدا بووە هۆکار بۆ ئەوەی حیزبە دەسەلاتدارەکانی کورد، پارتی و یەکێتی لایەنگری کوتلە جیاوازەکان بکەن، واتە پەرتەوازەبوونی ماڵی شیعە بووە هۆی پەرتەوازەبوونی کورد.

 

ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت: ئەم پەرتەوازەییە وایکرد کوردەکان خۆیان نەتوانن بریارێک بدەن لە بەرژەوەندی کورد بێت، چونکە ئەوەی کە کراوە وەک چونە سەر پەرلەمان و دەرگا داخستنی پەرلەمان پێشێلکارییە بەرامبەر دەنگی هاوڵاتیان، کۆی گشتی ئەمانە وایکردووە ئێستا کورد و سونە ناتوانن بڕیارێکی سەربەخۆیانە بدەن، هەروەها کورد لە یەکخستنی ماڵی شیعەدا هیچ ڕۆڵێکی نەبوو، لە کاتێکدا دەیتوانی بە یەکگرتنی خۆیان هەوڵی یەکخستنەوەی ماڵی شیعەش بدات.

 

"کورد لە بەرامبەر دەستبەرکردنی دەستوور دەبوایە یەک دەنگ بوایە"

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا کورد بەشێکە لە عێراق و بەشێکی بودجەی لە عێراقەوە بۆ دابین دەکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت سەرۆک کۆمار کورد بێت بەشداری حکومەت بکات، دەبووایە بیانتوانیایە بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە بکەن، ئەگەر بۆ هیچ یەکێک لەو هۆکارانەش نەبێت بە هۆکاری جێبەجێکردنی دەستور دەبوایە مافەکانی خۆی بەدەستبخات.

 

ڕوونیکردەوە کە ڕەنگە بە ڕووکەش لایەنە کوردییەکان لەگەڵ یەکێک لە لایەنەکاندا بن، بەڵام ناوێرن بیسەلمێنن کە لەگەڵ ئەواندا نین وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە بەشێک لەو هەوڵوێستانەی لایەنە شیعەکان ئەنجامی دەدەن پارتی هەرچەندە بە دڵی نییە، بەڵام دەسەڵاتی نییە هیچ بڵێت، ناشتوانن بڵێن کە ئێمە لەگەڵ ئەو ڕێگە نایاساییانەدا نین کە ڕەوتی سەدر گرتوویەتییە بەر.

 

"حیزبە کوردەکان لە بەرژەوەندی خۆیان لە عێراق بوونەتە دووبەرە"

ڕێزان شێخ دلێر، جەختی لەوەکردەوە کە ئەم دۆخەی عێراق بەرژەوەندی حیزبایەتییە، بابەتەکە کورد نییە بەڵکو حیزبە، وتی: ئەگەر بابەتەکە کورد بوایە دەبوایە حیزبەکان بە یەکگرتووی لە بەغدا دەنگیان هەبووایە سەرەڕای بوونی کێشە ناوخۆییەکان، چونکە کورد لە کوردستان خودی خۆی حکومەتی داڕشتووەتەوە کاتێک دەیەوێت بەشداری حکومەتی عێراق بێت و دەنگی هەبێت نەدەبوو ببنە دووبەرە، بۆ ئەوەی مافەکانیان بەدەست بهێنن، ئەمەش نەک تەنها ویستی حیزبە کوردییەکانە، بەڵکو کاریگەری دەوڵەتانی دراوسێیە لەسەر ئەو حیزبانە، چونکە دەوڵەتانی دراوسێ دەستیان هەیە لە تێکچوونی دۆخی عێراقدا وە ئەوەندەی حیزبە عێراقی و کوردەکان بە پێی پەیڕەوی ئەو سیاسەت دەکەن بە پێی پەیڕەوەکانی خۆیان سیاسەت ناکەن.

 

وەک باسی لێوەکرد، حیزبە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان کێشەی ناوخۆی خۆیان بۆ چارەسەر ناکرێت، نەک ئەوەی یەکگرتووبن لە بەغدا، وە دەبوایە ئێستا ئامادەکاری بکرایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام وەک دەبینین ناگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، گەل لە حکومەت و دەسەڵاتدا هیچ ڕایەکی وەرناگیرێت و لە بەرژەوەندی گەل نییە بڕیارەکان.

 

بۆچی کوردەکان ململانێیانە لەسەر پۆستی سەرۆ کۆمار؟

لە وەڵامدا ڕێزان وتی: لە دوای داڕشتن و ڕێکخستنی پەرلەمان ئەوەی کاری بۆدەکرێت پۆستی سەرۆک کۆمارە، هەمووان ئاگادارن کە پەدەکە لەگەڵ ڕەوتی سەدردا و یەکێتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەمیشە کاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی ململانێیەک لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە یەک دەنگ نین و لەگەڵ بەرژەوەندی و دەنگی گەل نین، ناتوانن سەرۆک کۆمار دیاری بکەن بەڵکو سەرۆک کۆمار بە پێی حیزب دیاری دەکرێت.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، تا ماڵی کورد لە بەغدا یەکبێت کورد دەتوانێت پێگەی خۆی بسەلمێنێت، ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ٢٠١٠ کورد لە بەغدا بەهۆی ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی زیاتر بوو هەروەها ڕێگەیان نەدابوو کێشەکانی ناوخۆیی کاریگەری بکاتە سەر یەکگرتووییان لە بەغدا، توانیبوویان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە کەمێک ناکۆکی لە ماڵی کوردیدا هەبوو تا ٢٠١٨ بەڵام دوای ئەو ساڵە ماڵی کوردی تەواو پەرتوازە بوو، چونکە ئەوکاتەش کێشەیان لەسەر سەرۆک کۆمار هەبوو، ئەم پەرتەوازەییە وادەکات ژمارەی کورسییەکان کەمبێتەوە، بۆیە داواکارییەکان جێبەجێنابێت، چونکە هەر لایەنە و بە ویستی خۆی داواکاری دەکات و داوای ماف دەکات.

 

"دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتی پەدەکە دەکات نەک ڕەوتی سەدر"

دەربارەی ئەوەی کە تاچەندێک دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتە زلهێزەکان پاڵپشتی موقتەدا سەدر دەکەن ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت: ئەوەندەی دەوڵەتە زلهێزەکان پاڵپشتی ڕەوتی سەدر دەکەن ئەوەندە تورکیا پاڵپشتی ناکات، بە جۆرێک بەریتانیا داڕێژەری پڕۆگرام و سیاسەتی ڕەوتی سەدرە نەک تورکیا.

 

"بە پێچەوانەوە سیاسەتی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادایە، بەوەی کە ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و سنورەکانی تێپەڕاندووە بێدەنگی هەیە، بەجۆرێک کە لە دواترین هێرشیدا زیانی گەیاند بە ناوچەیەکی گەشتیاری و چەندین هاوڵاتی و هاوڵاتیانی عێراق زەرەرمەند بوون، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراقی بێتە دەنگ و داوای قەرەبوو بکاتەوە لە بەرامبەر ئەو زیانانەدا، بەڵام تا ئێستا دیار نییە پەدەکە و حیزبە سیاسییەکان تا چەند پاڵپشتی بڕیارەکانی عێراق دەکات لە بەرامبەر تورکیادا کە دەریکردووە، بەڵام ئەگەر بەم جۆرەی ئێستا بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، تورکیا بەردەوام دەبێت لە بۆردوومانەکانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان.

 

"حیزبە سیاسییەکان دەبێت لێبوردەبن بەرامبەر یەکدی تا ماڵی کورد یەکبخرێت"

لە کۆتایدا ڕێزان شێخ دلێر بە پێویستی دەزانێت لە هەرێمی کوردستان، یەکگرتووانە حیزبە سیاسییەکان ڕووبکەنە بەغدا و حکومەتی عێراقی، لەبەر ئەوەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە شۆڕشێک هاتووەتە بەرهەم بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لێبوردەبن بەرامبەر یەکدی تا ماڵی کورد یەکبخرێت.