"بێدەنگی دەوڵەتە زلهێزەکان لە ئاست هێرشەکانی تورکیا سەردەکێشێت بۆ کۆمەڵکوژی"
دەوڵەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا شکست دەهێنێت و بۆ هێنانەوە مایەی شکستەکەی، هێرش دەکاتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: ئەم هێرشانە سەردەکێشێت بۆ کۆمەڵکوژی.
شیرین ساڵح
سلێمانی- لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەوڵەتی تورکیا بە چڕی هێرش دەکاتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و مزگەوتێکی لە کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخموور لە باشوور و دەیان بنەکە و ناوەندی مەدەنی لە نەخۆشخانە، قوتابخانە، وێستگەی کارەبا و ئاو و ناوەندی دیکەی کردووەتە ئامانج، لەو هێرشانەدا دەیان کەس لە ژن و منداڵ و پیاو بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا، لەوانە، لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندی بەشیرەی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی زەرگانی حەسەکە، پێنج ژن، کە لە ناو زەوییە کشتوکاڵییەکانی پەموودا کاریان دەکرد بریندار بوون، دوو منداڵ لە عەین عیسا بەهۆی بۆردوومانەوە گیانیان لەدەستدا و فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بۆردوومانی ئەکادیمیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردووە لە دێرک و لە ئەنجامدا ٢٩ ئەندامی ئاسایشی ناوخۆ لە بەشی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر شەهید بوون و ٢٨ ئەندامی تر برینداربوون.
"هێرشەکانی تورکیا لە ئەنجامی شکستی هێرشەکانی پێشوویەتی"
ڕووناک مەجید، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا هیچ کات نەوەستاوە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژائاوای کوردستان، بە بەردەوامی هێرش دەکات و هێرشەکانیشی بەپێ کات دەگۆڕێت و تا دێت قورستر دەبێت، چونکە کاتێک بەرخۆدانەکان و هەڵوێستی گەل زیاتر دەبێت، کاتێک دەبینێت گەلی باشوور و ڕۆژئاوا بەرەو پێشەوە دەڕۆن، وە کاتێ شکست دەهێنێت لە هەوڵێکیدا، بەشێوەیەکی جیاوازتر ئەو هێرشە دەکاتەوە سەر گەلی کورد.
"تورکیا ژێرخانی ئابووری ڕۆژئاوا دەکاتە ئامانج"
ڕووناک مەجید ڕوونی کردەوە، تورکیا لەبەر ئەوەی شکستیهێنا لەو پیلانەی بۆ کەرکوکی دانابوو ویستی ئاژاوەیەک لە باشووری کوردستان دروست بکات، بۆیە ئێستا هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە، بە هەمان شێوە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەمان کار دەکات و بۆ هەر پیلانێکی شکستخواردووی پیلانێکی جێگرەوەی هەیە، وە دەزانێت ڕۆژئاوای کوردستان لەم ماوەیەدا لە ڕووی ئابووریەوە پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، بۆیە هێرش دەکاتەسەر ژێرخانە ئابووریەکەی، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان ستاتۆیەکە توانای ئەوەی هەیە کە بەرگەی هەموو هێرش و داگیرکارییەک بگرێت.
"بە یەکگرتن دەتوانین ڕووبەڕووی هێرشەکان ببینەوە"
ڕووناک مەجید ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور بەهۆی بێ دەنگی هەندێک لایەنی سیاسیەوەیە کە بەرژەوەندییەکەی لەو بێدەنگییە دایە، بەڵام ئەم هێرش و بێ هەڵوێستییەی لایەنە سیاسییەکان نەبووەتە هۆی ساردکردنەوەی گەل و دەبینین بە چەندین شێواز ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەن، بێگومان بە یەکگرتن دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو هێرش و داگیرکارییەک ببینەوە.
وتیشی: دەوڵەتە زلهێزەکان بێدەنگن لە ئاست ئەو هێرش و داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان ئەنجامی دەدات، چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و ئەوانیش پشتگیری لە تورکیا دەکەن، لەبەر چەند بەرژەوەندییەکی ستراتیژی خۆیان لە ناوچەکەدا، ئەم بێدەنگیەش وا دەکات کۆمەڵکوژی ئەنجام بدرێت و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەڵوێستی خەڵک بەرامبەر بەو ڕێکخراوانەی دەڵێن مافی مرۆڤ دەپارێزین.
"دەبێت ژنان یەک هەڵوێست بن بەرامبەر داگیرکارییەکان"
ڕووناک مەجید لە کۆتایدا وتی: ئەو هێرش و داگیرکارییانەی دەکرێت تیایدا ژنان و منداڵ زەرەرمەندی یەکەمن، چونکە هەر ئەوان بازرگانیان پێوە دەکرێت و کۆمەڵکوژ دەکرێن، بۆیە دەبێت ژنان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بەرامبەر بە هەر هێرش و داگیرکارییەک، کە دەکرێتە سەر خۆیان و خاکیان، بۆ ئەوەی دووبارە تووشی ناڕەحەتی و دەربەدەرییەکی وەکو ئەنفال نەبنەوە.