ئاشورییەکان لەلایەن سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکەوە ڕێکدەخرێن

مادلین خەمیس، هاوسەرۆکی پارتی سۆرایای دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامانجی دامەزراندنی ئەو پارتەی هەڵسەنگاند.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بڵاوبووەوە، چەندین نەتەوە توانیان لەژێر چاودێریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و ئازادی ژنان بنیادنراوە، خۆیان ڕێکبخەن و ببنە خاوەن دەنگی خۆیان و مافیان هەبێت، نەتەوەی ئاشوری کە لە کەناری خابور لە سەرتاسەری تل تەمر کانتۆنی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاودەبنەوە، ئەنجومەنی پاراستنی خابووریان پاش تێکۆشانێکی درێژ دامەزراند، ئاشوورییەکان لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنیان لە شاری قامیشلۆ ئەنجامدا، مادلین خەمیس، هاوسەرۆکی پارتی سۆرای دیموکراتیک لەبارەی ئەم پرسەوە قسەی کرد.

 

"ناوی سۆرایا هەموو گەل و مەزهەبەکان دەگرێتەوە"

مادلین خەمیس ئاماژەی بەوەکرد کە ناوی "سۆرایا"ی پارتی سۆرای دیموکراتیک هەموو گەلانی ئاشووری کلدانی و  کلێسا و مەزهەبەکانی ئاشووری کلدانی لەخۆ دەگرێت و وتی: هەموو گەلەکانمان کە موسڵمانیش دەگرێتەوە، لە ژێر ترسی شمشێردا بوون و پارتەکەمان پشتیوانی لە هەموو خەبات و تێکۆشانی گەلانی چەوساوەی جیهان دەکات، کە داوای سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان دەکەن لە وڵاتەکانیان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حزبەکەمان دروستکردنی زەمینەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ پێچەوانەکردنەوەی کۆچکردن لە وڵاتانی دەرەوە بۆ وڵاتەکەیان و هەروەها دروستکردنی مەرج و دەزگا و ژیانی پێویست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.

 

خەباتی پارتەکە لە دژی چەمکەکان

مادلین خەمیس ئەو چەمکانەی بەبیرهێنایەوە کە پارتەکەیان دژیان دەجەنگێت و وتی: "پارتی سۆرای دیموکراتیک دژی چەمکە تەسکەکانی دواکەوتوویی و خێڵەکی و تایفەگەرییە، کار بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری ناسنامەی نەتەوەیی و ڕۆحی شۆڕشگێڕی و دیموکراتیک لە دژی هەموو شێواز و سیاسەتەکانی دەستدرێژیی ڕەگەزی و جیاکاریی دەکات، هەروەها لە دژی سیاسەت و دوژمنایەتی گەلانی دیکە دەجەنگێت و کار بۆ هاوکاری و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە دەکات".

 

گرنگترین ئامانجەکانی پارتەکە

مادلین خەمیس گرنگترین ئامانجەکانی پارتی سۆرای دیموکراتیکی ئاماژە پێکردو وتی: "یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی پارتەکەمان خەبات و تێکۆشانە بۆ بەدەستهێنانی مافە مێژوویی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان و بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی ئاشوری، هەروەها دروستکردنی یەکسانییە لە نێوان ژنان و پیاوان و پاراستنی مافەکانی ژنان، پارتەکەمان لەهەوڵدایە بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و ناسنامەی نەتەوەیی لە هەمان کاتیشدا حزبەکەمان بۆ ڕۆحێکی هاوبەش و خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە نێوان ئێمە و ئەو گەلانەی پێکەوە دەژین تێدەکۆشێت".

 

پارتی سۆرایای دیموکراتیک دەیەوێت چی بکات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا؟

مادلین خەمیس دەربارەی ئەوەی کە پارتی سۆرایای دیموکراتیک دەیەوێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بیکات وتی: "حزبەکەمان لە تێکۆشاندایە بۆ ئەوەی جیهان بە دادپەروەری و دۆزی گەلەکەمان بناسێت و بگاتە ڕای گشتی جیهان هەروەها دۆزی گەلەکەمان لەدامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرزدەکاتەوە".

 

"بۆ ئازادی ژنان و یەکڕیزیی گەلی تا کۆتایی تێدەکۆشین"

مادلین خەمیس لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "هێشتا ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا گرنگە وەک ژنانی ئاشووری سریانی مێژووی بەرخۆدانیان هەیە، هەندێکیان پاشا و شەڕڤانن، لەوانە ویداد و شەمیرام کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٥دا لە تل تەمر لە دژی داعش جەنگان و گیانیان لەدەستدا، بۆ ئازادی ژنان و یەکڕیزیی گەل و لایەنەکانمان تا کۆتایی تێدەکۆشین".