بەشداری ژنان و مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا

مافی هەڵبژاردن لە سیستەمی دیموکراسییدا بۆ هەموو کەسێکە کە مەرجی دەنگدانی هەبێت، بەشداریکردیش لە هەڵبژاردندا هەمان دیدگای هەیە، بەڵام هێشتا ژنان دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە لە بواری سیاسی و بەڕێوەبردندا ڕۆڵی کاراتریان هەبێت.

بێگەرد ئازاد

 

سلێمانی- هەڵبژاردن ئەو هەلە ڕەخساوەیە، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان کە مافی دەنگدانییان هەیە ڕۆڵی تیادا دەبینن، بە خواست و ڕەزامەندی گەل نوێنەرایەتی خۆیان دەنێرنە پەرلەمان و حکومەت لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێت، ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی دەنگدانەوە بەڕێوە دەچێت. مافی هەڵبژاردن لە سیستەمی دیموکراسییدا بۆ هەموو کەسێکە کە مەرجی دەنگدانی هەبێت، واتە بە بێ هیچ ڕێگری و جیاوازییەک هەموو هاوڵاتیان دەگرێتەوە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە هێشتا دیموکراسیەتی تیادا نەچەسپاوە، بەشێک لە هاوڵاتیان بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی یا نەتەوەیی یان ئاینی لە مافی دەنگدان بێبەش دەکرێن.

 

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا یەکەم خولی دەستپێکرد و لە ٢٠٢٣شدا خولی پێنجەمی کۆتایی پێهات، بەشداری ژنان لە هەڵبژاردندا بەشێکی گرنگی هەڵبژاردنە و ڕۆڵ بینینیان وەک کاندیدی هەڵبژاردنیش دووبارە گرنگە بۆ ئەو پرسانەی تایبەت بە ژنانە و بۆ مافەکانی ژنانە.

 

مێژووی مافی دەنگدانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٥٦، یەکەم ژن کە توانیوییەتی بە شێوەیەکی یاسای دەنگ بدات لیدیا تافت بوو لە ئەمریکا.

 

لە ساڵی ١٨٧٢ ڤیکتۆریا کلاڤلین یەکەم ژن کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کاندید کردووە، ڤیکتۆریا کاندیدی پارتی مافە یەکسانەکان و چالاکوانێک بوو بۆ مافەکانی ژنان کاری دەکرد، یەکێک بوو لەو کەسانەش کە داکۆکیکار بوو لە ئازادی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و مناڵبوون بەبێ سنوردارکردنی کۆمەڵایەتی یان دەستوردانی حکومەت.

 

لە کوردستاندا مێژووی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا دوور نییە، لە باشووری کوردستان، لە یەکەم خولی پەرلەمانەوە ژنانی پەرلەمانتان بەشدارییان کردووە، لە باکووری کوردستانیش لەیلا زانا یەکەم ژنی کورد بوو کە وەک سیاسییەکی کورد بەشداری هەڵبژاردنی کرد و بە کوردی سوێندی یاسایی خوارد.

 

لە باکووری کوردستان و تورکیادا ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کایەی سیاسی و بە تایبەت هەڵبژاردندا، لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا زۆرترین ژمارەی نوێنەرایەتی ژن لە مێژووی تورکیادا تۆمار کرا، بەو پێیەی ٩٧ نوێنەری ژن هەڵبژێردران کە ٣٢یان ئەندامی هەدەپە بوون، لە کۆی ٦٠٠ کورسی خولی ٢٧ی پەرلەمانی تورکیاش، تەنها ١٠٤ نوێنەری ژن هەیە کە زۆرینەیان لە پارتە کوردییەکاندا بوون.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش هەڵبژاردن بابەتێکی هەستیارە، لەکاتێکدا ڕژێمی ئێران ڕێگە بە کوردان نادات بە زمان و کلتوری خۆیانەوە بەشداربن لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕێگە بە ژنیش نادات بە ئیرادە و توانای خۆیەوە لەو کایە سیاسییانەدا ڕۆڵ ببینێت. ئەو ژنانەش کە لەو چوارچێوەیەدا ڕۆڵ دەبینن بە ئەقڵییەتی پیاو سالاریی و لە بەرژەوەندی ئەو سییستەمەدا کار دەکەن، بۆ مافی ژنان و تواناکانی ژنان کەمترین هەوڵدەدەرێت، هۆکارەکشی ڕژێمی ئێرانە کە ترسی لە هێز و ئیرادەی ژنان هەیە.

 

نوێنەرایەتی ژنان لە عێراقدا

نوێنەرایەتی ژنان لە عێراقدا بە پێی دەستووری عێراقی، کۆتای ٪٢٥ی بۆ دانراوە، بەو پێیە دەبێت بەشداری ژنان لەو ڕێژەیە کەمتر نەبێت، لە هەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ سەرکردە سیاسییەکان بیرۆکەکانیان سەبارەت بە دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک بەکارهێنا بۆ چەسپاندنی شەرعییەت لە حوکمڕانیی خۆیاندا، بەڵام دۆزی ژنانیان وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی دەبینی، نەک وەک پرسێکی سیاسی و تێگەیشتن لە یەکسانی جێندەری، ئەگەرچی ئامادەبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵییەتەی کە وەک هاووڵاتی پلە دوو و ژێردەستەی پیاوان مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکرێت، تا رادەیەک سەرکەوتووش بوون، بەڵام نەتوانرا لە ئاستی کرداریدا پێگەیەکی زیاتر بە ژنان بدرێت، نوێنەرایەتی ژنانیش لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە خولەکانی هەڵبژاردندا زیاد دەکات، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە مافەکانی ژنانیان خستە پشت پرسەکانی دیکەوە.

 

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ی هەرێمی کوردستاندا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو ئاماژە بە دیاریكردنی رێژەیەك بۆ ژنان دەكات، كە لە ٣٠٪ كەمتر نەبێت، هەروەها بەشداریی ژنان بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمان، بەم شێوەیە بووە؛

 

-لە خولی یەكەمی پەرلەماندا شەش ژن ‌و ٩٩ پیاو پەرلەمانتار بوون. 

-خولی دووەم ٢٧ ژن ‌و ٨٤ پیاو پەرلەمانتار بوون.
-خولی سێیەم ٣٩ ژن ‌و ٧٢ پیاو پەرلەمانتار بوون.
 -خولی چوارەم ٣٤ ژن ‌و ٧٧ پیاو پەرلەمانتار بوون.
 -خولی پێنجەم ٣٤ ژن ‌و ٧٧ پیاو پەرلەمانتاربوون.

 

خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشداری ژنان چەندە؟

بڕیارە لە ١٨ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەنگدانی تایبەت و دوای دوو ڕۆژ، واتە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ کاندید ململانێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن، هەروەها دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

لە هەزار و ١٩١ کاندید، ٨٢٣ کاندیدیان پیاوە و تەنها ٣٦٨ کاندیدیان ژنن، ئەمەش لە نیوە کەمترە و دەریدەخات، بەپێی پێویست لە هەرێمی کوردستاندا ڕێگە بە ژنان نادرێت بەشداریی لە پرۆسە سیاسییەکاندا بکەن.

 

بەشێک لەو هۆکارانەی وایکردووە کە ژنان لەو کایەیەدا کەمتر بن بریتین لە، کۆمەڵگای پیاوسالار، کولتوور و دابوونەریت، نەبوونی متمانە بە تواناکانی ژنان، نەبوونی پشگیری لەلایەن حیزبەکانەوە بۆ ژنان و یاسایەک یەکسان بێت لە نێوان ژنان و پیاواندا، هۆشیاری دەنگدەران و ڕاگەیاندنەکانیش لەو بارەیە کەمتەرخەمن.