ژنان لەبەرچی بە سیستمی كۆتا دەچنە پەرلەمان؟
بەدواداچوونێكی نوژنها، هۆكارەكانی دانانی سیستمی کۆتای ژنان دەخاتەڕوو، ژنانیش باس لەوە دەکەن، کە ئەقڵیەت و دابونەریتی کۆنەپارێزی کۆمەڵگە ڕێگە لە بەردەم ژنان ناکاتەوە بۆ پێشکەوتن لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
شیا کۆیی
کۆیە- بزووتنەوە فێمێنستی و دیموكراسیخواز و سیكۆلارەكانی جیهان، داوای هاوتاكردنی ماف و ئەركەكانی نێوان هەردوو ڕەگەز دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش زۆرن ئەوانەی داكۆكی لەم پرسەی ژنان دەكەن و مەبەستیانە جیاكاری لە پێگە و پلە و پۆستە ئیداری و حزبی و ڕێكخراوەیی و حكومییەكان نەهێلن، بەڵام هێشتا ژنان بەپێی سیستمی كۆتا دەچنە پەرلەمان و ئەوەیش تا ئاستێك وایكردووە، نەتوانن بە هەمان توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە كار لەسەر پرسە كۆمەڵایەتییەكان و داڕشتنی یاساكانی وڵات بكەن. له كۆمه‌ڵگەی عێراق به‌گشتی و كوردستان به تایبه‌ت، ژنان خەباتی چەندین ساڵە بەڕێوە دەبەن تا دیدگای جیاوازی نێوان ڕەگەزی ژن و پیاو کۆتایی پێبهێنن. له راستیشدا کۆمەڵگەی كوردستان و عێراق، ده‌وڵه‌مه‌نده له ژنانی ئازا و بوێر و رۆشنبیر و به توانا، ئەگه‌ر دەرفەتیان پێبدرێت، ده‌توانن شوێن ده‌ستیان له كایه جیاجیاكانی ناو کۆمەڵگەدا دیاربێت.
ژنان چۆن مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا؟
به پێی ماده‌ی ٤٩ له یاسای هه‌ڵبژاردن له دەستووری عێراقدا، هاتووه كه ده‌بێت له هه‌موو كایەكانی حوكمڕانی رێژه‌ی ژنان له‌چاو پیاواندا له ٪٢٥ كه‌متر نه‌بێت، ئه‌وه‌ش زیاتر دوو واتای هه‌یه، یه‌كه‌میان واتای كه‌متوانایی ره‌گه‌زی مێ نیشانده‌دات و دووه‌میان لایه‌نی نه‌رێنی ئه‌و یاسایه له‌وه‌دایه، ژنان خۆیان ماندوو نه‌كه‌ن و به‌هیوای یاسای كۆتا بن بۆ ده‌رچوون له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌ماندا، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه بۆچی ده‌بێت ژنان ده‌نگ نه‌هێنن یان ده‌نگیان پێ‌نادرێت؟، له‌كاتێكدا وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمانكردووه، توانای ژنان هیچی كه‌متر نییه له پیاوان و زۆرجار ژنان خۆیان به تواناتریش له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن؟
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی چەند سەدەی ڕابردوو بدەیەنەوە، ژنان نەک ھەر دەرفەتی بەشداری سیاسی و ئیداریان نەبووە، بەڵکو تەنانەت مافی دەنگدانیشیان پێ ڕەوا نەبینراوە، تاکو چارەگی یەکەمی سەدەی بیست، ئیدی وردە وردە وڵاتان بە خەباتی درێژمەودای ژنان ناچار کران مافی دەنگدان بدەن بە ژنان. دواتر لەگەڵ وشیاربوونەوەی ژنان و ھەوڵ و گوشارەکانیان و فراوانبوونی مەوداکانی ئازادی، لە زۆرینەی وڵاتان مافی خۆپاڵاوتنیشیان بەدەستهێنا.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین لە ساڵی ١٩٩٥ كۆنگرەیەكی بەست و سیستمی کۆتای ژنان وەک میکانیزمێک خرایەڕوو، بۆ زیاتر بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت و ئیدارەداندا، له ساڵی ١٩٦١ کە (جۆن کەنەدی) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار کە کۆتای بۆ کەمینەی ڕەشپێستەکان بەکارھێنا، دواتر بزووتنەوەی ژنان داوایان کرد، بکرێتە ڕێگایەک بۆ بەشداریكردنی ژن لە ئیدارەدانی وڵات‌دا، ئێستا ئەم سیستمە کۆتایە نەک ھەر بۆ ژنان، بەڵکو بۆ کەمینە ئاین و مەزھەبی و نەتەوەییەکانیش پیادە دەكرێت.
لەم چوارچێوەدا چەندین وڵات لەسەر ئاستی جیھان کار بەم سیستمە دەکەن، لەو نێوەندەشدا عێراق و ھەرێمی کوردستان کە ھەر یەکەیان ڕێژەیەکیان دیاریکردووە بۆ ئەنجومەنە ھەڵبژێراوەکان، کە لە عێراقدا ڕێژەی ٪٢٥ و ھەرێم ٪٣٠ـی دیاریکراوە بۆ بەشداری ژنان. لەلایەكی دیكەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا بڕیاری (١٣٢٥) دەرکرد، کە تایبەتە بە پاراستن و خۆپاڕێزی کردنی ژنان و منداڵان لەکاتی جەنگ و قەیرانەکاندا و بەشداریپێکردنی ژنان لە کایەی سیاسی و ئیداریدا، بۆ ناساندنی ئەم بڕیارە و ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار و شیارکردنەوەی چینەکانی کۆمەڵگە.
عێراق ڕێژەی ٪٢٥ی بۆ ژنان دیاریکردووە
بە پێی خاڵی چوارەمی ماددەی ٤٩ی دەستووری عێراقی، دەبێت ڕێژەی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چارەکی ئەندامانی ئەنجومەن کەمتر نەبێت، لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١دا، ژنان توانیان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ٩٧ کورسی کە دەکاتە ٪٢٩ی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبھێنن. هەرچەندە رێژەیەکی بەرچاو لەو ژنانەی دەچنە پەرلەمانی کوردستان و عێراقەوە، ئەگەر یاسای کۆتا نەبێت، ناتوانن کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن و بەرێژەی دەنگی خۆیان بچنە پەرلەمانەوە.
به‌شی پینجه‌م له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له مه‌رجه‌كانی ده‌نگده‌ر، له ماده‌ی ١٩دا ئاماژە بەوە دەکات، هه‌موو هاوڵاتیه‌ك نێر بێت یان مێ ده‌توانێت ده‌نگده‌ر بێت یان پاڵێوراو بێت به پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ی بۆی دیاری كراوه.
بۆچی زۆربه‌ی كات له هه‌ڵبژاردن بێت یان له پۆسته‌كانی داموده‌زگاكان بێت، گرنگی به ڕۆڵی ژن نادرێت؟ به تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان ژن به كۆتا ده‌رده‌چوێنرێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، هه‌ورین نادر، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بۆ نوژنها دوا و وتی: راسته ژنان له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به سیسته‌می كۆتا ده‌چنه په‌رله‌مان و ئه‌وە له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش هه‌یه، كە بەڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ی، ژن به پله دوو سه‌یر ده‌كات، له كاتێكدا ژن و پیاو جیاوازییان لە نێواندا نییە، ئەمەش ناكاته ئه‌وه‌ی بڵێین ئێمه‌ی ژن توانا و هێزمان نه‌بێت، نموونه‌ی ژنی به‌توانا زۆر هه‌یه، كە توانیویانه گۆڕانكاری گه‌وره بكه‌ن، بۆیه ئەگه‌ر ڕێگه به ئێمه‌ش بدرێت، دەتوانین كاری گه‌وره بكه‌ین، هه‌ر له كوردستان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ژن به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و چی كه‌متر نه‌بوو له پیاوه‌كان، چه‌ندین وه‌زیری ژنمان هه‌یه و له داموده‌زگاكانی حكومه‌ت چه‌ندین ژن هه‌ن، كه سه‌یر بكه‌ین شێوازی به‌ڕێوه‌بردنیان یاساییتره و به شێوازێكی زۆر ڕێك كاره‌كان ڕاده‌په‌ڕێنن.
هه‌ورین گوتیشی: دیارده‌ی سه‌یركردنی ژن به‌شێوه‌كی كه‌م، ده‌كه‌وێته سه‌ر عه‌قڵیه‌تی ئێمه تا چه‌ند باوه‌ڕ به توانای ژنان بكه‌ین، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه كۆتا دابنێن بۆ ژنان، به‌داخه‌وه له ڕه‌گه‌زی خۆمان له ناو ژنان باوه‌ڕ به وزه و توانای ژن ناكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كولتوور و دابونه‌ریته‌وه‌یه و ئێمه‌ی ژنان كه‌مته‌رخه‌مین له‌وه‌ی نه‌مان توانیوه له ڕێگه‌ی كهمپەینهوه ئه‌وه بۆ ناو خه‌ڵك بگوازینه‌وه، كه ژنان هیچیان كه‌متر نیه له پیاوان.
"دەبێت پاڵپشتی ژنان بین"
سۆزان حه‌مه سه‌عید، ڕاگه‌یاندكار، لە وەڵامی پرسیاره‌كه‌ی ئێمەدا ده‌ڵێت: توانای ژنان هیچی كه‌متر نییه له توانای پیاوان، به‌ڵام زۆر جاریش ژنان خۆیان كه‌مته‌رخه‌من، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تواناكانی خۆیان ناخه‌نه‌گه‌ڕ.
سۆزان حەمە سەعید وتیشی: هۆكار زۆرن وه‌كو هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، كه زۆر جاران ژن وەها لێكراوه كه ده‌بێت هه‌میشه له ماڵه‌وه بێت، بێگومان ئه‌وانه‌ی له ماڵه‌وه كارده‌كه‌ن جێگای ڕێزن، به‌ڵام ژنان ده‌بێت توانای زیاتریان هه‌بێت و خۆیان پێبگه‌یه‌نن بە هه‌موو بواره‌كان. هیچ بوارێك نییه بڵێی ئه‌وه هی پیاوه و نابێ ده‌ستی بۆ به‌ریت، ئه‌گه‌ر هاتوو ژنێك له بوارێك كه خۆی حه‌زی لێیه‌تی، جا سیاسی بێت یان هه‌ر شتێك، خۆی به‌ره‌وپێش ببات، ده‌توانێت پیشكه‌وتوو بێت.
ئه‌و راگه‌یاندكاره پێشیوایه زۆرجار ژنان له‌ناو خۆیاندا جۆرێك له ئیره‌یی به‌یه‌ك ده‌به‌ن و ده‌نگ به ژنێك ناده‌ین كه كاندیده، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یان هەیە، وتیشی: بۆیه له كۆتاییدا ده‌ڵێم، هه‌میشه ژنان با هاوكار و پاڵپشتی یه‌كتر بن و ئه‌گه‌ر ژنێك له بوارێك ده‌ركه‌وت، هه‌موومان پاڵنه‌ری بین تا ده‌گاته لوتكه.