ژنانی ئازادیخواز ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و تورکیا دەکەن

ژنانی چالاکوان و ئازادیخوازی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا و ئێران دەکەن و دەڵێن: ژن وەک پێشەنگانی هەموو بوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە نمونە و تورکیا پێی قبوڵ ناکرێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە بە چڕی هێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، سوپای ئێرانیش لە بەرامبەر دەنگی گەلانی وڵاتەکەی و بەتایبەت ڕاپەڕینی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات، ژنانی چالاکوان و ئازادیخوازی کوردستان، ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و تورکیایان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە دەوڵەتانی داگیرکەر چاویان بە پێشەنگایەتی ژنی کورد هەڵنایەت.

 

"تورکیا و ئێران ناتوانن کۆتایی بە گەلی کورد بهێنن"

فاتمە حامد، ژنێکی باشووری کوردستانە، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران، وتی: ئێمە وەکو ژنان ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ئەوە شتێکە دوورە لە مرۆڤبوونەوە، دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتی تورکیا بە خۆیان دەڵێن مافی مرۆڤ دەپارێزین، بەڵام بە داخەوە تورکیا بە چەکی کیمیایی و چەکی قورس بەردەوامە لە هێرشەکانی، لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پارێزگاری لە سنور و مافی هاوڵاتیان بکات، بەڵام بێدەنگە لە ئاست ئەم هێرشانەدا، ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان، تورکیا و ئێران دڵنیا دەکەینەوە کە ناتوانن کۆتایی بە گەلی کورد بهێنن."

 

"ژن، ژیان، ئازادی دروشمی شۆڕشی ئێستایە"

فاتمە حامد ئاماژەی بەوەشکرد، کە گەلی کورد گەلێکی خۆڕاگرە و داوای مافەکانی خۆی دەکات لەسەر خاکی خۆی و دەسترێژی نەکردووەتە سەر خاکی کەس، "گەلی کورد چۆک دانادات لەبەردەم داگیرکەرانی خاکی کوردستان، تا کوردێک مابێت بەرگری لە ماف و ئازادی خۆی دەکات، لە کاتێکدا چەکی کمیایی چەکێکی قەدەغەکراوە لە هەموو جیهاندا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا دژی کورد بەکاریدەهێنێت بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان بۆ قڕکردن و لە ناوبردنی گەلی کورد، کە شەهید و برینداری زۆی لێدەکەوێتەوە، جگە لەوەی کە سروشتی کوردستانیشی شیواندووە".

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە شۆڕشی ئێستا بە "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت، "ژنان دەبێت وەک ژنانی کۆبانێ ژێر دەستەیی قبوڵ نەکەن و خەبات بکەن، چونکە لە هەموو پەلامارێکی دوژمنانی کورددا ژنان قوربانی یەکەمن، بۆیە ژنان دەبێت لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بەرگری لە خۆیان و خاکی خۆیان و ناسنامەی خۆیان بکەن وەک ژن".

 

"تورکیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات"

بێریڤان محەمەد، ئەندامی پەیەدە لە باشووری کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، کە تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کورد بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد بە تایبەتی لە باشوور وڕۆژئاوای کوردستان، "تورکیا لە دوایین هێرشیدا بۆ سەر ڕۆژئاوا ١٥ کەسی شەهید کرد و چەندین کەسی تریش بریندار بوون، تورکیا دەیەوێت بەو هێرشانە جێگەی خۆی بکاتەوە، ژنانیش دەبێت بەرامبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێستیان هەبێت و دەستە وەستان نەبن، تاوەکو دەنگی خۆیان بگەیەننە جیهان.