نووسەرێک: دەوڵەتی تورکیا بۆ مانەوەی خۆی سەرکوتکاری دەکات
ڤینۆس فایەق، نووسەر، لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاوە هەڵسەنگاندن دەکات و دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا بۆ مانەوەی خۆی سیاسەتی سەرکوتکاری و قەدەغەکردن بەڕێوەدەبات.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ چەوساندنەوە و قڕکردن و سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئازادیخوازان تا دێت قوڵتر دەبێتەوە، هەزاران تێکۆشەر و ڕۆژنامەنووس و ئازادیخواز لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیادان، هەزارانی دیکە بوونەتە پەنابەر و لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا نیشتەجێبوون تا لە ستەم و زیندانی ئەو دەوڵەتە ڕزگاریان ببێت، کوشتنی ژنان لە تورکیادا لە بە دەستی پیاوانی دەوڵەت لە ئاستی بەرزدایە.
ئەردۆغانی سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا، هەر ڕۆژ بە بیانوویەک پەرلەمانتارێک تاوانبار دەکات، سیاسییەک دەکاتە زیندان و قەڵەمەکانیان قەدەغە دەکات، هاوشێوەی قەدەغەکردنی پەرتوکی "ئەو دیوارانەی هەڵدەوەشێنرێن"ی فیگەن یەکسەکداغ، کە لە زینداندا نووسیویەتی، ڤینۆس فایەق، نووسەر بۆ نوژنها دوا و لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەمە تازە نییە بۆ دەوڵەتی تورکیا کە قەدەغەی ڕۆژنامەنووس و ئازادی ڕادەربڕین و نووسەرە کوردەکان بکات، لەوەتەی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان دروستبووە، ئەونەی تر دەوڵەتی تورکیا کەوتووەتە قەیرانەوە، لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵی ناکات و ئەویش پەلەقاژەیەتی و خۆشی ناتوانێت دەست لە سیاسەتی سەرکوتەکانی هەڵبگرێت، لەبەرئەوەی درێژە بە سیستمە ستەمکارییەکەی بدات، هاوکات ئەو قەدەغەیەی کە هەیە نەتەوەی تورکیش دەگرێتەوە کە ئازادیخوازن و دەنگی گەلن، و لەناو پۆلێنەکانیشدا تورکیا یەکێکە لە ١٠ وڵاتە خراپترینەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.
دژایەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو نەتەوەکانە و لە کورددا قوڵترە
ڤینۆس فایەق لەبارەی کاریگەری نووسەر و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بەلای حەقیقەتدا ئاماژەی بەوەدا، کە نووسەر و نووسین کاتێک کاریگەرییان دەبێت کە دەسەڵاتێک هەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، "بەڵام ئەمە بۆ دەوڵەتی تورکیا جێگەناگرێت، چونکە دەوڵەتێکە بە هەموو پێوەرەکان ستەمکارە، دەوڵەتێکە لەسەر نادادپەروەری و پێچەوانەی ناوی حزبەکەی کاردەکات، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت نووسەر کاریگەری لەسەر دەسەڵات بەجێبهێڵێت"، ئەو نووسەرە پەرتوکێکی ئەلیف شەفەق، نووسەری تورک بە نموونە ئەهێنێتەوە کە باس لە ئەرمەنەکان و کورد دەکات و دەوڵەت نووسەری خستووەتە بەردەم دادگا، بۆیە ڤینۆس فایەق دەڵێت: سیاسەتی سەرکوتی تورکیا بۆ تورکەکان و ئەوروپییەکان و لەسەر کوردیش قوڵ بووەتەوە.
"ژنانی نووسەر دەبێت لە کۆمەڵگە و سیستم قوڵ ببنەوە"
قەڵەمی ژنان دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بکات بە ئاڕاستەی ئازادی و بەرەنگاری، لەو بارەیەوە ڤینۆس فایەق دەڵێت: لە کۆمەڵگەی ئێمە وەها سەپێندراوە کە ژن تەنها باس لە پرسەکانی ژن بکات، لەکاتێکدا ئێمە پێویستیمان بە ژنانێکە کە کار لەسەر دۆزی نەتەوەکەی بکات، باس لەو سیاسەتە چەوتانە دەکات کە ڕووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە، ئێمە پێویستیمان بە یەکگرتن و شانبەشانی یەکدی کارکردن هەیە، بۆیە پێویستە ئێمەی ژنان کە باس لە پرسی ژن دەکەین دەبێت لە تەواوی کۆمەڵگە و سیستم ورد ببینەوە کە دەنگی ئازاد کپ دەکات.
ئەو نووسەرە باس لە دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە دەبیستن چۆن دەسەڵاتی باشووری کوردستان ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکات وەک نمونەی ڕۆژنامەنووسانی بادینان، "ئەمە نمونەیەکە لەو دەسەڵاتەی سڵ لە هیچ ناکاتەوە، لەکاتێکدا بانگەشەی دیموکراسی و کوردستانی ئازاد دەکات، لەلایەکی دیکەوە مەودای ئازادی نووسەر و خەڵکی ئازاد خوڵقاندوویانە نەک دەسەڵات بەخشیبێتی، چونکە دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەیەوێت هەمان سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و ئێران پەیڕەو بکات لە کوردستاندا".