"دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی ژنان لەناوببات"

ئەندامێکی کۆمیتەی ژنان و کۆمیتەی پەروەردەی ئەکادیمیای شەهید شیلان، بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی هەرێمەکە بڵاوکردەوە و وتی: ئامانجی هێرشەکان بی ماف کردنی ژنان و لەناوبردنی ناسنامە و شۆڕشەکەیانە.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتەسەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەنیازیشە بە بیانووی ناوچەیەکی ئارامەوە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیربکات، ئەمە درێژکراوەی پلانی داگیکردنی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپییە، هێرش و گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دەستکەوتەکانی ژنان.
 

"دەوڵەتی تورکیا ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج"

بێریڤان جومعە، ئەندامی کۆمیتەی پەروەردە لە ئەکادیمیای شەهید شیلان ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کاریگەری دەکاتەسەر دەستکەوتەکانی ژنان، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ١٢ی تەمموزی ٢٠١٢ بەرپابوو بە شۆڕشی ژن ناسراوە و بە تێکۆشانی خۆیان ماف و ئازادییان بۆ ژنان بەدەستهێنا، "ژنان بەو شۆڕشە ڕاستی خۆیان ناسی و توانیان ببنە نموونە بۆ ژنانی جیهان، ئامانجی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە ژنان بەبێ ماف بکەن و ناسنامەیان لەناوببەن، بێدەنگی دەوڵەتانی نێودەوڵەتیش گڵۆپی سەوزی بۆ دەوڵەتی تورکیا هەڵکردووە تا بە شێوەیەکی دڕندانە بەردەوامی بە هێرش بدەن و ئەمڕۆ هێرش دەکرێتە سەر ژنانی پێشەنگ و بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن".

 

"ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی ژنانە"

زۆزان خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی ژنان لە کانتۆنی کۆبانێ، هەڵوێستی خۆی خستەڕوو و وتی: ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شکاندنی ئیرادەی گەل و ژنانە، دەیەوێت پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری لەناوببات، دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان دەکاتە ئامانج، هەموو شێوازەکانی هێرش و شەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی ئەنجامدەدات، بۆیە پێویستە ژنان خۆیان ڕابهێنن بۆ ئەوەی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بوەستنەوە.