"تیرۆری سیاسی لە چوارچێوەی شەڕێکی دەروونی تایبەتدا بەڕێوە دەچێت"
دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی بە سیخوڕکردنی ژنان و تیرۆرکردنی ئازادیخوازان دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنێت، چالاکوانێکیش دەڵێت: ئەم سیاسەتە شەڕێکی دەروونی تایبەتە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا ئاستێکی باڵای تۆمار کردووە و ئەمەش جێگەی ترسی دوژمنانی کورد و ژنە، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە بە چەندین شێواز هەوڵدەدات لە ژن بدات، ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکان و کردنە سیخوڕی ژنان یەکێکە لەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان بەڕێوەی دەبات و لە ناوەندەکانی وەک ئارایشتگا و سەنتەرەکان کە ژنان ڕووی تێدەکەن، هەوڵ دەدات ژنان بۆ بوون بە سیخوڕ ڕازی بکات، جگە لەوەش هەوڵی تیرۆرکردنی ئازادیخواز و چالاکوانان دەدەن و چەندین حاڵەتی وەهاش لە باشووری کوردستان و بە تایبەت شاری سلێمانی ئەنجام دراوە و لە ماوەی ڕابردووشدا بە پەیوەندیکردن بە ئازادیخوازان و چالاکوانانەوە لەلایەن میت و سیخوڕەکانیانەوە دەیانەوێت تێکۆشانی گەلی کورد ڕابگرن.
"خاوەندارێتی نەکردن لە خاک تیرۆرکردنی تاکەکانی ئاسان کردووە"
شیلان شاکر ئاماژەی بەوەکرد، پرسی تیرۆری سیاسی پرسێکە لە ئەمڕۆدا تەواوی کۆمەڵگە پەیوەندیدار دەکات و مەترسی بۆسەر خەڵک دروست دەکات، بەتایبەتی بۆ کەسانی ئازادیخواز، چالاکوان و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵ و پێگەیەکیان هەیە، ئەم بابەتە فرە لایەنە و ئەگەر لە ڕووی کیانەوە باسی بکەین عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی لە کیانی خۆیان ناکەن، ئەگەر نا هیچ هێزێکی دەرەکی و بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا ئەوەنە ئاسان نابێت بۆی بێت لە باشووری کوردستان کەسێک تیرۆر بکات یان بە ئاشکرا داوای سیخوڕبوون لە هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بکەن، لە ڕووی یاساشەوە ئەو سزانەی هەیە لەسەر تیرۆرکردنی تاک و هەوڵدان بۆ بە سیخوڕکردنیان جێبەجێ ناکرێت.
"بێدەنگ بوونی لایەن سیاسییەکان وای کردووە پەدەکە هاوکاری دوژمن بکات"
شیلان شاکر ڕوونی کردەوە، ئەگەر لە ڕووە سیاسییەکەوە بڕوانینە تیرۆری سیاسی لە باشووری کوردستان دەزانین لایەنێکی وەکو پەدەکە بە تەواوی خۆی داوە بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە، دەکرێت سەرەکیترین هۆکاریش بگەڕێنینەوە بۆ بێ هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی تر، چونکە ئەگەر لایەنەکانیتر بێدەنگ نەبن پەدەکەش بەخۆیدا دەچێتەوە کە تووشی چی هەڵەیەک بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کۆمەڵگە هۆشیار بێت و هەڵوێستی هەبێت، دەوڵەتی تورکیاش بوێری ئەوەی نییە کارێکی لەو شێوەیە لە باشووری کوردستان ئەنجام بدات، چونکە لە هەر شوێنێک یەکگرتن و ڕێکخستنبوونی کۆمەڵگە هەبێت، هیچ دەسەڵاتێک بوێری ئەوەی نیە هێرشبکاتە سەر سنور و تاکەکانی.
وتیشی: لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک کە لەلایەن دوژمنەوە بێت ڕۆڵی کۆمەڵگە دەکەوێتە پێش هەموو شتێکەوە، چونکە هەر دەزگایەکی سیخوڕی سەر بە دەوڵەتانی داگیرکەر، کاتێک بیانەوێت یەکێک لە تاکەکانی کورد ڕازی بکەن بۆ ئەوەی تێکەڵ بە پلانگێڕی خۆیانی بکەن، کۆمەڵێک شت دەخاتە بەردەمی چ ماددی بێت یان مەعنەوی، ئەگەر ڕازی نەبوو کار دەگات بە هەڕەشە ئیتر ئەگەر هەڕەشەی ئەخلاقی بێت یان کوشتن بێت، وەک نموونەی ئەو پارێزەرەی لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندی پێوەکرا، چونکە ئەمە کولتووری ئەوانە، بەڵام ئەوەی گرنگە خۆبەدەستەوە نەدانی کەسەکەیە.
"باشووری کوردستان پێویستی بە هێزێکی بەڕێکخستن کراوە"
شیلان شاکر ئەوەشی خستەڕوو، هەر تاکێک مافی خۆپارێزی هەیە لە هەر حاڵەتێکدا بێت، بۆیە دەبێت تاک هۆشیار بێت، وە لە هەر شوێنێک هێز هەبێت دەوڵەتی تورکیا و دەزگا هەواڵگریەکانی ناتوانن هێرش بکەنە سەری، وەک دەبینین شەڕڤانەکان لە چیاکاندا تەنانەت قورسترین چەکیان بەرامبەر بەکارهاتووە، بەڵام نەکەوتوون چونکە لەوێ بەرخودان و تێکۆشان و هێز هەیە، بۆیە هێزێکی بەو شێوە لە بواری کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنیدا بۆ باشووری کوردستان پێویستە، وە هیوادارم کەس نەکەوێتە ئەو خەیاڵەی کە دەوڵەتی تورکیا زۆر بەهێزە، ئەمە لە چوارچێوەی شەڕێکی دەروونی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت، چونکە خودی دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت شتێکی وا بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنێت، ئەو ڕووداوەشی لە سەنگەسەر ڕوویدا وڵاتپارێزەکە پاراستنی جەوهەری پیشنداوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کۆمەڵگەی باشوور نە خۆی ڕادەست کردووە و نە خۆی ڕادەست دەکات.
"هێزی خۆجێیی بەهێزترە لە هێزی دەرەوە"
شیلان شاکر جەختی کردەوە، هێزی دەروونی و سیاسی و خۆپارێزی جەستەیی تاکەکانی کۆمەڵگەی باشوور زۆر بەهێزترە لە هێزی دەوڵەتی تورکیا، چونکە ئەوە جەوهەری کۆمەڵگەیە و هێزی دەوڵەتی تورکیا لەدەرەوە هاتووە، بۆیە هەمیشە هێزی خۆجێیی و جەوهەری بەهێزترە لە هێزی دەرەوە، بەڵام پێویستە هەڵوێستی جدیتریش بگیرێتە بەر.
دەشڵێت: بە پێی فکری قێزەون و لاوازی دەوڵەتی تورکیا خاڵی لاوازی کۆمەڵگە ژنە، چونکە ئەو وا بیر دەکاتەوە ژن ناموسی کۆمەڵگە و پیاوە، بۆیە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ژنەوە کاریگەری دروست بکەن، هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە ئەو پێشەنگایەتییەی ژنان دەیکەن لە کوردستان و هەموو جیهان هەوڵ دەدەن بە شێوازی ڕازیکردنیان بۆ بوون بە سیخوڕ لەکەداریان بکەن، ئەمەش ترسی ئەو ئەقڵیەت و دەسەڵاتەی تورکیا دەردەخات لە بوون بە پێشەنگایەتی ژن، وە ئەوە نیشان دەدات کە ژنان چەندە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە کۆمەڵگەدا.
لە کۆتاییدا شیلان شاکر وتی: ژنان پێویستە لە بەرامبەر ئەو شەڕە تایبەتە و ئەو سیاسەتەی بۆ بوون بە سیخورەی بەرێوە دەچێت خۆیان بپارێزن و بەرگری بکەن، ئەمەش وا دەکات ئەو سیاسەتە پوچەڵ ببێتەوە، وە ئەگەر کەسێک خیانەت لە خاکی خۆی بکات بێگومان سیاسەتێکی لەپشتەوەیە، بۆیە ئەگەر ژنان بەهێز بن دواجار خێزان و کۆمەڵگەکەشی بەهێزە، دەبێت هەمومان لەو سیاسەتە تایبەتە باش تێبگەین، کۆمەڵگەی ئێمە دوای هەندێک ڕووداو بۆمان دەرکەوت هۆشیار بووەتەوە و پێویستە ئەو هۆشیارییە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.