"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ تێکشکاندنی خۆبەڕێوەبەرییە"

لە ماوەی چوار ڕۆژدا دەوڵەتی تورکیا هەزار و ١٦٨ هێرشی چەکداری بۆ سەر ژێرخانی ئابووری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە و ٤٨ هاوڵاتی لە هێرشەکەدا بە ئامانج گیراون، ئەندامێکی خۆبەڕێوەبەریش دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا ئامانجی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر کوردستان چڕ بووەتەوە و لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زیاتر لە هەزار هێرشی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام داوە، بە هۆیەوە زیانی گیانی و ئابووری بە ناوچەکە گەیاندووە، کە وێستگەی کارەبا، پاڵاوگەی نەوت، فڕن و کۆگای ئاردی جێی ئامانجەکانی بوون، کە بە گوێرەی ئامارەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەزار و ١٦٨ هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری و ناوچە ستراتیجیەکان.

 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماری هێرش و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر هەرێمە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە، ئامارەکان بەم جۆرەیە: ٩٩ هێرش بە فڕۆکەی چاودێری چەک هەڵگر، ١٣ هێرش بە فڕۆکەی جەنگیی، ٥٧٣ جار تۆپ بارانکردن، تێیدا ١٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون، ٣ ئەندامی هێزی سەربازی شەهید بوون، کە بە گشتی ١٧ کەس شەهید بوون. ٣٩ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، ٩ ئەندامی هێزی سەربازی بریندار بوون، بە گشتیش ٤٨ هاوڵاتی بە ئامانج گیراون.  

 

"هێرشەکانی تورکیا بە ئامانجی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە لە ڕۆژئاوادا"

زەهیە ئەلراشی، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان، باس لە داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکات و وتی: ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەر زیندووکردنەوەی میساقی میللی عوسمانیەکانە، ئەو ناوچە سنوریانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، دەوڵەتی داگیرکەر بە موڵی خۆی دەزانێت، لە دوای ساڵی ٢٠١١ و شۆڕش لە ڕۆژئاوادا، هێرشەکانیان بەردەوامی پێدەدا، ئێستاش هێرشەکانیان لە تەواوی ناوچە کورد نشینەکان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئەنجامدا و هەموو بنکەکانی سەرەکی بۆ ژیانکردن کراوەتە ئامانج، تەواوی وێستگە کارەبا، پڕۆژەی دابەشکردنی ئاو، بنکە و نانەواخانە و کۆگا سەرەکیەکانی خۆراک و بۆ تێکدانی بناغەی ڕۆژئاوا شوێنە ستراتیجیەکانیان کردووەتە ئامانج، کە تێیدا مافی مرۆڤ و منداڵان بە ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەی پێشێل دەکرێت، ژنان و هاوڵاتیانی مەدەنی بە ڕێژەیەکی زۆر دەکرێنە ئامانج.

 

ئەو ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باسی لەوەشکرد، چوار پارچەی کوردستان و هەر پارچەیەکی لە ڕووی شێوازی سیاسەتەوە جیاوازی تێدایە، وتیشی: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە دوای چاوپێکەوتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشەکەی سەر ئەنقەرە ئەنجام درا، زۆرێک لە هاوڵاتیان هۆکاری هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوا بۆ دیداری ڕێبەرایەتی و هێرشەکەی ئەنقەرە دەگەڕێننەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر دووپاتکردنەوەی بەرخۆدان و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و خۆسەریدا، ناوچە کوردنشینەکان تۆپ باران دەکات، ئەو دەوڵەتە دەیەوێت دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا لەناو ببات، هەروەها بە ئامانجی ترساندن و ئاوارەکردنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکەدایە، پاشان بە هێنانەوەی سەردەمی داعش بۆ گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە، چەندین کاری قێزەون ئەنجام دەدات.