ئاواز ئیسماعیل: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی باشووری کوردستان تا ویلایەتی موسڵە

ژنانی ڕانیە دژی داگیرکاری و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئەندامێکی ڕژاک دەڵێت: ئێمەی ژنان ناڕەزایەتی زیاتر دەردەبڕین و دەبێت گەل و لایەنە سیاسییەکانیش هاوهەڵوێست بن دژی داگیرکاری و لەشکرکێشییەکان.

دیڤان سیهاد 

 

ڕانیە- بە پێی ڕاپۆرتێکی سی پی تی ئەمریکی، لە ١٥ی حوزەیران، سوپای تورکیا بەمەبەستی قوفڵکردنی تەواوەتی چیای مەتینا و پێشڕەویکردن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زنجیرە چیای گارا، دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە دەڤەری بەرواری باڵا. ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاسمان و زەمینەوە بەرێوەدەچێت و لە ساتەوەختی دەستپێکردنییەوە بە نزیکەیی (١٢٥٠) سەرباز و (٣٠٠) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ بەشداریکردن لەم ئۆپەراسیۆنە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و هێرشە ئاسمانییەکانیش چڕتر بوونەتەوە.

 

لە ماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای تورکیا ٣٨١ جار هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە زۆرینەی هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بوون و بەشێکی تری بۆردوومان و هێرشەکان لە ڕێگەی تۆپباران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بوون. ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی، لەدەستدانی بەرهەمی جوتیاری و بژێوی ژیانی گوندنشینان، لەدەستچوونی ڕەز و باخ و زەوی کشتوکاڵی، وێرانبوونی ژێنگە و برینداربوونی هاووڵاتییەکی مەدەنی.

 

ژنانی هەرێمی ڕاپەڕین بە چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتی، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەن و داوا دەکەن، کە هەرچی زووە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستێنرێت کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٨ هاوڵاتی و برینداربوونی چەندانی دیکە.

 

"دەوڵەتی تورکیا بۆ پەردەپۆشکردنی داگیرکارییەکانی بیانوو دەهێنێتەوە"

ئاواز ئیسماعیل، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک دەربارەی هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان هێرش و داگیرکاری دەستپێکردووە بۆ سەر باشووری کوردستان، بە بیانووی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە، وتیشی: ئەوانەی دەوڵەتی تورکیا باسی لێوە دەکات، تەنها بیانوون و ئامانجی داگیرکارییەکان زیندووکردنەوەی میساقی میللی عوسمانییەکان و داگیرکردنی باشووری کوردستانە، بۆیە ئێمە وەکو گەلی باشوری کوردستان دەبێت قوڵتر بیر بکەینەوە و دوورتر بڕوانینە ئەم شەڕ و داگیرکارییە.

 

ئاواز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا گەریلاکانی ئازادی لە پێشەوەی شەڕن و بەرگری کردندان و ئەرکی ئەخلاقی و مێژووی و مرۆڤایەتی خۆیان بەجێدەگەیەنن، وتیشی: ئەوەی دەمێنێتەوە ئێمەیم، وەک گەل و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لە لە کەسێکی بچوک هەتا گەورە بەرپرسیارین بەرامبەر ئەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا دەستی پێکردووە، چونکە ئەو شەڕە تەنها بۆ لایەنێک نییە و بۆ هەموو باشووری کوردستانە کە دەیەوێت داگیری بکات.

 

ئەو ئەندامەی ڕژاک باس لەوە دەکات، کە لە مێژووشدا چەندین ئیمپڕاتۆرییەتی کوردی بە دەستی عوسمانیەکان کۆتاییان پێهاتووە، وتیشی: ئەم شەڕە درێژکراوەی ئەو داگیرکاریەیە، ئەم هێرشانە بە چاوساغی و دەستپێشخەری بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە دەکرێت، ئەوە شەرمێکی گەورەیە لە مێژوودا و لەسەریان دەمێنێتەوە و کارێکە دژی بەرژەوەندییەکانی گەل، بوونی پەکەکە بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بیانوویەکە و بۆ پەردەپۆشکردنی داگیرکارییەکانە.

 

"دەبێت ژنان پێشەنگایەتی دژی داگیرکاری بکەن"

ئاواز ئیسماعیل باسی لە هەڵوێستی گەل کرد، کە دەبێت ژنان زیاتر هۆشیار بن و هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت دژی داگیرکارییەکان، چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا قوڵترە لە داگیرکردنی باشووری کوردستان و پیلانەکەی داگیرکردنی ویلایەتی موسڵیشە، وتیشی: ئەوانەی ئەمڕۆ بێ دەنگیان بەرامبەر هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵبژاردووە، لە داهاتوودا دەبینن کە چەند زەرەرمەندن، ئێستاش زەرەرمەندن، بەڵام هەست ناکەن، بۆیە وەکو گەل لە باشووری کوردستان دەبێت شۆڕشێکی مەدەنی هەڵگیرسێنین دژی ئەو داگیرکاری و لەشکرکێشیەی دژی مرۆڤایەتییە، چونکە ئەوەی ئەردۆغان دەستی پێکردوە دژی هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆڤی و دینییە، بەهۆی هێرشەکانەوە گوندەکان چۆڵ دەبن و دێنە شارەکان، ئەمەش دژی فەرهەنگ و زمان و کولتووری کوردییە، بۆیە ئێمە دەبێت بە هەموو شێوەیەک بەرەنگار ببینەوە و دژی بوەستینەوە، پێویستە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ئەو بێ دەنگییە بشکێنین، چونکە ئەو هێرش و داگیرکارییانە درێژە دەکێشێت و پرسەکەش پرسێکی گشتییە.

 

ئاواز ئیسماعیل وتیشی: "لەو کاتەوەی کە ئەردۆغان و چەتەکانی ئەو هێرشە بەرفراوانەیان دەستپێکردووە، چەتەکانی داعشیش جموجۆڵیان دەستپێکردووە، ناو بە ناو هێرش دەکەن، لە ڕاگەیاندنەکانەوە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە لەو ناوچانەی کە داگیر دەکرێن و سەربازەکانی ئەردۆغان لێی نیشتەجێ دەبن، هەر لەو شوێنانەش چەتەکانی داعش دادەنرێن، لەبەر ئەوە دۆخەکە مەترسیدارە بە تایبەت بۆ ئێمەی ژنان و  پێویستە وەک ژن دەستپێشخەر بین"، لە کۆتاییدا پەیامی بۆ ژنانی باشووری کوردستان نارد، کە بۆ ئەوەی وەک ژنانی شەنگال نەکەونە بازاڕەکان و وەک کەنیزەک مامەڵەیان پێوە نەکرێت، دەبێت دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانە بوەستنەوە.