ژنانی لیبیا: بەشداری ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەتوانێت گۆڕانکاری بکات

ژنانی چالاکوانی لیبیا جەختیان لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە کردەوە لەبارەی گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە بواری سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکاندا.

هیندیە عەشیبی

 

بنغازی- هەرچەندە تا ئێستا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لیبیا دیاری نەکراوە، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی لیبیا کرد کە گرنگی پێشخستنی ژینگەیەک بدەن کە ڕێز لە ژنان و کچان لە لیبیا بگرێت و بیانپارێزێت بەگوێرەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی، هەروەها داوای کرد کاربکەن بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی کاریگەر کە ڕەچاوی توندوتیژی دژی ژنان و کچان بکات لە کایەی تایبەت و گشتیدا، بۆ ئەوەی بتوانن وەک دەنگدەر و کاندیدی ژن بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و نوێنەرایەتی لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا بکەن.

 

ئەسما سەعیتی، چالاکوانی مەدەنی و باڵیۆزی هۆشیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانیی هەڵبژاردنەکان، خستیەڕوو، ژنان لە لیبیا لە ڕووی سیاسییەوە سنووردارکراون، بەو پێیەی بەرکەوتەی توندوتیژی سیاسی دەبن لەلایەن کۆمەڵگە، هاوژین، یان خێزانەوە، بەوەی ڕێگری لە بەشداریکردنی ژنان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا وەک دەنگدەر و کاندید دەکەن، هەروەها ڕێگری لە سەرۆکایەتی و گەشتنە ئاستی پۆستە باڵاکان دەدەن.
 

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو توندوتیژییە سیاسییەی کە ژنان لە لیبیا بەرکەوتەی دەبن، ئەگەری بوونی ئەوان لەناو گۆڕەپانی گشتیدا کەمدەکاتەوە و بەشداری سیاسییان سنووردار دەکات، وتیشی: پەروەردەکردنی ژنان و خێزان و کۆمەڵگە گرنگە و پیویستە لە ڕووی دەستوور و یاساوە، ئامادەبوون و بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسیدا ڕێکبخرێت و گرەنتی بکرێت.

 

هنادی عەیاد، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی، وتی: توندوتیژی سیاسی کە ئاراستەی ژنان دەکرێت لە لیبیا بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا سنووردار دەکات، چ وەک کاندید یان دەنگدەر، هاوکات کاراکردنی ڕۆڵی ئەوان لە چوارچێوەی دامەزراوە جیاجیاکانی دەوڵەتدا سنووردار دەکات، لە دوایین حکومەتی لیبیادا کە نزیکەی ٣٠ ناوەندی وەزارەتی لەخۆگرتبوو، ژنان تەنانەت دوو وەزارەتیان بەدەستەوە بوو، ئەمەش ژمارەیەکی کەم و قبوڵنەکراوە، هەروەها مەرجەکانی ژنان و ئاواتەکانی دوای شۆڕشی ٢٠١١ بەدی ناهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، توندوتیژیی هەڵبژاردن لە لیبیا بە شێوەیەکی بەرچاو لە لایەن هاوژین، برا، کوڕ، یان باوکەوە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت،ڕێگری دەکرێت لە بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چ وەک کاندید بێت یان دەنگدەر، بۆیە دەبێت هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە و کۆمەڵگە و خێزان و خوێندکاران لەناو قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەییە جیاوازەکاندا پەروەردە بکرێن، سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە کاری سیاسی و پرۆسەکانی هەڵبژاردنی شارەوانی و پەرلەمانی و سەرۆکایەتیدا.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین ژنان لە لیبیا بگەنە ئەو ئامانجەی کە ئاواتەخوازن، هەروەها بەشێوەیەکی بەهێز و کاریگەر بەشداری لە گەشەکردن و گەشەپێدانی وڵاتەکەدا بکەن بۆ بەرزکردنەوەی پێگە و ئامادەیی خۆیان لە چوارچێوەی پێگە جیاوازەکانی وڵاتەکە و دامەزراوە تایبەت و گشتییەکانیدا.

 

جێی ئاماژەیە، مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە هاوکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجامی یەکەم ڕاپۆرتی پلاتفۆرمی “چاودێریکردنی توندوتیژیی هەڵبژاردن دژی ژنان”ی ڕاگەیاند، کە زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە بواری سیاسیدا ئاشکرا کرد.