"قومارکردن پلانگێڕییەکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە بۆ فریودانی گەنجەکانمان"

ژنان زەرەرمەندی یەکەمن لە دۆخی قەیراناوی وڵاتان و بە تایبەت باشووری کوردستان، بەهۆی تەشەنە سەندنی قومارکردنی پیاوانەوە، بوونەتە داشی دامەی یاریەکی دروستکراوی دەستی دەسەڵات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان بوونەتە داشی دامەی یارییەک کە دەسەڵات و نەیارانی کورد لە باشووری کوردستان دروستیان کردووە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و فریودانی گەنجان، بە جۆرێک پیاوان ئامادەن هاوژینەکانیان یان کچەکانیان بدۆڕێنن، لە بەرامبەر ئەنجامدانی یارییەکی قومارکردن.  

 

"کۆمەڵگە لە دۆخێکی وا خراپدایە قومار بە ژنانەوە دەکات"

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی باشووری کوردستان ڕوو لە خراپبوون دەکات، لەم دۆخەشدا ژنان زەرەمەندی یەکەمن، بۆیە دەبینین ژنان کەوتوونەتە بەر پلانگێڕی دوژمنان و کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە، کە ڕۆژانە دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و لەسەر مێزی قومارکردن یاریان پێوە دەکرێت، ئەوەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری ژنان، چونکە ئەگەر ژنان لە ڕووی فکر و زهنیەتەوە خۆیان پێشبخەن و هەست بە ئازادبوون بکەن، و هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ ئازادبوون و داواکردنی مافەکانیان بێت، ناکەونە بەر پلانگێڕییەکی وەکو قومارکردنەوە.

 

"دەسەڵات لە پشت کردنەوەی قومارخانەکانە"

سارا ڕەزا ڕوونی کردەوە، هەر شوێنێک قومارکردنی تێدا ئەنجام بدرێت یان بازرگانی بە ژنانەوە بکات، ئەوە دەسەڵات پاڵپشتی دەکات، چونکە ئاسایش و سەقامگیری باشووری کوردستان لە ئەستۆی ئەم دەسەڵاتەیە، وتیشی: دەبینین یاسا بەرامبەر بەو تاوانبارانە بێ دەنگە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی داوای ئازادی دەکەن و تێدەکۆشن دەستگیریان دەکەن و هەوڵی کپکردنی دەنگیان دەدرێت، تەنانەت لە زیندانەکاندا هەروەکو وەزیری کۆمەڵایەتی ئاماژەی پێکرد، شوێن هەیە تیایدا دەستدرێژی دەکرێتە سەر زیندانیان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: قومارکردن دیاردەیەکی قێزەون بوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵام لە سایەی ئەم دەسەڵاتەوە وردە وردە ئەوەش ئاسایی دەکەنەوە لەناو خەڵکدا، ئەمەش پلانگێڕییەکی دەوڵەتانی داگیرکەرە بۆ فریودانی گەنجەکانمان، بێگومان ئەمەش دەسەڵاتی لە پشتەوەیە.

 

سارا ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو، دەرکەوتنی هەر دیاردەیەکی قێزەونی وەکو قومارکردن و بەکارهێنانی ژنان زەرەرێکی گەورە بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان بێنە دەنگ و ئەم زوڵمەی لە ژنان دەکرێت قبوڵ نەکەن، بەڵام بەداخەوە ڕێخراوەکانیش بێدەنگیان هەڵبژاردوە و لەسەر مافەکانی ژنان نایەنە دەنگ، ئێمەی ژنان چیتر ئەوە قبوڵ ناکەین کۆمەڵگەکەمان لەکەدار بکرێت.