پەرلەمانتارێکی عێراق: بە هێز و ئیرادەی ژنان شکست بە داگیرکاری دەهێنین

له‌ کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ژنانی عێراق كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، به‌شداربووان چه‌ندین بابه‌تی گرنگیان تاوتوێ كرد. یەكێك لەو پرسانە پشتگوێخستنی پێكهاتەی ئێزدییەكان بوو كە چەندین فەرمانیان بەسەرداهێنراوە.

 ئەڤین زەندا

 

بەغدا- بە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوت خودی ژنانی ئێزدی بوون. بەڵام دوای ئەو فەرمانە ژنانی ئێزدی جارێکی دیکە بۆ جیهانیان سەلماند کە ژنان هێز و ئیرادەیان هەیە، دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و کۆمەڵگە بنیاد بنێنەوە.

 

شروق ئەلعەبایە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها لە بارەی کۆنفرانسەکەوە وتی: سەرەتا وەک ژنێکی عێراقی زۆر خۆشحاڵم بە بەشداریکردن لەم کۆنفرانسەدا کە سەرجەم ژنان لە رێکخراوە جیاوازەکاندا ئامادەن، پشتگیری خۆم بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی و ژنانی ئێزدی کە تووشی توندترین جینۆساید بوون لە مێژوودا، نیشان دەدەم، من لەگەڵ هەموو دەستوورە نێودەوڵەتییەکانم بۆ پاراستنی مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، ئێمە ئامادەین لەم کۆنفرانسەدا سەرنج بۆ ئەمە ڕابکێشین، لە سەرووی ئەوەشەوە، ئەگەر دەستوور و بڕیارەکانیش دەربچن، پێویستە هەنگاو بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، ئامانجێکی دیکەمان لەم کۆنفرانسەدا کۆکردنەوەی ژنانی عێراقە بۆ پشتیوانیکردن لە پێکهاتەی ئێزیدی و بەدواداچوون بۆ فەرمانی ٧٤، بە تایبەتی بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرێک بۆ ژنانی ئێزدی بدۆزینەوە کە بە جینۆسایدەکەدا تێپەڕیون.

 

"ئێزدییەکانیش هاوڵاتی عێراقن"

شروق ئەلعەبایە، لە درێژەی قسەکانیدا، جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئێزدی و بەتایبەتی ژنانی ئێزدی، "بەپێی دەستووری عێراق، سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق لە هەمان ئاستدان، بەڵام بەداخەوە ئەم جیاوازییە ڕەگی مێژوویەکی دێرینی پڕ لە شەڕ و بەرخۆدانی هەیە، گەلی ئێزیدیش هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، هەروەها مێژوویەکی دێرینیان هەیە و پەنجەمۆریان لەسەر ناسنامەی عێراق کردووە، چونکە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتەی گەلان، لە هەموو ڕوویەکەوە گەلی ئێزدی بۆ عێراق گرنگە، بەڵام رێکخراوە سیاسییەکان و بەتایبەتی پێش ئەوەی دەستوور و یاسا نوێیەکان لە عێراق دەربچن، هۆکاربوون تا گەلی ئێزدی مافەکانیان پێشێل بکرێت و نەپارێزرێت".

 

"دەبێت حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ"

لە درێژەی قسەکانیدا، شروق ئەلعەبایە لەسەر شنگال وتی: فەرمانەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ شۆکێکی گەورە بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و بەتایبەتی بۆ عێراق، من یەکێکم لەو کەسانەی کە دوای ئازادکردنی شنگال چوومە ئەوێ و بە چاوی خۆم ئازاری ئەو دیلانەم بینی کە لە دەستی داعش ڕزگاریان بوو، لە راستیدا بە تەواوی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پشتگوێخراون، من پشتیوانی شەنگالم و دەبێت ئاوەدانی بکرێت و خزمەتگوزاری بە شەنگال بگەیەنرێت.

 

"دەسەڵاتی ژنان دەتوانێت ڕێگری لە داگیرکاری بکات"

لە کۆتایی قسەکانیدا، پەرلەمانتار شروق ڕایگەیاند، پێویستە هەموو ژنانی عێراق ئاگاداری خاک و وڵاتەکەیان بن و ڕێگە نەدەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، "بۆ ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەبێت لە هەموو شوێنێک سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی دروستببێت، ناڕەزایی بەرامبەر ئەو هێرشانە لە زیادبووندایە. پێویستە وڵاتانی دراوسێ وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕێزی عێراق بگرێت، ژنانی عێراق و هەموو گروپەکان هێز و ئیرادەیەکی زۆریان هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگە. بۆ نموونە ژنانی ئێزدی کە ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە، جارێکی دیکە خۆیان بنیات دەنێن و پاراستن دەکەن و خۆبەڕێوەبەری خۆیان بەڕێوەدەبەن، ‌داوا له‌ سه‌رجه‌م ژنانی عێراق ده‌كه‌م كه‌ یه‌ك ده‌نگ بن و له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا جوڵە بكه‌ن".