"داگیرکاریی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەرفەتی زیندووکردنەوەی داعشە"

ئەڤین پاشۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی ژنانی هەرێمی جەزیرە لەبارەی هەڕەشە و هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا و ئەو مەترسییانەی داعش دروستی كردوون، وتی: ئەگەر هێرشێكی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێتە دەرفەتێک بۆ زیندوکردنەوەی داعش.

 

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕزگاربوون لە قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا لە کۆتایی ڕێککەوتنی لۆزاندا ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیایە لە سەدەی ٢١دا و دەیەوێت هەنگاو و هەژموونی خۆی فراوانتر بکات، لەسەر ئەم بنەمایە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەکات و هێڵی داگیرکاری خۆی چەند کیلۆمەترێک زیاد دەکات.

 

ئەڤین پاشۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی ژنانی هەرێمی جەزیرە لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان وتی: ئەگەر مرۆڤ پرسیاری ئەوە بکات "ئەگەر دەوڵەتی تورک دەستێوەردان لە باکووری سوریا بکات، خەڵکی ناوچەکە و داعش چییان بەسەر دێت؟" دەبێت بوترێت کە بێگومان ئەم هێرشە چەندین کارەساتی مرۆیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و جەنگی جیهانی سێیەمی تێدا پێناسە دەکرێت، بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان لە مەترسییەکی گەورەدان، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە گەورەترین هێزی تیرۆریستی جیهان کە داعش و بنەماڵەکانیانن وەک بۆمبێک لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون و دیار نیە کەی دەتەقێتەوە.

 

"پڕۆژەی دیموکراتیکمان دەوڵەتی تورکیا دەترسێنێت"

ئەڤین پاشۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی دیموکراتیک دەوڵەتی تورک دەترسێنێت و هێرشەکانی وەک گورگ لەم قۆناغەدا زیاد دەکات، دەشڵێت: کاتێک شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسا بە ناوی بەهاری گەلان، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئازادی دەستیپێکرد و بووە جەماوەری، بە تێپەڕبوونی کات ئەم سیستەمە گۆڕا و هاتە سەر دەسەڵات و کەوتە ژێر خزمەت و بەرژەوەندی دەوڵەتان. سیستمە دەسەڵاتدارەکان پشت بە جینۆساید و خوێنڕشتنی خەڵک دەبەستن و بەو پێیە هەڵسوکەوت دەکەن. ئەو شۆڕشە لە رۆژئاوای کوردستان بە هەمان ئامانجی رزگارکردنی گەلی کورد و شکاندنی سیستەمی حکومەتی خوێناوی و رزگارکردنی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و سوریا لە دەسەڵات و ڕووخاندن دەستیپێکرد. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ خه‌ڵكی ڕۆژئاوا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئیداره‌ی خۆبەڕێوەبەری جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیک خۆیان ڕێكخست و كارێكی پیرۆزیان ئه‌نجامدا، لەبەر ئەم هۆکارە دەبینین کە دەوڵەتی تورکیا چۆن وەک گورگێک هێرش دەکات و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکمان تا چەند هەڕەشە لە دەوڵەتی تورکیا دەکات و دەیترسێنێت".