ڕۆژنامەنووسان، دژی ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین دێنە دەنگ

لە پێناو بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووسان دەوڵەتی تورکیا بەردەوام ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان بە ئامانج دەگرێت، هەمان سیاسەت پەدەکە لە باشوور بەڕێوەی دەبات، بەڵام ڕۆژنامەنووسان داوا دەکەن ئازادیخوازان بێدەنگ نەبن لە ئاست مافەکانیان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕێگریییەکان لە ئازادی ڕادەربڕینی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە باشووری کوردستان، هاوتای ئەو ڕێگریانەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان ئەنجامی دەدات، داگیرکەران دژی گەلی کورد ڕێگری دەکەن، بەڵام لە باشوور پەدەکە دژی گەلی کورد ئەنجامی دەدات و هەمان سیاسەتی دوژمن دووبارە دەکاتەوە.

 

هەرچەندە زیاتر لە ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس وەک پاڵپشتییەک پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆنامەنووسانی باکووری کوردستان دەربڕیوە، بەڵام هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان هەن بەهۆی سیاسەتی حزب و ئەو میدیایەی کاری تێدا دەکەن بێدەنگن، لەکاتێکدا ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە بێنەدەنگ لە ئاست پێشێلکارییەکانی بەرامبەر مافی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت.
 

بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان دوای ڕووداوەکەی ٨ی حوزەیرانی باکووری کوردستان و دەستگیرکردنی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنووس، داوا دەکەن چیتر ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان لە ئاستی دەنگی ئازادیان بێدەنگ نەبن.

 

"لە باکووری کوردستان نەک ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان بەڵکو لە هەموو کوردێک دەکرێت"

هێڤی سەڵاح، دەربارەی ڕێگرییەکان لە ئازادی ڕادەربڕین لە باکووری کوردستان ڕوونیکردەوە، بە تەنها ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان و چلاکوانان ناکرێت، بەڵکو بەگشتی هاوڵاتی کورد لەو ناوچانە کە تەنها داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن پێشێلکاریان بەرامبەر دەکرێت و ڕێگری لە ئازادی ڕادەربڕینیان دەکرێت.

 

"سیاسەتی پەدەکە درێژەپێدەری سیاسەتی ئاکەپەیە"

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە بارەی ڕێگریکردنی ئازادیخوازان لە باشووری کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ئەو سیاسەتەی ئاکەپە لە باکووری کوردستان جێبەجێی دەکات هەمان ئەو سیاسەتەیە کە پەدەکە لە باشووری کوردستان جێبەجێی دەکات، چونکە ئەو سیاسەت و مامەڵەکردنەی پەدەکە دەیکات درێژەپێدەری سیاسەتی ئەردۆغانە.

 

"ئەو مەترسییەی لە باکووری کوردستان دژی ئازادیخوازان هەیە بە هەمان شێوە دژی ئازادیخوازانی باشووری کوردستانیش هەیە، بەڵام پێویستە بزانرێت ئازادیخوازانی باکوور لە پێناو سەلماندنی کورد و کوردبوونیان داوای ئازادی دەکەن بەڵام لە باشوور کوردە کە ڕێگە لە کورد دەگرێت و سەرکۆنەی دەکات، بەهۆی ئەوەی تورکیا لە شکستدایە، لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بۆیە بەردەوام هێرشەکانی زیاد دەکات بە تایبەت بۆ سەر باشوور، بەڵام بەردەوام شکست دەهێنێت، پێی وایە دەتوانێت لە ڕێگای هێرش و ڕێگریکردن لە ئازادیخوزان لە باکووری کوردستان قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە".

 

"پێویستە ڕۆژنامەنووسان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان یەک دەنگ بن بێگوێدانە سیاسەتی دەزگاکەیان"

دەربارەی دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، هێڤی سەلاح وتی: هەرچەند لە باشوور ڕێگری لە ئازادیخوازان بکرێت، بەڵام زیاتر لە ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس هەن کە پشتیوانیان دەکەن، ئەوەشی بێدەنگ و بێ هەڵوێستە ئەو ڕۆژنامەنووسانەن کە سەر بە حزب و دەسەڵاتێکن و بۆ میدیای ئەو حزبە کار دەکەن، کەلە بەرژەوەندی داگیرکەران سیاست دەکەن، بۆیە ڕۆژنامەنووسێک ئەگەر بەرپەرچی حزب و دەسەڵات بداتەوە ڕێگری لێدەکەن تا ئاستی کوشتنی وەک سەردەشت عوسمان، گیراوانی بادینان و دەستگیرکردنی چەندین ڕۆژنامەنووسی ئازادیخواز پشتڕاستی دەکاتەوە، کە بەرهەڵستیکردنی دەسەڵات و حکومەت گرتن و ڕێگریکردنی ئازادیخوازانی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەت لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی پەدەکە دایە.

 

هێڤی سەڵاح پێیوایە دەبێت هەڵوێستەکان یەک دەنگ بن، ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز گوێنەدەن بەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکاروانە سەر بە چ میدیا و سیاسەتێکن، چونکە دواجار کاری ڕۆژنامەنووسی خستنەڕووی ڕاستی دەربڕینی بیری ئازادییە، هەڵوێستەکان تەنها لە پۆستێک و هەواڵێکدا نەمێنێتەوە، بەڵکو چالاکی ئەنجامبدرێت، ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەستگیرکراون بێگوومان کاریگەری دەبێت بۆسەر ڕۆژنامەنووسانی دیکە و سیاسەتی ئەو حزبانەی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادان.

 

"ڕۆژنامەنووسانی ژن زیاتر هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدرێت"

شادان حەسەن، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا کە بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت و گرفتیان بۆ دروست دەکرێت بە تایبەت ڕۆژنامەنووسانی ژن، ئەگەر تەنها ڕێگرییەک هەبێت بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان بێگومان بۆ سەر ژنان چەند ڕێگرییەک هەیە و زیاتر پێشێلکاری دەکرێت.

 

بۆیە داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد بوێرانە بەرپەرچی ڕێگرییەکان بدەنەوە و هیچ شتێک نەیانوەستێنێت و بەردەوام بن لە دەنگی ئازادیان، "پێشێلکارییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان زیاتر لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، هێندەی چاو لەسەر بێدەنگکردن و ڕێگریکردنی ڕۆژنامەنووسانە هێندە لەسەر خۆپیشاندەران نییە".