میلا: پەدەکە ڕێگەی نەدا بچینە ڕۆژئاوای کوردستان چونکە هاوکاری تورکیایە

شاندێکی نێودەوڵەتی گەنجان لە ئەوروپاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان و داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکەن، میلا گەنجێکی شاندەکەیە و دەڵێت: ویستمان بچینە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام پەدەکە ڕێگری لێکردین.

سلێمانی

 

شاندێکی نێودەوڵەتی گەنجان کە پێکدێن لە گەنجانی شۆڕشگێڕ، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە چەندین وڵاتی ئەوروپاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و سەردانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان تا بتوانن ئەزمونەکەی بناسن و بتوانن پێکەوەژیان و سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

 

میلا، ئەڵمانییە و ئەندامی شاندەکەیە، باس لەوەدەکات کە هاتوونەتە باشووری کوردستان و هەوڵیانداوە بچنە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام لەلایەن پەدەکەوە ڕێگرییان لێکردووە، وەک میلا دەڵێت: "پەدەکە ڕێگری ڕێکردین چونکە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات".

 

ڕۆژی شەممە، ١١ی حوزەیران هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە دژی داگیرکاری، لە شاری سلێمانی ڕێپێوان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێکرا و گازی فرمێسکڕێژ بەسەر چالاکواناندا بەکارهێنرا.

 

میلا لەو چالاکییەدا بەشداربوو، باس لەوەدەکات کە ڕێگری لە خۆپیشاندەران کراوە و توندوتیژی بەرامبەر چالاکوانان بەکارهاتووە، دەشڵێت ئەوان ڕۆژنامەنووسن و ئەو دۆخە بە هەموو میدیا عەرەبی و جیهانییەکان دەگەیەنن، "ئێمە کاری ڕۆژنامەوانی دەکەین و پەیوەندیمان لەگەڵ میدیا جیاوازەکاندا هەیە، ئێمە چیرۆکی گەشتەکەمان دەگێڕینەوە کە چۆن پەدەکە ڕێگەی نەدا لە دەروازەی سنوری بپەڕینەوە، هەروەها ئێمە بەشانازییەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەش دەنووسین و خەڵکی لێئاگادار دەکەینەوە".

 

میلا و گروپەکەی سەردانی زۆر لایەنیان کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی هێرش و مەترسییەکانی سەر کوردستان کردووە، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بە ستراتیژییەکی سیاسیی بەهێزەوە دەگەڕێنەوە و لە وڵاتەکانیان کاری پێدەکەن، "ئێمە باسی خۆپیشاندانەکان بۆ هاوڕێکانیان دەکەین، باس لە دۆخی سەختی سیاسی لە ناوچەکەدا دەکەین و باسی ئەوە دەکەین کە لێرە چەندە هاوڕێی نوێمان ناسیوە".