بەدریە ئیسماعیل: مەرامی حزبی خولی پێنجەمی پەرلەمانی درێژکردەوە
لە ماوەی چوار ساڵی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەرچەندە چەندین یاداشت و پڕۆژە یاسا دەربارەی بابەتە جیاوازەکان پێشکەشکراوە و وەڵامیان نەبووە، دانیشتنەکانیش کەمومورتی بە خۆیەوە بینیووە، بەڵام بۆ مەرامی سیاسیی پەرلەمان درێژکرایەوە.
شنیار بایز
سلێمانی- لە بەرواری ٩ی تشرینی یەکەم، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرزێکی دیکەی یاسادانان کە ماوەی ساڵێک دەکات، درێژکرایەوە.
"ڕێکنەکەوتنی هەردوو حزبی دەسەڵات خولی پێنجەمی پەرلەمانی درێژکردەوە"
بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمان لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، دەربارەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان ڕوونیکردەوە، پەرلەمان مافی هاوڵاتیانە و ناکرێت لەسەر خواستی دوو حزبی دەسەڵات درێژبکرێتەوە، حزبەکان ئەم درێژکردنەوەیەیان کردووەتە مۆدێلێک بۆ هەموو خولێکی پەرلەمان بە بیانووی نائامادەسازی و کۆمەڵێک پاساوی دیکە وەک ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و هەموارنەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، هەوڵی درێژکردنەوەی خولەکە دەدەن.
دەکرا لە دوو ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمان کۆمسیۆنیان کارا بکردایە و کێشەکانی هەڵبژرادن و کۆمسیۆنیان چارەسەر بکردایە، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرایە، بە پێی یاسا و دەستوور خولی پەرلەمان چوار ساڵە هەر بۆیە دەبوو خولی پێنجەم لە بەرواری ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ کۆتایی بهاتایە و بەرواری ٦ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردن بکرایە.
"یاداشت ئاڕاستەی پەرلەمان کراوە، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەبووە"
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە کۆمەڵێک لە ئەندام پەرلەمانەکان لە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی پڕۆژە یاساکە بایکۆتیان کرد و ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاساکە جێبەجێکرا و خولی پێنجەمی پەرلەمان درێژکرایەوە، وتی: وەک فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە بەرواری ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١وە یاداشتمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە دەربارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئامادەسازی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان.
"دەسەڵاتداران ترسیان لە دەنگی دەنگدەران هەیە و ئومێدیان بە خەڵکی نەماوە"
درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان دوو لایەنی هەیە، بەدریە باسی لە هەر یەک لە لایەنەکان کرد و ڕوونیکردەوە، لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆی حکومەت خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توند لەسەر کاری حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان هەیە، کە زۆرینەیان ئەدای کاری خۆیان وەک پێویست جێبەجێناکەن، هەروەها مەرامی خۆیانە لەو پۆست و دەسەڵاتەدا بمێننەوە لەپێناو گەندەڵکاری و سودمەندبوونی مادی، جگە لەم لایەنە خەڵکی هەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ ئومێدی بە دەسەڵات و هەڵبژاردن نەماوە، ئەمەش وایکرد لایەنە دەسەڵاتدارەکان ترسیان بەرامبەر دەنگدەران لەلا دروست ببێت، هەرچەندە زۆرکات تەزویر لە دەنگەکاندا کراوە بەڵام خۆیان مەرامیانە کابینەی نۆی حکومەت ڕادەست بکەن و کابینەیەکی دیکە بونیاد بنێن.
"لە دادگای عێراق سکاڵا تۆمار کراوە و دادگا لێی بێدەنگە"
بەدریە ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، هاوڵاتیان بۆ ماوەی چوار ساڵ دەنگی بەو حکومەت و پەرلەمانتارانە داوە، کاتێک دەسەڵات و حزبی باڵا دەست هەڵدەستن بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، نایاسای و نادەستوورییە، وتیشی: پێدەچێت وەک فراکسیۆنی کۆمەڵەی دادگەری سکاڵا تۆمار بکەین لە دادگای عێراق بزانین وەڵامیان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان چییە، لە ڕێی فراکسیۆنەکانی دیکەشەوە سکاڵا تۆمار کراوە بەڵام تا ئێستا وەڵامێک نەبووە، گومانی تێدا نییە شەقام و هاوڵاتیان ئەوەندە چاویان کراوەتەوە و خولەکان خۆیان تازە دەکەنەوە، خەڵکی پێیان دەڵێن پەرلەمان و حکومەتی ماوە بەسەرچوو بەڵام کاتێک حزبە باڵا دەستەکان بڕیارێکی لەو شێوەیە دەدەن هاوڵاتیان دەسەڵاتی هیچ شتێکان نییە، تەنها ئومێدیان چاوەڕێکردنە بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵی داهاتوودا.
"لەبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان خولەکانی پەرلەمان ناکرێتە پێنج ساڵ"
بەدریە ئیسماعیل، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرچاوڕوونە بە مافە دەستووریەکان و مافەکانی هاوڵاتیان، وەک ئاشکرایە ئەمە لەپێناو مەرامی سیاسیدایە، ئەگەر نا ئامانجیان نییە لە خودی یاسای پەرلەمان خولی پەرلەمان بکەنە پێنج ساڵ، چونکە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگە بەمە نادەن و لە تەواوی جیهاندا یاسای پەرلەمان چوار ساڵە بۆیە لە پێناو نەشکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان خولەکان ناکەنە پێنچ ساڵ.
لە وەڵامی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری لایەنە جیاواز و ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پەرلەمان وتی: تا ٦ی تشرینی دووەم هەمووان پەرلەمانتارن، بەڵام هەریەک لە لایەنە جیاوازەکان لە پاش کۆبوونەوەی حزبی خۆیان بڕیاری خۆیان داوە، لە کۆتایی دانیشتنەکانی پەرلەمان هەریەکە و بڕیاری خۆی ئاشکرا دەکات.