"بە کپکردنی دەنگێکی ئازاد، هەزاران دەنگی ئازاد بڵند دەبێت"

کەسوکاری شەهیدان دەربارەی داڵدەدانی بکوژانی شەهیدانی قەڵەم و خۆپیشاندەرانی باشووری کوردستان ڕایانگەیاند، سازش لە کەیسی شەهیدانی قەڵەم ناکەین و بەردەوام دەبین لە ڕێبازەکەیان.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- چەندین ساڵە کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات، شەهیدانی قەڵەم و قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی باشووری کوردستان داوای مافی ڕۆڵەکانیان و بە سزا گەیاندنی تاوانباران دەکەن، بەڵام هەر خۆیان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵات بکوژان دەپارێزێت و لەناو پۆستەکانی خۆیاندا دەیانهێڵنەوە و داڵدەیان دەدەن.

 

لە ساڵیادی شەهیدی قەڵەم، ڕۆژنامەنووس وەدات حسێندا، ئاژانسی نوژنها  لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی باشووری کوردستاندا دوا و لەبارەی کەیسەکانیان و هەڵوێستیان دەربارەی ڕێبازی ڕۆڵەکانیان پرسیاری کرد.

 

"شۆڕش لە بادینانەوە دەستپێدەکەین"

ڕێزان عەسکەری، دایکی شەهید گەرمیان، کە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و لەکاتێکدا تەمەنی ١٢ ساڵ بوو، بە فیشەکی دەسەڵات کوژرا، لە ساڵیادی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێندا خستیەڕوو کە بۆ پەرەدان بە کەیسی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو یادی شەهیدان بەرز ڕادەگرن، دڵنیاشی دا کە وەک ئازادیخوازێت هیچ هەڕەشە و هێرشێک ناتوانێت هۆکاری دەستبەردان لە داخوازییەکانیان بێت، "دڵنیایی دەدەین کە ناتوانن ئێمەی ئازادیخواز کپ و بێدەنگ بکەن، ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین، ئێمە کەسانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە چوار پارچەی کوردستان یەکگرتنمان هەیە نیازمان هەیە شۆڕش لە بادینانەوە دەستپێبدەین بۆ ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەی دەیەوێت هەموو ئازادییەکانمان کپ بکاتەوە".

 

ڕێزان عەسکەری دەربارەی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتەوە وتی: "ئەگەر دەسەڵات بیەوێت لە شار و شارۆچکە و ناوچەیەک دەنگێكی ئازاد کپ بکات، لە هەزار شار و شارۆچکەی دیکە دەنگی ئازادی بڵند دەبێت"، جەختیشی کردەوە کە دادگاکان سەروەر نین و سەر بە حزب و بنەماڵەن، بۆیە تا ئێستا بکوژانی سزا نەداوە.

 

"دەیانەوێت لە ڕێگەی یاساوە ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ بکەن"

گەردە مامە حەمە، چالاکوان و خوشکی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە، ئاماژەی بەوەدا دەسەڵات ناتوانێت بە فیشەک دەنگی ئازاد کپ بکات و وتی: لە باشووری کوردستان لە سۆرانی مامە حەمەوە تا شەهید وەدات و ئیستاش دەیان ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی دەسەڵاتی کوردیدا بەند کراون بە ناهەق، بە فیشەک و تیرۆر دەسەڵات نەیتوانی دەنگی ڕۆژنامەنووسانی بوێر و ئازا و لە بەرەی گەلدا بێدەنگ بکات، ئێستاش دەیەوێت لە ڕێگەی یاساوە دەیانەوێت ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان بکەن".

 

گەردە مامە حەمە وەک بنەماڵەی شەهیدانی قەڵەم و سەرجەم شەهیدان جەختیکردەوە سازش لە داواکانیان ناکەن و وتی: داواکارین سیستمێکی دیموکراسی و دادگەری ئاواببێت کە مافی مرۆڤی تێدا بچەسپێت، کەسانێک ئەم هەرێمە بەڕێوەببەن کە دیموکراسی لە ناخیاندا چەکەرەی کردبێت، نەک لە بنەڕەتەوە کە هاتوون بە کوشتن و وەڵامیان دابێتەوە، هەروەها لەسەر کەیسی شەهیدانی قەڵەم هیچ سازشێک ناکەین.