چالاکوانێکی ئەفغانی: ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبن

لەتیفە ئەحمەدی، چالاکوانی مافی ژنان لە ئەفغانستان، بە ئاماژەدان بە فریال سلێمان خالید، باسی لەوەکرد، سەرەڕای کوشتن و تیرۆری زنجیرەی ژنان، ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- کوشتن و تیرۆرکردنی ژنانی سیاسەتمەدارەکان لەسەر دەستی حکومەتە فاشیستەکان بەڵگەیە لەسەر ترسیان لە ژنانی هۆشیار، پێیان وایە بە کوشتنی ژنە سیاسییەکان بزووتنەوەی ژنان و خەباتەکانیان ڕادەگرن، بەڵام لەبیریان چووە کە ژنان داعشیان لەناوبرد و پێگەی ژنانیان لە جیهاندا جێگیر کردەوە.

 

لەتیفە ئەحمەدی، چالاکوانی مافی ژنان لە ئەفغانستان، ئاماژەی بە تیرۆر کردنی سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالید کرد، کە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە هێرشێکی چەکداریدا لە شاری کەرکوک لە باشووری کوردستان تیرۆر کرا و وتی: بیستنی هەواڵی تیرۆر کردنی ئازادیخواز فریال سلێمان خالید بۆ من شۆک بوو، بەداخەوە ڕژێمە ستەمکارەکان لە ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق ڕۆژانە بانگەشەی گیانی ژنە چالاکوانەکان دەکەن و بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان ڕێگریان لێدەکەن.

 

ئەو چالاکوانە وتیشی: سەرەڕای کوشتن و تیرۆرکردنی زنجیرەیی، ژنانی چوار پارچەی کوردستان لە شەڕکردن نەوەستاون، بەڵکو لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەهێزتر دەبن، هەروەها خەباتیان دژ بە نادادپەروەری و ستەمکاریش لە زیادبووندایە، خەڵکی ئەو ناوچانە بەردەوام بوون لە شەڕ و زوڵم و چەوساندنەوە، بەڵام هیچ ستەمێک نەیتوانی بڵێسەی ئارەزووی ئازادییان بکوژێنێتەوە.

 

لە کۆتاییدا لەتیفە ئەحمەدی، بەناوی ژنانی ئەفغانستانەوە هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی کورد ڕادەگەیەنێت و وتی: ئێمەی ژنانی ئەفغانی هەمان چارەنووسی ئێوەمان هەیە و هاودەنگی لەگەڵ ئێوەدا وەستاوین دژی ئەو ستەم و زوڵمەی کە ئێوە تووشی دەبن دەوەستینەوە، من باوەڕم وایە ڕۆژێک دێت کوردستان ئازاد و یەکگرتوو دەبێت، ئەم دەسەڵاتە ستەمکارانە دەڕوخێنێت، هیوای ڕزگاربوون لە عەقڵییەتی ئیخوان و مەلاکانی ئەفغانستان و ئێران و تورکیا و سووریا و ناوچەکانی تری جیهان دەخوازم.