دالیا حەنان: دەوڵەتی تورک دەیەوێت سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد جێبەجێ بکات

دالیا حەنان، هاوسەرۆکی نووسینگەی ڕێکخراوی مەسەدە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە هەڵسەنگاند و وتی: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز ئیرادەی ئازاد و سیستمێکی دیموکراسی قبوڵ ناکات، بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد.

ڕۆناهی نودا

 

قامیشلۆ-دەوڵەتی تورک بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد، بەم دواییانە لە ١٢ی کانوونی دووەم، هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج، سەبارەت بەو بابەتانە، دالیا حەنان، هاوسەرۆکی نوسینگەی ڕێکخراوی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک "مەسەدە" بۆچوونی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.

 

"دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات"

دالیا حەنان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر گەلی کورد شەرمەزار کردو وتی: لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، ژێرخان و سەرچاوەکانی ژیان خراپتر بوون، ئەم هێرشانە تاوانی جەنگە و ئێمە بە توندی ئیدانەی دەکەین، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سیستمێکی دیموکراتیک بونیاد نراوە کە گەلەکەی خۆی بەڕێوە دەبات، بۆیە ئاشتی و ئازادی هەیە، لە هەمان کاتدا چەتەکانی وەک داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شکستیان هێنا، بۆیە سەقامگیری ناوچەکە ڕوویدا، یەکگرتوویی گەلان دامەزراوە و لە ئاستێکی گەورەدا کارەکانیان بە سیستمێکی دیموکراتیک ئەنجام دەدەن، لە هەمان کاتدا، سیستمی ژنان کە لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەرچاو پێشەنگایەتی کردووە، ڕۆڵی هەبووە لە سیستمی خۆبەڕێوەبەرییداو ڕێژەی ٥٠%ی دامەزراندووە، هەموو ئەمانە گۆڕانکارییان لە ناوچەکەدا کردووە و سیستمێکی دیموکراتیک لە دژی سیستمە فاشیستییەکان دامەزراوە، هەموومان دەزانین کە مێشکی دەوڵەتی تورک خۆی لەسەر کۆڵەکەکانی نەتەوەپەرستی بونیاد دەنێت، بۆیە دەوڵەتی تورکیا سیستمەکەمان قبوڵ ناکات، هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانمان بە بیانووی جۆراوجۆر، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوەکان و نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و ژێرخانی ناوچەکە.

 

"بێجگە لە بەرخۆدان هیچ ڕێگایەک بۆ ئێمە نییە"

دالیا حەنان باسی لە بێدەنگی جیهانی کرد لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل کرد بەرامبەر هێرشەکان و وتی: هەموو جیهان دەزانێت هێرشەکان بۆ سەر ئەو شوێنەی گەل تێیدا دەژین تاوانی جەنگە، بەڵام بەداخەوە بێدەنگی هەیە بەرامبەر ئەم هێرشانە، بێ هەڵوێستی جیهان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ڕەزامەندیی هێرشەکانە، پڕۆژەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن وڵاتانەوە قبوڵ ناکرێت، لەم دواییانەدا، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەندکرا کە شۆکێکی بۆ هەمووان دروستکرد، بۆیە ئاستی هێرشەکان فراوانتر بوو، بە ئامانجی ئامانجکردنی ژێرخانی هەرێمەکە، دەیانویست گەل ناچار بکرێن کۆچ بکەن و کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەری، بەڵام بە پێچەوانەوە گەل کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکان کرد و دەستبەرداری خاکەکەیان نەبوون، چالاکییەکانی ژنان و گەنجان و خەڵک پەیامێک بوو بۆ دەوڵەتی تورکیا و جیهان،  سڵاو لە هەڵوێستی گەل و بەرخۆدانی ئەوان دەکەین و دەڵێین هیچ ڕێگەیەک نییە لە دەرەوەی بەرخۆدان.

 

"دەوڵەتی تورک ئیرادەی کوردی پێی قبوڵ ناکرێت"

دالیا حەنان ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا نەک تەنها هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵکو هێرش دەکاتە سەر هەرکوێیەک کە کوردی لێبێت و وتی: لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، ڕاپەرین و بەرخۆدان بە ناوی کوردەکانەوە هەبووە، لە دۆڵی زیلانەوە بۆ تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و ئەمڕۆ هەموو هێرشەکان بۆ قڕکردنی کوردەکانن، دەوڵەتی تورکیا حەز ناکات کوردەکان ببنە خاوەن ئیرادە، بۆیە دەیەوێت جینۆسایدی گەلی کورد ئەنجام بدات، ئەمڕۆ دەبینین کە زیندانەکان لە باکووری کوردستان داگیرکراون و هەموو ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و لایەنگران و ڕۆژنامەنووسان لە زینداندان و چارەنووسیان ڕوون نییە، ئەمە جینۆسایدە دژی گەلی کورد.

 

"تێکۆشانی ژنان لە دژی هێرشەکان بەهێزتر دەبێت"

دالیا حەنان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر ژنانی پیشەنگ بەم شێوەیە باسکرد: چەندین ڕێکخراوی ژنان هەن کە دەیانەوێت برەو بە ئازادی بدەن، بەڵام بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنان دەیەوێت ئیرادەو ئازادی ژنان لە بەرزترین ئاستدا بونیاد بنێت و کار و خەباتێکی زۆر دەکات، ژنان ئیرادەی خۆیان دەبینن و کار بۆ ئازادی ژنان دەکەن، بۆیە ژنان دەکرێنە ئامانج و هێرشیان دەکرێتەسەر، دەسەڵاتداران پێشکەوتنی ژنان لە ڕووی سیاسییەوە وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆیان دەبینن، پێشتر ژنان لە هەموو کارێک بێبەش کرابوون، بەڵام ئەمڕۆ بوون بە سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکارو بەڕێوەبەری وڵات، سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراوە، هێرشی گەورە لە دژی ژنان هەیە و دەکرێنە ئامانج، بۆیە هێرش دەکەنە سەر ژنان بۆ ئەوەی بترسن و هەنگاوێک بگەڕێنەوە دواوە، بەڵام لەگەڵ ڕوودانی هێرشەکان، ئاستی خەبات و هەڵوێستی ژنان زیاد دەکات و کار بەهێزتر دەبێت، بۆیە ڕووناکی و هیوا بۆ ئازادی هەموو ژنان لەگەڵ ئێمەدا بەهێزە. ئەمڕۆ ژنان بەڵێنیان داوە و بڕیار دەدەن ئەمڕۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی دەکەن و دەچنە بەرزترین ئاستی کۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتەکاندا، کە هەنگاوێکی مەزن و پیرۆزە، تێکۆشانمان بەهێزتر دەبێت.

 

"قەیرانی سووریا بە گفتوگۆی سووریا- سووریا چارەسەر دەبێت"

دالیا حەنان ڕۆڵی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیکی لەم کاتەدا ڕاگەیاند: ئەمڕۆ، وەک مەسەدە بەردەوام دەبین لە خەباتمان بۆ بونیادنانی سووریایەکی لامەرکەزی و فرە کولتووری و دیموکراتیک، هەروەها بەشێکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەمڕۆش نەگەیشتوون بە چارەسەرێک، ئەم جەنگە کۆمەڵکوژی، وێرانکاری، تاڵانکردن و کوشتن دەهێنێت، یەکێک لەو شەڕانە سووریایە. ئەمڕۆ خەڵکی سووریا کۆچبەرن، پەنابەرن، کوژراون، بریندارن. سووریا بەهۆی جەنگەکانەوە زۆر ئازار دەچێژێت، بۆیە ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیاردا تێدەپەڕێت، لە دژی ئەم هێرشانە و سیاسەتی ئێستای جینۆساید، هەموو کەسێک دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لێرە بەدی بهێنێت، هیچ کەسێک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا نادات و پڕۆژە پێشکەش ناکات، وەک مەسەدە پڕۆژەکەمان ڕوونە و سووریایەکی فرە ڕەنگ و لامەرکەزی و دیموکراتیکمان دەوێت، هێزە بیانییەکان هیچ شتێک ناکەن بۆ بەرژەوەندی گەل، چونکە هەموو کەسێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کار دەکات. ئەگەر چارەسەرێک هەبێت، دەکرێت لەگەڵ گەلی سووریا بێت، هیوامان ئەوەیە کە داگیرکاریی کۆتایی پێبێت و هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستا.