شاناز هیرانی: دەبوو باشووری کوردستان جێگەی ئارامی کوردانی چوار پارچە بێت

ئەو پەرتەوازەییەی لە سیاسەتی باشووری کوردستاندا بوونی هەیە، بووەتە هۆکار تا دوژمنان ئاسانتر بتوانن هێرش و تیرۆرەکانیان ئەنجام بدەن، چالاکوانێکیش دەڵێت: دوژمن دووجار هەوڵی تیرۆرکردنی ژنان دەدات بە بەراورد بە پیاوان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکان بەردەوامە لەسەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، هەرچەندە باشوور هەرێمێکی سەربەخۆیە بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی لە سیاسەت بووەتە هۆکار دوژمنان ئاسانتر بتوانن سیاسەتی خۆیان لەم ناوچەیەدا جێبەجێ بکەن و تا ناوجەرگەی شارەکان درۆنەکانیان بهێنن، هەر بۆیە ڕۆژانە ئازادیخوازان و لە نێویاندا ژنانی پێشەنگ و سیاسەتمەدار دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن.

 

لە ١٨ی کانوونی دووەمدا لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک فریال سلێمان خالید، سیاسەتمەداری خەڵکی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە بۆ چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان هاتبووە باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرایە ئامانج و تیرۆر کرا، لەو بارەیەوە ژنان کاردانەوەیان هەیە و باس لەوە دەکەن کە پێویستە سەروەری هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بپارێزرێت.

 

"کوردستان بووەتە چەقی ململانێی داگیرکاران، بۆیە پرسی کورد ونە"

شاناز هیرانی، نووسەر و وەرگێڕ، دەربارەی دۆخی ژنان و بەردەوام تیرۆرکردنی ژنی ئازادیخواز ڕوونیکردەوە بە شێوەیەکی گشتی دۆخەکە لە بارێکی نا ئارامدایە و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، تا ئێستا ئەم کۆمەڵگەیە نەیتوانیوە لەو کولتوور و ئەقڵیەتە بچێتە دەرەوە، کە پێی وایە ژن دەبێت هەمیشە ببێتە قوربانی هەموو دۆخەکان و بە پلەی یەکەمیش پرسی شەرەف و دۆخی سیاسی دێت.

 

شاناز هیرانی باسی لەوەکرد، ئەگەر ژنێک لە ڕووی سیاسییەوە خەبات بکات و دەربکەوێت و خاوەن دەنگی خۆی بێت، هەمیشە چاویان دەکەوێتە سەری زیاتر هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بۆ ئەوەی دەنگی ژنانی ئازادیخواز بەرز نەبێتەوە، وتیشی: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بووەتە چەقی ململانێی داگیرکاران، هەر بۆیە بەتەنها ژنان نەبوونەتە ئامانجی سەرەکی، بەڵکو تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتی دڵنیاییان نییە لەسەر ژیانی خۆیان.

 

"دەبوو باشووری کوردستان ناوچە ئارامەکەی کوردستان بووایە"

شاناز هیرانی ئاماژەی بەوەکرد، باشووری کوردستان هەستی بەوە دەکرد لە ژێر سەقامگیری سیاسی و ئابووریدا ژیان دەکات بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەمانە کەتوونەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە دەبیندرێت ڕۆژانە هێرش و بۆردوومانەکان لەلایەن درۆنی دوژمنانەوە دەکرێتە سەر شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و لە ڕۆژئاواوا بیگرە تا دەگاتە باشوور، ئەمانەش هەمووی لە ژێر بیانوو و پلانی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت.

 

شاناز هیرانی ڕوونیکردەوە، لە باشووری کوردستان بۆشاییەکی سیاسی بوونی هەیە، ئەمەش وایکردوە پەرتەوازە بن، دەشڵێت: ڕاستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە سەروەری خاک بپارێزن، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئاسمانی بپارێزێت و ڕێگە نەدات سنورەکانی پێشێل بکرێت، بەڵام ناسەقامگیری سیاسی وایکردووە بە بەردەوامی بکەوینە بەر لێشاوی هێرش و داگیرکاری.

 

"پەرتەوازەیی سیاسەتمەنداران بووەتە ڕێگەخۆشکەر بۆ هێرشی دوژمنان"

لە دێژەی قسەکانیدا شاناز هیرانی ئاماژەی بەوەکرد، هێرش و بۆردوومانەکان لە شاخ و گوندەکان دەرچووە و ناو جەرگەی شارەکان بۆردوومان دەکرێت، باشووری کوردستان دەبوو ئەو جێگە ئارامە بێت کە ببێتە پاڵپشتێک بۆ تەواوی کوردان، بەڵام بە پێچەوانەوە لە باشووری کوردستانەوە ئازادیخوازان تیرۆر دەکرێن و لە پایتەختەوە بەهۆی بۆردوومانی داگیرکارانەوە کورد دەکوژرێت، هۆکاری سەرەکیش پەرتەوازەیی گەلی کوردە.

 

لە کۆتایدا شاناز هیرانی باسی لەوەکرد، ئێستا لە قەیرانی ژنی چالاکوان و ئازاد داین، کاتێکیش هەوڵ دەدرێت ژنێک ببێتە پێشەنگ، لەلایەن دوژمنانەوە چاو دەکەوێتە سەری و تیرۆری دەکەن، دەشڵێت: ژن دەتوانێت بەشداری جەنگ بێت و بەرگری بکات، بەڵام کولتوور و ئەقڵیەت هەمیشە ڕێگەی لێدەگرێت و هەوڵی کپکردنی دەنگی دەکات، چونکە لە دەنگی ژنان دەترسن، چونکە دەزانن ئەگەر ژن ئازاد بێت، کۆمەڵگە ئازاد دەبێت و نەوەکانی دواتر ئازاد دەبن، بۆیە ڕێگری لە ئازادی ژن دەکەن.