ڕۆژنامەنووسێک: میدیا حزبییەکانی باشووری کوردستان دۆزی کوردیان بۆ پرس نییە

هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان نەبوونەتە زمانحاڵی دۆزی کورد لە ڕووماڵەکانیاندا، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان بەرپرسن لەو دۆخەی ئێستا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە ژێرخانی ئابووری و بیناسازی و ناوچەی خەڵکی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج و بە نزیکەی ٥٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، سەرەڕای ئەو هێرشە بەرفراوانەی دەکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام میدیاکانی باشووری کوردستان نەیانتوانیوە لە ئاستی پێویستدا دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان نیشان بدەن و حەقیقەتی بۆردوومان و هێرشەکان و قوربانییەکان نیشان بدات، لەکاتێکدا لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە پاش ٨ی هەمان مانگەوە، چاوی میدیا کوردییەکان لەسەر فەلەستینە و خولەک بە خولەک هەواڵەکان دەگوازێتەوە.

 

"دەوڵەتی تورکیا لە کاتە هەستیارەکاندا هێرشەکانی ئەنجام دەدا"

بێریڤان محەمەد، ڕۆژنامەنووس هەڵسەنگاندنی بۆ ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد، کە هەمیشە دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە پلاندا بووە، بەتایبەتی بەرامبەر بەو دەستکەوتانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستهاتووە، وتیشی: لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنێک دەستی پێکردووە بۆ سەر ڕۆژئاوا و هیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پێش چاو ناگرێت بەرامبەر بە کەسانی مەدەنی و دەزگا خزمەتگوزارییەکان، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە کاتێکی هەستیاردا و بە پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشەکانی ئەنجام دەدا، هێرشەکانی ئێستاشی دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر پلانگێڕی نێودەوڵەتی کە بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، هەروەها ساڵیادی هێرشکردنە سەر کۆبانێیە.

 

" بۆئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت کێشەی گەلی کورد چارەسەر بکرێت"

بێریڤان محەمەد ڕوونی کردەوە، پێویستە گەلی کورد هۆشیار بێت، چونکە ئەم پلانگێڕیە تەنها بۆ سەر ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بۆ سەر تەواوی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، چونکە ئەگەر دەستکەوتی کورد لە ڕۆژئاوا کەوتە مەترسیەوە تەواوی پارچەکانی جیهان دەکەوێتە مەترسیەوە، هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین پلانی دەوڵەتی تورکیا بوو بۆ ئەوەی جیهان و دەوڵەتە زلهێزەکان بێدەنگ بن لە ئاست ئەو پێشێلکارییەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت، بۆئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێت کێشەی گەلی کورد و فەلەستین چارەسەر بکرێت، چونکە ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی دەوڵەتی تورکیا دروستی کردووە زەرەری تەنها بۆ گەلانی بن دەستی وەکو کورد و فەلەستین هەیە، دەوڵەتە زلهێزەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان گەلانی تر دەکەنە ڕۆژەڤی خۆیان و و هەوڵی چارەسەرکردنی پرسەکانیان دەدەن.

 

"دەبێت کورد لەسەر شکست نەهێنانی ڕۆژئاوای کوردستان خۆی بنیاد بنێت"

بێریڤان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە دەوڵەتە زلهێزەکان چاوپۆشی دەکەن لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا پەدەکە خیانەت لە گەلەکەی خۆی دەکات و پشتیوانی لە تورکیا دەکات، چاویان داخستوە لە ئاست پێشێلکاریەکانی تورکیا، ئەمەش ئەوپەڕی لوتکەی بێویژدانیە و خیانەتێکی گەورەیە کە لەناو کوردا ئەنجام دەدرێت، پرسەکە لێرەدا لەناوبردنی کورد و دەستکەوتەکانیەتی لە باشووری کوردستانیش، ئەو هەستە نەتەوایەتییەی لای پێشمەرگەکانیش هەبوو بە جۆرێک نەیانهێشتوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کە نەتوانن بەرخۆدان بکەن، بۆیە ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان چەنێک بکەوێتە مەترسیەوە، مەترسییەکە لە باشووری کوردستان دوو هێندەیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەوەی دەوڵەتی تورکیا چاوەڕێیەتی کە کورد گوند و شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان چۆڵ بکرێت، ڕوونادات، چونکە گەلی کورد خاوەنی هێزێکی بەرگریە هەروەک لە کۆبانێ بینیمان چۆن بەرخۆدان سەرکەوت و لە عەفرینیش لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی زلهێز پاڵپشتی تورکیایان دەکرد، کورد بە پێی هێز و ئیرادەی خۆی ڕووبەڕوو بوویەوە، بۆیە پێویستە کورد خۆی لەسەر ئەوە بونیاد بنێت کە ڕۆژئاوای کوردستان ناکەوێت و سەردەکەوێت.

 

"پێویستە خیانەتکاران وەکو دوژمنان شەرمەزار بکرێن"

بێریڤان محەمەد جەختی کردەوە، گەلی کورد ئەگەر دەست لەناو دەست بێت، وەکو قەڵغان ڕووبەڕووی دوژمن بوەستنەوە و هێزە کوردیەکان یەکبگرن، ئەوە بێگومان کورد سەردەکەوێت و کۆتایی بەو هێرشانە دەهێنێت، کورد وەک چۆن پلانگێڕی و هێرشەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن، پێویستە خیانەتکارانیش بە هەمان شێوە شەرمەزار بکەن و ئەو دەستە خیانەتە ببڕنەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر کورد بوێری ئەوە نەکات خیانەت بکات، چونکە ئەو خیانەتە هۆکارێکە بۆ سەرنەکەوتنی کورد، جێگەی شەرمەزارییە بۆ لایەنێکی سیاسی کاتێک تورکیا کۆمەڵکوژی بەرامبەر کورد ئەنجام دەدات، کەچی لە باشووری کوردستان پێشوازی لەو دوژمنانە دەکرێت، ئەوەش بەرزترین ئاستی خیانەتە، پێویستە ئەوانە بە دادگای گەل سزا بدرێن.

 

"زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان سەر بە حزبەکانن"

بێریڤان محەمەد ڕۆڵی میدیای لە پرسە نەتەوایەتییەکان خستەڕوو، کە لە باشووری کوردستان تەنها چەند ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆ خاوەندارێتی لە دۆزی کورد دەکەن و ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر کورد لە چوار پارچە و ڕووداوەکان دەگوازنەوە کە خۆی ئەمە ڕاستی ڕاگەیاندنە، وتیشی: بەداخەوە لە باشووری کوردستان ڕاگەیاندنی زۆر هەیە و سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و سیاسەتێکی خیانەتکارانە بەڕێوەدەبەن، هەر وەکو حزبەکەیان چۆن خیانەت لە گەلەکەیان دەکەن، ڕاگەیاندنەکانیشیان خیانەت دەکەن و بیانوو بۆ هێرشەکان دەهێننەوە، هەروەها بەشێک لە حزبە بەناو ئیسلامییەکان پشتگیری ئەو داگیرکاریە دەکەن، لە ئێستاشدا بابەتی فەلەستین دەکەنە بابەتی لەپێشینە و هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد باس ناکەن، یان ئەگەر باسیش کرا زۆر بە کەمی هەقی پێ دەدەن.

 

"بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بەرپرسیارن لەو دۆخەی ئێستای کورد"

بێریڤان محەمەد وتیشی: بەشێکی زۆری دەزگاکان زۆر بە کەمی کار لەسەر کۆمەڵکوژیەکانی سەر کورد دەکەن، لە ڕاستیدا ئەمانە دەزگای کوردی نین و دەسەڵاتخوازن، ئەو دەزگانە کوردین کە لە کاتی هێرش و جینۆساید و ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردا دێت، پشتیوانی گەلەکەی خۆی بکات، هەموو ڕاگەیاندنێکی نەتەوەیی پشتیوانی گەلەکەی خۆی دەکات، لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێتە بەشێک لە پاراستن بۆی نەک پاراستنی حزبەکان، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان هەروەکو دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی جیهان بێدەنگ بوون، کە ئەوانیش بەرپرسیار دەبن لەو دۆخەی ئێستا کوردی تێدایە، پێویستە ڕاگەیاندنەکان ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر کورد، بیکەن بە ڕۆژەڤ بۆ ئەوەی جیهان بزانێت کورد چی بەسەردێت و بە هەموو شێوەیەک دژی داگیرکاری بوەستێتەوە، هەروەها کورد لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان یەکدەنگ بێت و ڕووبەڕوویان ببێتەوە.