"ئازادکردنی چالاکوانان پلانی سەرکەوتنی شۆڕشی ژینایە"

سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان بووە بە مەترسی بۆ سەر سیاسەتی ئەو ڕژێمە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی دەستگیرکردن و کپ کردنیان دەدرێت، ڕۆزەرین کەمانگەر باس لە سیاسەتی پشت ئازادکردنی چالاکوانان دەکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-خەبات و تێکۆشانی ژنان لە هەموو بوارێکدا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و فکر و هێز هەمیشە جێگەی مەترسی دەسەڵاتەکان بووە، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ماوەی ٥ مانگە بەردەوامی هەیە بە پێشەنگایەتی ژنان، ترسێکی زۆری دروستکردووە لای دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەستگیرکردن و لە سێدارەدانی ئازادیخوازان بەردەوامە.

 

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی دبلۆماسی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار باسی لەوە کرد ڕژێمی ئێران هەرچەندە ئازادیخوازان ئازاد بکات، لەبەر مەرامی سیاسی خۆیەتی بۆ ئەوەی لە زینداندا هێز و ئیرادە تەشەنە نەسەنێت.

 

"سیاسەتی زیندان بەشێکی گەورەی دەسەڵاتداری ڕژێمی ئێرانە"

ڕۆزەرین کەمانگەر، ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە ٥ مانگە خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و هەموو توێژەکان بە مەستی گۆڕانکاری لە سیستەمی ڕژێمی ئێران و ئەم فکر و زهنیەتە بەشداری تێدا دەکەن، بەردەوام بوونی ئەم شۆڕشە بە پێشەنگایەتی ژنان بۆ دەگەڕێتەوە بۆ وەرنەگرتنەوەی وەڵامی داواکاری ئازادیخوازان و خواستی گۆڕانکارییەکان، وتیشی: هەرکاتێک دەنگی ئازادیخوازان و داواکردنی مافەکان بەرز بووبێتەوە، ڕژێمی ئیران هەوڵی سەرکوتکردنی داوە، سیاسەتی زیندان بەشێکی بنەڕەتی دەسەڵاتداری ئێرانە، لەم شۆڕشەشدا دەستگیرکردن زۆر بوو، چونکە دەنگی ئازادیخوازی زۆربوو، جگە لە زیندانیکردنیش ئازادیخوازان لە سێدارە دەدران.

 

"ئازادیخوازان زیندان وەکو ئاوێنەی خۆیان دەبینن"

ڕۆزەرین کەمانگەر خستیەڕوو، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆر ئازادیخواز زیندانیکران و لە سێدارەدران، دەڵێت: ئەوە جێگەی خۆشحاڵی بوو گەل بەمانە پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو زیاتر ڕۆشتە پێشەوە بۆ داواکردنی مافەکانی خۆی، خەڵکی ڕۆهەڵات و ئێران زیندان وەکو ئاوێنەی خۆیان دەبینن و دەڵێن ئەگەر ئەم خۆڕاگریە بگاتە لوتکە تەواوی کۆمەڵگەش لەمە ئیرادە وەردەگرێت، ڕژێمی ئێرانیش پێشەنگەکان دەستگیر دەکات بۆ ئەوەی لە کەسایەتی ئەواندا پاشەکشە بە کۆمەڵگە بکات، چونکە خەباتی ئازادیخوازان بۆ ڕژێمی ئێران جێگەی مەترسیە و دەیەوێت زیندان بەکاربهێنێت بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ئازادیخوازاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان جێگەی ورەیە ئەم خەباتە.

 

وتیشی: کۆمەڵگە بە جۆرێک ورەی بەرز بوو، کاتێک کەسێک دەستگیر دەکرا خێزانەکەی بە حکومەتی دەوت کە دەبێ ئازاد بکرێت، ئەگینا چالاکی جیاوازتر ئەنجام دەدەین، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خێزانەکان و کۆمەڵگە لە پشت پێشەنگەکانی خۆیەتی و هەڵویستیان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران هەیە.

 

"ئێران بۆیە ئازادیخوازان ئازاد دەکات بۆ ئەوەی لە زیندان نەبنە هێز و فکر"

ڕۆزەرین کەمانگەر تیشکی خستەسەر سیاسەتی ئازادکردنی ئازادیخوازان لەم ماوەی پێشوودا، کە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی سەرکوتکاری ڕژێمی ئێران، چونکە ترسێکی زۆر دروستبووە لای حکومەت و نایەوێت زیندان وەکو قوتابخانەیەک بێت و ببێتە جێگەی خۆڕاگری، هەروەها دەشڵێت: ئەوانەی دەستگیرکراون ڕژێم هیچ هەواڵێکیان ئاشکرا ناکات، ڕێگەش نادات لەگەڵ ئازادیخوازاندا کۆببنەوە لە زیندان بۆ ئەوەی نەبن بە هێز و فکر، ئامانجێکی تری ئازادکردنی ئازادیخوازان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەکو بەخششێک بۆ زیندانیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ببینرێت، لە کاتیکدا ئەمە هیچ بەخششیک و لێخۆشبوونێک نییە، چونکە ئەوان داوای مافی خۆیان کردووە و دەیانترسێنن بەوەی کە چیتر بەشداری چالاکی نەکەن، ئەگینا سزاکەیان قورستر دەبێت، ئەوەی گرنگ بوو، ئەوانەی لە زیندان هاتنە دەرەوە دووبارە هەڵوێستی خۆیان نیشاندا، کە هەرگیز پاشەکشە ناکەن و بەردەوام دەبن، چونکە ڕژێمی ئێران لە ئاستی فکریەوە هێشتا نەگۆڕاوە، هەر بۆیە ژنانی ئازادیخوازیش وتیان تا ئیرادەی ئێمە ئازاد نەبێت، دەرەوە و ناوەوەی زیندان وەکو یەک وایە بۆ ئێمە، ئیرادە لە دەستدان ئەوەیە کە نەتوانی باسی مافی خۆت وەکو ژن و ناسنامەت بکەیت، زیندانیان و ژنان ئەوەیان نیشاندا تا گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست نەبێت ئێمە واز لە تێکۆشان ناهێنین.

 

"ڕژێمی ئێران نایەوێت زەینەب جەلالیان ببێتە سیمبولی خۆڕاگری"

ڕۆزەرین کەمانگەر جەختی کردەوە، نەبوونی هەواڵ لەسەر زینەب جەلالیان لە زیندان نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە لای چالاکوانان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زەینەب جەلالیان وەکو خەتی خۆڕاگری بووە و لەگەڵ سیستەمدا نەبووە، ڕژێمیش ناهێڵێت ببێتە سیمبولی خۆڕاگری، "هەرچەندە داوای ئازادکردنی دەکرێت، بەڵام هیچ هەواڵێک نییە، ئەمەش جێگەی مەترسیە و دەبێت بە زووترین کات هەوڵبدرێت بۆ ئازادکردنی، ئەم شۆڕشەی ئێستای ڕۆژهەڵات و ئێران ئەوەی نیشاندا کە زیندان دەبێتە شوێنی خۆڕاگری و بەردەوامیدان بە خەبات، لەناو ڕژێمی ئێراندا فرە ڕەنگی قبوڵ ناکرێت، ئێرانیش بە بەشێکی کەم سەیری کورد دەکەن، هەربۆیە ڕژێم دەیوت هۆکاری ئەم شۆڕشە کوردستان و بەلوچستانن و دەبێت هێرش بکرێتە سەر هەردووکیان، بەڵام ئەو پەیامەی لەم شۆڕشەدا دروستبوو نەتەوەی فارسیشی تێدابوو، چونکە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان کێشە دروستناکات، بەڵکو خودی ڕژێمە کێشە دروست دەکات.

 

"دەبێت ژنان یەکبگرن بۆ ئەوەی بە ئامانج بگەن"

لە کۆتایدا ڕۆزەرین کەمانگەر وتی: ئێمە وەکو کژار هەر لە سەرەتای دروستبوونی خۆپیشاندانەکانەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران بووین، هەموو کات پەیامەکانی ژنانمان پێ دەگەیشت، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پەیامێکی زۆری هەیە و گەل پێداگرە لەوەی کە ئەنجامێکی هەبێت، گەل ئەوەندە هۆشیار بووە کە ئەم ئازادکردنەی خەڵک لە لایەن ڕژێمەوە وا ناکات بە باشە سەیری ڕژێم بکەن، بوڵکو بە ترسی ڕژێم لە گەل سەیری دەکەن، هیچ کەسێکیش هەقی نیتە کە ئەم شۆڕشە بەلاڕێدا ببات، خۆبەڕێکخستن ئەرکی سەرەکییە و دەبێت ژنان یەکبگرین بۆ ئەوەی بە ئامانج بگەین.