ئەوین حەمەئەمین: هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری کێشەکانی عێراق ناکات
لە مێژووەوە حکومەتی عێراقی بە چەندین کوتلەکاری و ململانێدا تێپەڕیوە ئەو دۆخەی ئێستاش تێیکەوتووە بەشێکە لەو مێژووە، بەهۆی دەستێوەردانی دەوڵەتانی زلهێز لە سیاسەت و حکومەتی عێراقیدا ململانێکان تا دێن زۆر دەبێت.
شنیار بایز
سلێمانی- گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە عێراق و ئەو گرژییانەی کە دروستبووە دۆخی عێراقی بەرەو ئاڵۆزی بردووە، لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ پێشبینییەک بۆ داهاتووی سیاسی لە عێراق بکرێت، گرژییەکانی ناو عێراقیش لە ڕۆژی ٢٥ تەمووزەوە دەستیپێکرد، کاتێک چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان ڕایانگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
هەڵبژاردن لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرا کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی دژ بە سیاسیەکان و کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانی تشرینییەکان، هەڵبژاردنی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پەرلەمان، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار لەپێناو باشترکردنی دۆخی عێراق و گەلەکەی، بەڵام ئەو ئەنجامەی دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی.
لەدوای بڕیارەکەی سەدر بۆ کشانەوەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمان لایەنگرانی موقتەدا سەدر ڕژانە سەر شەقام و دەستیان بەسەر پەرلەمانی عێراق و کۆشکی کۆماریدا گرت بۆ چەندن ڕۆژ، یەکێک لە داواکارییەکانی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەمەش لانیکەم شەش مانگ بۆ ساڵێک کاتی پێویستە بۆ دووبارەکردنەوەی، بەو واتایەی سەدر دەیەوێت درێژە بە حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بدات، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لە بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردندا خاوەنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو نین.
پارتە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لایەنگری لایەنە جیاوازەکان دەکات، بێ بوونی ئامانجی گشتی، بەڵکو بەرژەوەندی تاکەکەسی و حزبی لێکدەداتەوە، هەرچەندە لای ڕوونە هەڵبژاردنی پێشوەختە سودێکی تیانابێت بۆ ئەو، بەڵام بێدەنگ و هەڵوێستە.
"عیراق لەسەر دەستی چەند دیکتاتۆرێک دەڕوات بەڕێوە"
ئەوین حەمەئەمین، بەرپرسی ڕێکخراوی ئاوسی بەغدا لە هەرێمی کوردستان بۆ کاری یاسایی و مرۆیی، دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دەنگۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕوونیکردەوە کە دۆخی عێراق لە دوای شەڕی چاڵدێران و لەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی لەناوچوو و عێراق بەشی جیاوازی لێبووەوە، کێشە و گرفتەکان زیادیانکرد لە عێراقدا، لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق وا بانگەشە کرا کە ڕەوشێکی دیموکراتی هاتووەتە عێراقەوە بە جۆرێک حکومەت و پەرلەمان بە ڕای گەل بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو، پێشوتر تەنها دیکتاتۆرێک هەبوو، بەڵام بوون بە چەند دیکتاتۆرێک لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا.
"سیاسەتی سەدر دەیسەلمێنێت کە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا کار دەکات"
ئەوین حەمەئەمین ئاماژەی بەوەشدا، کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەرئەنجامەکەی سروشتی نین، بۆیە ڕەوتی سەدر توانیویەتی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت، بەهۆی ئەوەی سەدر سەر بە ئێران نییە قبوڵیان نەکرد سەرۆک وەزیران و دەسەڵات لە ژێر ڕکێفی ڕەوتی سەدردا بێت، ئەمەش وایکرد ئەم ڕەوتە بەرهەڵستی بکات و بڕیار بدات بە نەچوونە ناو هۆڵی پەرلەمان.
ئەوین وتی: لەکاتێکدا ماوەی چەندین ساڵە کاریگەری دەوڵەتی تورکیا بەسەر ناوچەکانەوە دیارە و چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ڕەوتی سەدر لەژێر کاریگەری دەوڵەتی تورکیا سیاسەت جێبەجێ دەکات بەڵام ئەو لایەنە نکۆڵی لێدەکات و خۆی بە عێراقییەکی ڕەسەن دەناسێنێت.
"ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ کات بە پێی ویستی گەل نەبووە"
ئەوین حەمەئەمین، ڕوونیکردەوە ئەو سیاسەتەی ڕەوتی سەدر کاری پێدەکات لە ژێر ڕکێفی تورکیادایە و بەپێی ئاماژەی ئەو سیاسەت دەکات لە عێراقدا، دەربارەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن هاوڵاتیانی کوردەوە وتی: تەنها هەق نییە کورد بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، بەڵکو پێویستە عێراقییەکانیش بایکۆتی بکەن چونکە هیچکات ئەنجامی هەڵبژاردن بەو شێوەیە نییە کە گەل دەیەوێت، بەڵکو بە پێی هێز و ویستی حیزبەکانە.
باسی لەوەکرد کە حزب هەیە لە هەرێمی کوردستان ١٦ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام بڕیاردەرە لە بەرامبەر ئەو حزبانەی ٢٩ کورسیان بەدەستهێناوە، چونکە دەسەڵاتداران و گەورە زلهێزەکانیان لە پشتن، بۆیە کاتێک گەل دەچێتە دەنگدان، بەڵام هیچ مافێکی پێنادرێت و دواجار حزب باڵادەست دەبێت بایکۆتکردن دەبێتە باشترین ڕێگەچارەسەری.
"هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری دۆخەکە ناکات"
ئەوین وەک ڕۆژنامەنووسێکیش چاودێرییەکانی خۆی دەخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەدا هەڵبژاردن هەرکاتێک ئەنجام بدرێت چونکە کۆمەڵێک لایەنن و دووبارە و دەبارە دەبنەوە، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختەش چارەسەری دۆخەکە ناکات، بەڵکو دەبێت لایەن و کەسانی تازە بەشداریان پێبکرێت بۆ ئەوەی سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو بکەن کە چارەسەری دۆخەکە بکات.
وتیشی "کورد هەمیشە زەرەرمەند بووە لە هەردۆخێکدا بێت، تا ئەوکاتەی دەبێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، چونکە تەواوی سیاسەتمەنداران لە ناوچە کوردییەکاندا ململانێ دەکەن و زیانەکەی بەر گەلی کورد دەکەوێت، پێشووتر دیکتاتۆرێکی عەرەب کوردی دەچەوساندەوە. ئێستا بەهۆی بێدەنگ بوونی دەسەڵاتدارانی کورد لە ئاست ململانێی دەوڵەتە زلهێزەکان لە کوردستان، کورد لەلایەن دیکتاتۆری خۆماڵییەوە دەچەوسێندرێتەوە، کورد ئەوەی هێشتوویەتیەوە ئەو دەستورەیە کە عێراق ناتوانێت بەندەکانی بە تەواوەتی بەسەردا جێگیر بکات، چونکە لەو ساڵانەی ڕژێمی بەعس ڕووخا کورد ١٧ ساڵبوو خەباتی دەکرد بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراقی لە دووبارە دروستبوونەوەیدا، بە دەستوورێک ڕازی بوو کە لە بەرژەوەندی سیاسەتمەندارانی کورد بوو بۆیە ئێستا ناتوانێت بە ئاسانی سیاسەتی بەسەر کوردا جێبەجێ بکات.
"گەل پێویستە لە ڕێی هەڵبژاردنەکانەوە دەنگی خۆی بچەسپێنێت"
لە کۆتایدا ئەوین تیشکی خستەسەر یەکگرتووی لایەنە کوردییەکان و وتی: ئەگەر ئەم ململانێیانەی ناو ماڵی کورد کۆتاییان پێبێت، کورد دەتوانێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە، خۆی بچەسپێنێت لە عێراق و بەغدادا، وە ئەگەر سیاسەتمەداران چیتر واز لە بازرگانیکردن و بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیان بهێنن دەتوانن ئەم دەرفەتانە بقۆزنەوە و چارەسەری کێشانی کوردی پێبکەن لە بەغدا".
بە پێویستیشی دەزانێت گەل بەرامبەر سیاسەتی دەسەڵاتدارانی کورد بێتە دەنگ، هەوڵبدات لە ڕێی هەڵبژاردنەوە دەنگی خۆی بچەسپێنێت.