دایکان: خاکەکەمان داگیردەکرێت و پێویستە بێینە دەنگ و ڕێگری بکەین

دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە، دایکانیش دەڵێن: با چیتر خاکەکەمان داگیر نەکرێت و ڕۆڵەکانمان ژیانی ژێردەستەیی بەڕێ نەکەن، دەبێت هەمووان بێدەنگ.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان لە ١٧ی نیسانەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، بەڵام هیچکام لە بەرپرسان و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەهاتوونەتە دەنگ دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانە، ناڕەزایەتییەکانیش لەلایەن گەلەوە بەڕێوەدەبرێت، هاوکارییەکانی پەدەکەش بۆ دەوڵەتی تورکیا بووەتە ڕێگەخۆشکەر تا هێرش و داگیرکارییەکان فراوان ببن.


بێهەڵوێستی حکومەت و دەسەڵاتداران بووەتە جێی پرسیار و گومان، بەشێکی هاوڵاتیان پێیانوایە ئەوەی هاوکاری داگیرکەرانە بێتە ناو خاکی باشووری کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی پەدەکەن، بەشێکی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن دەسەلاتدارانی هەرێم دەیانەوێت مێژووی پڕ خوێناوی نەتەوەی کورد دووبارە بکەنەوە و شەڕی کورد بە کورد نوێ بکەنەوە.

 

"ئیتر دەمانەوێت سەربەخۆ بین"

ڕێزان ساڵح، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە و پێیوایە دۆخی باشووری کوردستان بەرەو خراپی دەڕوات بەهۆی ئەو داگیرکارییانەی لەسەر خاکی باشوور هەن، دەڵێت "ئێمە وەک نەتەوەی کورد حەز بە سەربەخۆی خۆمان دەکەین و نامانەوێت کەس داگیرمان بکات، چونکە کورد لە مێژووەوە داگیرکراو بووە، بۆیە چیتر نامانەوێت مێژوو دووبارە بێتەوە و منداڵەکانمان و لەناوبچن".

 

باسی لەوەشکرد لە مێژووی ژیانیاندا چەندین ڕووداو و کارەساتیان تێپەڕاندووە، بەڵام نایانەوێت ئەو کارەساتانە بەسەر منداڵەکانیاندا دووبارەبێتەوە، "پێویستە کورد هەمووی یەک دەنگ بێت، نەک وەک ئێستا پەرت پەرت بوون".

 

"لەسایەی بوونی چەند بنەماڵە و دەسەڵاتێکەوە، شەڕی کورد بە کورد لە دەستپێکردندایە"

پەخشان عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەدا لە سایەی بوونی چەندین خێڵ و هاوکاریکردنی داگیرکەران کورد هەمیشە خۆخۆر بووە، تەنانەت لە سەردەمی بەعسیشدا چەندین کورد هەبوون لە پشتی کوردیان داوە و هەواڵی پێشمەرگەیان ئاشکرا کردووە، وتیشی: ئێستا ئەردۆغان چاوی بە کورد هەڵنایەت و دەیەوێت سەرکوتی بکات و بێ دەسەڵات بێت، چونکە ئەم خاکەمان پڕە لە سامانی سروشتی.

 

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە لە ئاستی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا حکومەت و دەسەڵاتمان نییە، چونکە هیچکام لە دەسەڵاتدارەکانمان خۆی بە خاوەنی ئەم خاکە نازانێت و بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکاندا هەڵبژاردووە، ئەمەش تەنها لەبەر بوونی بەرژەوەندی خۆیانە".

 

بە پێویستی دەزانێت چیتر نەتەوەی کورد پشتی یەکتر بەرنەدات، بە یەکگرتووانە بە ڕووی هێرشەکاندا بووەستێتەوە و خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام بدەن و حکومەت هۆشیار بکەنەوە کە چیتر نابێت بێ هەڵوێست و وەفا بێت لە ئاستی نەتەوەکەی خۆیدا.