دەزگا میدیاییەکانی باشوور کار لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نا هۆشیار دەکەن
دەزگا میدییاییەکان و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی ناو دەزگاکان بە لای فکر و ئایدیای سیاسیدا ئاڕاستە دەکرێن، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: چەندین بەرنامە پێشکەش دەکرێت، کە کۆمەڵگە بە ئاڕاستەی خراپدا دەبات.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- ڕێژەیەکی زۆر دامەزراوەی میدیایی لە باشووری کوردستان بوونیان هەیە، هەبوونی دەزگای میدیایی وەک چەترێکە بەسەر کایە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لە باشووری کوردستان حزبێکی زۆر بوونی هەیە، هەموو لایەنە حزبییەکان بەشێوازی فکر و ئاڕاستەی خۆی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی درووست کردووە، سەرەڕای هەبوونی قەیرانی ئابووری، سیاسیی و زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕێگە خۆشکەر نەبوون بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و گرفتانەی لە باشووری کوردستان.
هاوژین شوانە، ڕۆژنامەنووس، باس لە خراپی باروودۆخی دەزگا میدیایەکان لە باشووری کوردستان دەکات، سەرەڕای هەبوونی کێشەکان و قەیرانەکان لە باشووری کوردستاندا دەزگا میدیاییەکان هاوکار نەبوون بۆ چسارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەیان، هەبوونی دەزگا میدیایەکان لایەنێکی سیایسی لە پشتەوەیە کە کاریان پێدەکات، دەڵێت: لایەنە حزبیەکان دەزگا میدیایەکان، ڕۆژنامەنووسانی تایبەت بەو دەزگایانە بە لای فکر و ئایدیای خۆیاندا ئاڕاستە دەکات، بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆی و فکری سیاسیی تایبەت بە حزبەکە بڵاو بکاتەوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەهۆی نەبوونی ڕاگەیاندنێکی دیموکراسی بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان دەچنە دامەزراوە حزبیەکانەوە.
جەختی لەوەکردەوە، ئەو بەرنامانەی لە ناو کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا بە کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پەخش دەکرێن بەشی زۆریان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نییە، بەڵکو گەل بە لایەنی نەرێنیدا ئاڕاستە دەکات، لە کاتێکدا کورد لە ئێستادا پێویستی بە هۆشیاری فکری، سیاسیی و کۆمەڵایەتی زیاتر هەیە، میدیاکان دەست ناخەنە سەر پرسە هەستیارەکانی وەک کیشەی گەنج و کۆچکردنی گەنجان لە خاکی خۆیان، هەروەها شیرازەی خێزانەکان بەهۆی کۆمەڵێک بەرنامە و دراماوە تێکچووە، چونکە ئامانجی سەرەکییان تێکدانی شێرازەی کۆمەڵگەیە، زیادبوونی ئەم دیاردانە پێمان دەڵێن ڕاگەیاندن نەیتوانیوە بە ئەرکە بەرپرسیارێتیە ڕاستەقینەکەی ڕابگات.
" دەزگا میدیاییەکان لەژێر ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکەن"
هاوژین شوانە باس لە باروودۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەکات، هەروەها ڕوونیکردەوە کە زهنییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارێتی هەمیشە ژنان دەچەوسێنێتەوە، دەزگا میدیاییەکان لەژێر هەبوونی ئەو ئەقڵیەتەدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن، دەڵێت: بەشی زۆری ڕاگەیاندنەکان ئایدیای بەرنامەکان و بڕیارەکان پیاوان بریاری لەسەر دەدەن، زهنییەتی پیاو سالاری ژنانی لە دەزگاکاندا بە ناچاری هێشتۆتەوە، هیوا و توانای گەنجان ناتواندرێت بەدی بهێندرێت ناچار دەکەوێتە ژێر دەستی دامەزراوەکانی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات بە ئاڕاستەی دیدگایی خۆی و دامەزراوەکەی تواناکانی بەکاردەهێنێت، ڕەوشی ڕۆژنامەنوسان لە بارودۆخێکدایە ناتوانن ئایدیا و فکری خۆیان لە کارەکنیاندا جێبەجێ بکەن، ئەخلاقی ڕاگەیاندن پێویستە لەگەل ڕاستی کۆمەڵگەدا بێت بەڵام دامەزراوە سیاسییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدا لە ڕێگەی دامەزراوە میدیاییەکانیەوە ڕاستییەکان دەشارێتەوە.
هاوژین شوانە، وتیشی: بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنەکان لەڕێگەی فلیم و بەرنامە نا پێویستەکانەوە بەردەوام کۆمەڵگە و گەنجان بەرەو دیدگای خۆیان پەلکێش دەکەن، پێویستە کۆمەڵەگە کولتوور و مێژووی خۆی بناسێت هەتا ڕاگەیاندنەکان و سیاسەت بەرەو دیدگا و ئاڕاستەی خۆیان پەلکێشیان نەکەن، سەرەڕای دیاگیرکاریەکانی ژنان، کولتوور و خاک و ژینگە، ڕاگەیاندنەکان لەڕێگەی بەرنامەکان و دراما بیانییەکانەوە کۆمەڵگەیان لە داگیرکاریەکانی خاک وڵات بێ ئاگا کردووە، لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە گەنجان بەجۆرێک ئاڕاستەی بێ ئاگای دەکرێن لە خاک و وڵاتی خۆیان ئاگادار نین، بۆیە پێویستە لەڕێگەی بەرنامە و فلیمە سینەمایەکانەوە گرنگی بە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بدرێت، گرنگی بە هۆشیار کردنەوەی تاک بەرامبەر ژنان و ژینگەی کوردستان بدرێت، هەروەها لەڕێگەی بەرنامەکانەوە گەنجان زانیاریی مێژوویی دەربارەی وڵاتەکەیان بزانن.
"لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئەقلیەتی پیاوسالاری و سیستمی سەرمایەداری بڕیار دەدرێت"
هاوژین شوانە باس لە بارودۆخی ژنان و سەرکوتکردنیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەکات، ڕوونیدەکاتەوە کە بەدرێژای مێژوو ڕکابەرایەتی ژنان دەکرێت، هەبوونی ئەو هێزەی ژنان وایکردووە بەردەوام ڕکابەریان بکرێت، دەڵێت: توانای ژنان و پێشکەوتنی ژنان لەهەر دامەزراوەیەکدا بوونی هەبێت ڕکابەرایەتی و ڕێگریکردن لە تواناکانی ژناندا هەبووە، بەڵام لە ئێستادا هۆشیار بوونەوەی ژنان و خۆ بونیادنانی ژنان لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستاندا گۆڕانکاری بەسەردا زهنییەتی پیاوسالاریدا هێناوە.
لە دریژەی قسەکانیدا وتی: وەک ڕاگەیاندکارێک لە دامەزراوەیەکدام دەتوانم خۆم بڕیار و گرفتەکانی ژنان لەگەڵ ژناندا گفتوگۆ بکەم، هەبوونی سیستمی هاوسەرۆکی، بریاردانی ژنان و پیاوان لە زۆربەی دامەزراوەکاندا بەدی ناکرێت، بۆیە ژنان ناتوانن ئەو بەرنامەیەی پێشکەشی دەکەن لە دەسەڵات و ئایدیایی خۆیاندا بە ئەقڵێتێک و بیرکرنەوەیەکی ژنانەوە بێت.
ئەو ڕۆژنامەنوسە لە کۆتاییدا، ئاماژەی بەوەدا، تاک لەهەر جێگاییەک بێت پێویستی بە خۆ پەروەردە کردن هەیە، لەڕێگەی خوێندەوە و کتێبەوە دەتوانن تاک هۆشیار ببێتەوە، وتی: هۆشیاری تاک لەڕێگەی خوێندنەوە و گەڕانەوە بۆ مێژووی نەتەوەکەی گرنگە، هەروەها ڕۆژنامەنوسان جیاوازتر لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە ئەرک و بەرپرسیاریان هەیە، پێویستە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بەردەوام تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە، ژنانی ڕۆژنامەنوس لەڕێگەی زیانیاری زیاترەوە ئاستی هۆشیاری خۆیان بەرزبکەنەوە، هەروەها پێداگری لە مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن.