"ناوەندی هێرشەکانی تورکیا لە ئیمراڵییەوە دەستی پێ کرد"

دەوڵەتی تورکیا بە توندکردنەوەی گۆشەگیری لەسەر زیندانی ئیمراڵی و چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دوژمنایەتی مێژووی خۆی دووپات کردەوە و هەوڵی لەناوبردنی کیانی کوردی دەدات، چالاکوانێکیش دەڵێت: ناوەندی هێرشەکان لە ئیمراڵیەوە دەستی پێکر

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، هێرشی ئاسمانی و تیرۆری ناو شارەکان بەردەوامەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ هێرشەکان چڕتر دەبنەوە، بە تایبەتی لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە بە چڕی ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکرێت و ژێرخانی ئابووری و چەندین سەرچاوەی ژیانی خەڵکەکەی دەکرێنە ئامانج، بەپێی ئامارێکیش لە ماوەی هەفتەیەکی هێرشەکاندا ٤٨ هاوڵاتی مەدەنی و ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە.

 

"دەوڵەتی تورکیا شوناسی کوردی پێ قبوڵ نیە"

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر گەلی کورد، بە تایبەتی لەم ساڵەی دوایدا هێرشەکانی چڕ کردوەتەوە، چونکە هەر بەشێکی کوردستان لە پێشکەوتندا بێت دەوڵەتی تورکیا ناسنامەی ئەو بەشە قبوڵ ناکات، ڕۆژئاوای کوردستانیش ئێستا لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوە ژیانی گەلان خەریکە سیاسەت دەکات و بە ئیرادەی گەلان خەریکە ئەو پارچەی کوردستان بەڕێوە دەبات، ئەمەش بۆ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەکو تورکیا قبوڵکراو نییە کە هەر کوردێک داوای شوناسی خۆی بکات و بڵێت من کورد.

 

"فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان چووەتە ناو ناخی کۆمەڵگەوە"

ڕۆزەرین کەمانگەر ڕوونی کردەوە، فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو سیاسەتەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە لەیەک دابڕاو نین، بۆیە لە بنەڕەتدا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو فکر و فەلسەفەیە و ناوەندی هێرشەکان لە ئیمراڵی دەبینین، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا هێرشە چڕەکانی سەرەتا دەکاتە سەر ڕێبەر ئۆجالان و دەیەوێت ئەوپەڕی هێزی خۆی پیشان بدات، دەوڵەتی تورکیا هیچ ڕێگە چارەسەرییەکی نەدۆزیەوە، بۆیە خەریکە ڕێگە چارەسەرییەکان لەناودەبات، سەرەڕای ئەو هێرشانەی تورکیا، بینیمان کە ژنان چۆن هەڵویستی خۆیان پیشاندا و لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن، چونکە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان چووەتە ناو ناخی کۆمەڵگەوە، بۆیە هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان هەڵگری ئەو فکرە بێت تورکیا هێرش دەکاتە سەری.

 

"تا ڕێبەر ئۆجالان ئازاد نەبێت هیچ پارچەیەکی کوردستان ئازاد نابێت"

ڕۆزەرین کەمانگەر ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی پێشوودا پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان بەهێز کرد و هەموو مەرجێکیشی ئەوە بوو فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان لە هەر شوێنێک هەبێت هێرش بکاتە سەری، دەبینین کاتێک هێرش دەکاتە سەر پارچەیەکی کوردستان ڕۆژەڤێکی تر دروست دەکات بۆ ئەوەی خەڵکی مەژغوڵ بکات پێوەی و بە دوای ئەنجامدەری هێرشەکاندا نەگەڕێن، هەوڵ و تێکۆشانەکان لە ئێستادا ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالانی لە پشتەوەیە، بۆیە تا ئەو ئازاد نەبێت هیچ پارچەیەکی کوردستان ئازاد نابێت.

 

دەشڵێت: هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی چڕتر بکاتەوە دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی بێدەنگ دەبن لە بەرامبەریدا، ئەم هێرشانە تەنها دەوڵەتی تورکیا نایکات، بەڵکو ناتۆ چەند ساڵێکە بە بەردەوامی چەکی کیمیایی دەنێرێت و شەڕەکان چڕتر دەکاتەوە، بەڵام گەلی کورد بە پشت بەستن بە ئیرادەی خۆی دەتوانێت تێکۆشان بکات.

 

"ژنان دەتوانن ببن بە هێزی گۆڕانکاری"

ڕۆزەرین کەمانگەر جەختی کردەوە، ژنان خۆیان دۆزیەوە و بوون بە پێشەنگ لە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالاندا، بۆیە دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان لە پێشەوەی ڕێپێوان و چالاکییەکاندان، توانیان ئەوە پیشان بدەن کە لە هەموو پارچەکانی کوردستان خۆیان بە ڕێکخستن کردوە، ژنان دەتوانن ببن بە هێزی گۆڕانکاری و هیوا دروستبکەن، دەتوانن کارێک بکەن کۆمەڵگەش بە ڕێکخستن بکەن، بۆیە پێویستە خاوەندارێتی لە کوردستان بکەن و بۆ ئازادی کۆمەڵگە تێبکۆشن.

 

ڕۆزەرین کەمانگەر لە کۆتاییدا وتی: هێرشکردن بۆ سەر پارچەیەکی کوردستان بە مانای هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی کوردستان و بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا پێویستمان بە یەکگرتنە، گەلی باشووری کوردستان هەمیشە پشتیوانی خۆی دەربڕیوە، کاتێک پارچەیەکی کوردستان تووشی داگیرکاری بووە، بۆیە پێویستە لە ئێستاشدا هەمان هەڵوێست هەبێت و ببن بە دەنگ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.