فۆزا یوسف: پێویستە کۆنفیدراسیۆنی ژنانی جیهان دابمەزرێندرێت

فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک، ئەو هێرشانەی کە سیستمی پیاو-دەوڵەتی لە دژی ژنان لە ئاستی جیهانیدا پەرەپێداو و تێکۆشانی ژنانی لە ساڵی ٢٠٢٢ هەڵسەنگاند، هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی بنیاتنانی کۆنفیدراسیۆنی ژنانی جیهان.

بێریتان زنار

 

قامیشلۆ- لە ساڵی ٢٠٢٢دا سیستمی پیاو-دەوڵەت هێرشی لە دژی ژنان و دەستکەوتەکانی ژنان لە ئاستی جیهانیدا ئەنجامدا، ژنان لە تێکۆشان و بەرخۆدانی بێهاوتادا بوون، فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە باسی لە سێیەمین شەڕی جیهانی کرد، کە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە و لە بەرامبەردا بەرخۆدان بەڕێوەچووە.

 

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ نوژنها، فەوزا یوسف وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە؛

 

  • ٢٠٢٢ ساڵێکی  هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم بوو، ئەم دۆخە چۆن کاریگەری لەسەر گەلانی ناوچەکە و ژنان هەبووە؟

لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا ئەم جەنگە جیهانییە سێیەمە چووە ناو پڕۆسەیەکی نوێوە، بێگومان چەقی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەمانە، چونکە ئەم هێزانە ئەمڕۆ لە ئۆکراینا شەڕ دەکەن و ئەوانیش لە شەڕدان لە هەرێمەکەماندا و شەڕەکان کاریگەریان لەسەر یەکدی هەیە، چونکە شەڕە لە نێوان هێزە هەژموونییەکان و هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، ئەوان لە جەنگدان بۆ ئەوەی سەروەری خۆیان بەسەر جیهان و هەرێمەکانماندا زیاتر بکەن، ململانێکانیان بۆ بەدەستهێنانی وزەی هەرێم و خەڵکی ناوچەکە و بارودۆخی سیاسییە، ئەو هێزانەی دژی یەکتر دەجەنگن، هەموویان هێزی هەژموونخوازن و دژ بە خەڵکن، دژی دیموکراسی و ئازادین، بۆیە ئەم شەڕە خزمەت بە هێزە دیموکراتیک و ئازادەکان ناکات، ئامانجی ئەم جەنگە پێکهێنانی ئازادی و دیموکراسی نییە، بۆیە ئەم شەڕە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان و گەلانی ستەمدیدە و گەلانی ناوچەکە هەیە، ملیۆنان کەس ئەمساڵ کۆچیان کردووە، ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، ملیۆنان کەس تووشی زەحمەتی گەورە بوون و لەسەر ڕێگاکان کۆمەڵکوژکران و کوژران و بێسەروشوێن بوون، واتە کارەساتێکی مرۆیی هەبوو، بەردەوامیشە.

 

"لە ساڵی ٢٠٢٢دا فاشیزم و ڕەگەزگەرایی زیادیکردووە"

ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە لە سەرتاسەری هەرێمەکەمان، ئەمڕۆ بارودۆخی سوریا و بارودۆخی لوبنان و ئێران و تورکیا و هەموو ناوچەکانی ئێمە لە ئاگردایە، دوولایەن هەن، ئەوانیش هێزە هەژموونگەراکانی جیهان و حکومەت و ڕژێمە دواکەوتووەکانی ناوچەکەن، ئەوانەی کە ڕۆژ بەڕۆژ خوێنی خەڵکیان لە دەوڵەت-نەتەوەدا دەمژن، ئەوان لەسەر جەنگ دەژین و دەسەڵاتی خۆیان لەسەر کوشتن جێگیر دەکەن، ئەمە هەروەها ڕێگە بە خراپبوونی بارودۆخەکە دەدات ڕۆژ بە ڕۆژ، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆ لە هەرێمەکەدا هەیە، بەهۆی دژایەتییەکی زۆر ڕێکخراوە و هێشتا ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر دیموکراتیک کە ناوچەکە بگرێتەوە، پەرەی نەسەندووە.

 

"لەو شوێنەی فاشیزم بوونی هەیە، ڕەگەزگەرایی لە زیادبووندایە"

واقیعی دەوڵەت و ڕاستی هێزە هەژموونییەکان و ڕەگەزگەرایی وەک سێگۆشەی بەرمۆدا یەکتر بەهێز دەکەن، ئەمەش ژنان دەخاتە ناو کۆیلایەتی و زوڵم و خراپەی گەورەوە، لە هەندێک وڵات ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە ڕێگەی خەباتیانەوە بەدەستیانهێناوە، هێشتا دەستی بەسەرداگیراوە، کردەوەی زۆر خراپ لە دژی ژنان پەرەیسەند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا توندوتیژی دژ بە ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد، سیستمی جیهانی لەسەر بنەمای سیستمێکی خاوەن کاراکتەری پیاوسالاری و ستەمە، بەو پێیەی جەنگ زیاد دەکات، زۆرداریی لەسەر ژنان زیاتر دەبێت، لەناو خێزان و دەرەوە و لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە بواری یاساییدا خۆی نیشان دەدات، واتە ئەو شوێنەی کە فاشیزم و شەڕ و توندوتیژی هەیە، مرۆڤ ناتوانێت بڵێت لێرەدا ڕەگەزگەرایی لاواز دەبێت بەڵکو پێشدەکەوێت، بۆیە ئەم شەڕە لە دژی ژن و گەلی بندەستە و زیانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی.

 

  • خەبات و ڕێکخستنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ جەنگی جیهانیی سێیەم، چەندە جیهانی بوو دژی خەباتی ژنان؟

وەک ڕێکخراوەکانی ژنان بێشک کاری هاوبەش ئەنجام دەدرێت و تێکۆشان بەڕێوەدەبرێت، ئەمە لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕوویدا. بەڵام وەک بزووتنەوەکانی ژنان پێویستە چاو بە ستراتیژی و تێکۆشانی خۆماندا بخشێنینەوە، چونکە ئەمڕۆ لە کەسایەتی ژندا شەڕی دژی مرۆڤایەتی هەیە یان ئەو هێزە هەژموونییە شەڕێکی گەورە دژی مرۆڤایەتی بەرپا دەکەن. ئەمەش کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان پێویستە ڕێکخراوی بەهێز دروستبکەین دژی ئەو هێزە هەژموونییانەی کە بلۆک دروستدەکەن و هاوپەیمانی پێکدەهێنن، لە دژی ئەم هێزە جیهانییانە پێویستە ڕێکخراوی جیهانیش دابمەزرێنین و پەرەیان پێبدرێت.

 

"هەوڵ و کۆشش هەیە بەڵام لاوازن"

دیداری ژنان لە تونس و بەرلین بەڕێوەچوو و ئەمانە هەنگاوی گرنگ بوون وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان ڕۆڵی پێشەنگی لەم کۆبونەوانەدا بینی،بەڵام ئایا ئەمە بەسە بۆ شکاندنی هێرشەکان بۆ سەر ژنان؟ پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان بەهێزتر بن و لە ئاستی جیهانیدا بەهێزتر و باشتر خۆیان ڕێکبخەن و هەنگاوی پراکتیکی لەم بوارەدا بگرنەبەر، هیچ بزووتنەوەیەکی ژنان بەتەنیا ناتوانێت کاریگەری لەسەر بنبڕکردنی تەواوی ئەم دەسەڵاتانەی جیهان هەبێت، پێویستە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا یەکبگرن و بەو شێوەیە بتوانن شەپۆلی توندوتیژی و ڕەگەزی بشکێنن، کە لە ڕێگەی جەنگەوە سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات.

 

  • بە گشتی ساڵی ٢٠٢٢ توندوتیژی و هێرش دژی ژنان و خەڵکی کوردستان چڕ بووەوە، بە ئامانجگرتنی ژنان و بەرخۆدانی ژنان لەم هێرشانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

ساڵی ٢٠٢٢ ساڵێکی بەهێز بوو بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنان، ژنان لە زۆر ناوچەدا ڕاپەرین و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا، دەتوانین بڵێین ساڵێکی زۆر تەواو بووە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ڕاپەڕینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، دەتوانین بڵێین لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕاپەڕینی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتدا دەستکەوت بوو، ئەگەر ئەمڕۆ باسی ڕێنیسانسی ژنان بکەین، ئەوە بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بەڕێوەدەبرێت، بۆیە ئەمڕۆ ژنانی کورد کە هەموو ژنانی ئازادن بە شێوەیەکی سەرەکی دەکرێنە ئامانج، چونکە سیستمی هێزی پیاو لە ترسێکی گەورەدایە، سیستمی هێزی پیاو لە ژنی خاوەن هۆشیاری و ئازاد و چالاک و ئەو ژنانەی کە خۆیان لە کۆیلایەتی ڕزگارکردووە زۆر دەترسێت، بۆ لاوازکردن و شکاندنی هیوای ئازادی و دروستکردنی ترس لە نێوان ژنان و شکاندنی ئازایەتی ژنان و گەڕانەوەی ژنان بۆ ژیانی ستەم و کۆیلایەتی چەندین شێواز پەیڕەو دەکەن.

 

"دەوڵەتی تورک لە بەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتی فاشیزمی نێر دەکات"

لە ساڵی ٢٠٢٢دا وەحشییەتیکی گەورە لە دژی ژنان ئەنجامدرا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی ژنان هەیە و هێرشێکی گەورە ئەنجام دەدرێت و چەندین ژن کرانە ئامانج، ژنانی پێشەنگ، کە بۆ ژنان و کۆمەڵگە هیوا بوون کرانە ئامانج، دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ نوێنەرایەتی بەرزترین ئاستی فاشیزمی نێرینە دەکات، لە بەرزترین ئاستدا، ڕەگەزاگەرایی نێر و دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان دەکات، بۆیە سیستمی فەرمانڕەوایی ئەمڕۆ لە کەسایەتی دەوڵەتی تورکدا جەنگێکی زۆر پیسی دژی ژنان ڕاگەیاند و ژیان تۆلهەلدان، زەینەب سارۆخان، ناگیهان ئاکارسەل، سۆسەن بیرهات و چەندین ژنی دیکە نمونەن، ئەمەش دەریدەخات کە ئاستی خەباتی ژنان زیادی کردووە و کاریگەری زۆری هەبووە لەبەر ئەوە هێزی پیاو زۆر هێرشی توندوتیژ ئەنجام دەدات.

 

"ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی تێکۆشانی ژنان بوو"

پێش کۆتایی ساڵ ژینا ئەمینیش کرایە ئامانج و لە دژی ئەوە هەڵوێست وەرگیرا و ڕاپەرین سەریهەڵدا کە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە هۆشیارییەکی زۆر لە نێوان ژناندا هەبووە، زانستێکی گەورەی ئازادی دروستبووە، ئەم هێزە دەسەڵاتدارانە دەیانەوێت بە کوشتن ڕێگری لە خەبات بکەن. بەڵام دەبینین ژنان بۆ ئازادی باجیان داوە و بەرخۆدان دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەرکەوت کە ژنان کوژراون و لەسێدارەدراون و ئەشکەنجەدراون، بەڵام ترس ناناسن و فاشیزم ناناسن و هیچ شتێک ڕێگرییان لێناکات، ئەمەش دەریدەخات کە شۆڕشی ژنان، زانستی ئازادی ژنان گەیشتووەتە ئاستێک کە دەسەڵاتی پیاو ناتوانێت ڕێگری لێبکات، واتە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژنان وتیان: "تۆ ناتوانیت بە گرتن و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان، ئێمە بترسێنیت"، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژنان جارێکی تر سووربوونی خۆیان بۆ ئازادی دەرخست.

 

  •  ماوەی زیاتر لە سێ مانگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خەڵک پێشەنگایەتی ڕاپەڕین دەکەن، ئەم دروشمە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و چ ئەنجامێک دروست دەکات؟

دەتوانین بڵێین لە کوردستان فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێبەر ئاپۆ پێیشخست، ڕێبەر ئاپۆ لە دید و بۆچوونی خۆیدا جەخت لەسەر ئەو سێ چەمکە دەکاتەوە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "ئەگەر پیاوان لەگەڵ ژنان نەچنە ئاشتییەوە، ناتوانن لە ژیاندا بچنە ناو ئاشتیەوە" بەم هۆیەشەوە "ژن، ژیان، ئازادی" دروستدەکات، ژیان بێ ژن نابێت و ژنیش بێ ئازادی نابێت، دیالێکتیک هەیە لە هەر سێ چەمکەکەدا. ڕێبەر ئاپۆ ژنانی کردە ناوەندی ژیان و وتی، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، ژیان کۆیلەیە، ئەگەر ژنیش لە ڕووناکیدا نەبێت، ژیان لە تاریکیدایە، ئەم بە ئاگاهێنانەوەیە بۆ یەکەمجار لە باکووری کوردستان لەلایەن بزووتنەوەی ژنانەوە لە ئامەد بە بۆنەی ٨ی ئادار بەرزکرایەوە، پاشان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران بە پێشەنگیی ژنان بەرزدەکرێتەوە.

 

"شۆڕشی ژنان لە هەڵکشاندایە و گۆشەگیری هەڵدەوەشێننەوە"

هێزە دەسەڵاتدارەکان بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ ویستیان شۆڕشی ژنان سەرکوت بکەن و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لەناوبەرن، بۆ ئەوەی تێڕوانینی ئازادانەی ڕێبەر ئاپۆ بڵاونەبێتەوە، سیستمی گۆشەگیری قورستر بووە، بەڵام شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پێشکەوتنەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، شۆڕشی ژنان کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لەزیادبوون دەکات، ئەوە دەردەخات کە نە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالی و نە پیلانگێڕی و نە گۆشەگیری ناتوانێت کاربکاتە سەر ئاستی کاریگەری رێبەر ئاپۆ لەسەر ژنان و مرۆڤایەتی، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێکە، هێزە هەژموونییەکان ویستیان ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا بێدەنگ بکەن، بەڵام ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ لە هزری هەموو ژناندایە، ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو مرۆڤێکی ئازاد و دیموکراتدا سەرهەڵدانێکی نوێ دروستدەکات، واتە بۆچوون و تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ بۆتە مانیفێستی ژنان و چەوساوەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو هێزە هەژموونیانە ناتوانن بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ سەربکەون و ڕاپەڕینەکانی ٢٠٢٢ی ژنان ئەمەیان سەلماند.

 

  • دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتەسەر دەستکەوتەکانی کورد و ژنان لە چوار پارچەی کوردستان، وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەم هەموو هێرش و بەرهەڵستییانە چۆن هەڵدەسەنگێنن بەرامبەر ئەو هێرشانە؟

دەوڵەتی تورک دەیەوێت هێزی خۆی لەسەر خوێن و شەڕ جێگیر بکات، ئەمە لە مێژووی ئەواندا هەیە، لەسەر داگیرکاری دەژین، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو هاوپەیمانییەی نێوان ئاکەپە و مەهەپە دەیەوێت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات لەسەر داگیرکاریی و خوێنڕشتن، بۆیە ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەمڕۆ بەسەر گەلی کورددا دەکرێت کاتیی نییە و ستراتیژیەتی درێژخایەنی ئەوانە.  دەیانەوێت بوونی خۆیان لەسەر نەبوونی کورد دروستبکەن و دەسەڵاتی خۆیان لەسەر کۆیلایەتی ژناندا دابمەزرێنن.

 

دەسەڵاتدارانی ئاکەپە و مەهەپە لەو ڕۆژەی کە ڕێککەوتوون شەڕیان دژی گەلی کورد ڕاگەیاند، ئەم شەڕە تەنها دژی تەڤگەری ئازادیی و گەریلا نییە، بەڵکو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە دژی گەلەکەمان لە باشوور ڕۆژهەڵات، دژی بوونی هەموو کوردێکە، ئێستا دەبینن کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لێرە سیستمێکی دیموکراتیک لە دژی سیاسەتەکانی قڕکردن و جینۆساید و نکۆڵیکردنی گەلی کورد بە زمانی خۆیان دادەمەزرێنن و ناسنامەیان بە ئاشتی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە دەژین، بەم هۆیەوە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەم سیستمە بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت و نایەوێت گەشە بکات، ئێمە ئێستا لە ناوەڕاستی تەواوبوونی سەدەی لۆزانین کە لە دژی ناسنامەی گەل پەرەیسەند و سەد ساڵە نکۆڵیمان لێکراوە، ئێستا کورد دەیەوێت ئەم ڕێککەوتنە هەڵوەشێنێت و جارێکی تر مافەکانی بەدەستبهێنێت، هێزە دەسەڵاتدارەکان و بەتایبەتی دەوڵەتی تورک دەیانەوێت ئەم دۆخەی ئێستا بپارێزن و دەوڵەت-نەتەوە بەردەوامی پێبدەن.

 

وەک گەلانی ناوچەکە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ژنان و لایەنە سیاسییەکان لە دژی ئەو هێرشانە دەستمان بە پرۆسەی بەرخۆدان کردووە و سوورین لەسەر ئەوەی کە ئەو فاشیزمە سەرنەکەوێت، سەرکەوتنی ئەم فاشیزمە مانای ئەوەیە کە ئێمە ساڵەکەمان لە قەیران و کۆمەڵکوژیدا بەسەردەبەین، بۆیە ئێمە وەک گەلانی ناوچەکەمان، بڕیارماندا بە یەک دەنگ فاشیزمی دەوڵەتی داگیرکەر ببەزێنین، ئێمە داعشمان بەزاند و بە ئیرادەوە فاشیزمی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تێکدەشکێنین.

 

  • دەوڵەتی تورک بە هێرشی ئاسمانی کە لە ١٩ی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکردووە، ئاسایشی کامپی هۆلی کردوە ئامانج، دەزاندرێت کە زیاتر لە ٦٥ هەزار خێزانی داعش لە کامپی هۆل دەمێننەوە، ئامانجی ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورک و مەترسییەکانی بۆ ژنان و کۆمەڵگەی جیهان چییە؟

دەوڵەتی تورک و داعش ڕووی هەمان دراون، هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نییە و یەکتر بەهێز دەکەن، داگیرکاریی دەوڵەتی تورک داعش بەهێز دەکات و داعش داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بەهێز دەکات، ئەمڕۆ لە عەفرین، سەرێکانی، گرێسپی، جەرابلوس، ئیدلب، هەموو ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، داعش لەو ناوچانەدا خۆی ڕێکدەخاتەوە و خۆی دروستدەکات و بەڵگەی ئەوەش هەیە، بۆیە دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەندکراوەکانی داعش بڕفێنێت، لە ساڵی ٢٠١٩دا هێرشی کردە سەر زیندان و کامپی عەین عیسا و ڕێگەی بە هەزاران داعش و خانەوادەکانیاندا هەڵبێن، ئێستا بەهەمان شێوە دەیەوێت ئەو داعشە بەندکراو و خێزانەکانیان هەڵبێن، بەمەش دەیەوێت دەست بەسەر ئەو داعشانەدا بگرێتەوە و بە دەستی ئەوان شەڕێکی نوێ لە دژی ناوچەکە و جیهان بەرپا بکات.

 

"زانیاری هەیە کە دەوڵەتی تورک و داعش لە یەک کاتدا هێرش دەکەن"

هێرشەکان خزمەتی داعش دەکەن و ئاگادارین کە ئەگەر دەوڵەتی تورک هێرش بکات ئەوا داعشیش هێرش دەکات، پیلانێکی داعش بەم شێوەیە هەیە، واتە بۆ پەرەدان بە هێرشێکی تەریب و پلانێکی زۆر مەترسیدار لەم بوارەدا هەیە، هاوپەیمانان و هێزە نێودەوڵەتییەکان ئێستا خۆیان بە دژی داعش نیشان دەدەن، بەڵام تا ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان چاوی خۆی لە ناوەندی داعش کە دەوڵەتی تورکە داخستووە، بەڵام هەتا فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لەسەرپێ بێت، داعش کۆتایی پێنایەت، چونکە بەڕوونی داعش ڕێکدەخەن و چەکداریان دەکەن و پلانی بۆ دادەنێن و ستراتیژییەتیەکەی پێناسە دەکەن، و وەک هێزێک دەیبەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان.

 

  • لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە دەکرێت هەڵوێستی ئێوە چۆنە؟

هەنگاوی زۆر گرنگ و شۆڕشگێڕانەمان ناوە بۆ سیستمی کۆمەڵایەتی و ئازادی، ئەم سیستمە کاری هاوبەشی دروستکردووە و شۆڕشەکەمان بەم شێوەیە پێناسە دەکەین: شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و ژنانی کورد تەنیا شۆڕشی ئەم هەرێمە نییە، شۆڕشی مرۆڤایەتییە، بێگومان پشتیوانی هێزە دیموکراتیکەکان و پشتیوانی ژنان لە هەموو بەشەکانی جیهان بۆ شۆڕشەکەمان هەمیشە سەرچاوەی هێزن، دەتوانین بڵێین شۆڕشەکەمان ئەنجامی کاری کۆمەکەی مرۆڤایەتییە، بۆیە ئێمە ناڵێین کە شۆڕش بەتەواوی لە مەترسی ڕزگاری بووە، چۆن لەگەڵ ژنانی ئینگلتەرا، ئەفریقا، ئەمریکا لە ئەوروپاوە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە تورک و فارس و عەرەب لێرە تێکۆشانیان کرد و ئەم شۆڕشە سەریهەڵداوە یان ئێستا پێویستە هێزە دیموکراتیکەکان و هێزە ئازادەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان و ڕێکخراوە دژە سەرمایەداری و دژە فاشیستەکان ئەو بەهایەیان هەبێت، چونکە ئەمە بەهایەکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، هەتا ئەم بەهایە بپارێزرێت، ڕێگا خۆش دەکات بۆ پێشکەوتنە جۆراوجۆرەکان تێکشکانی ئەم شۆڕشە کودەتایەک دەبێت بۆ هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانی جیهان، بۆیە پێویستە ئەم پەیوەندییە باش پێناسە بکەین و باش بیبینین.

 

"مرۆڤایەتی لە دژی هیتلەر چۆن بوونە یەک، دەبێت لە دژی ئەردۆغانیش یەکبگرن"

ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هەڕەشە لە هەموو ژنان و مرۆڤایەتی دەکات، با سەرنج بدەینە ئەوەی کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە تورکیا ڕوداوێک هەبوو، منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ مەلایەک پێکراوە، ئەم شێوازە ژیانی ئاکەپە نیشان دەدات و وشیاری ئاکەپە ئاشکرا دەکات، تا دوێنێ پیاوەکە نەدرایە دادگا، هێرشکردنە سەر ژنان و منداڵان، بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و دڕندەیی ئەمە پرسیارێکە بۆ ژنانی جیهان، لە ئێستادا دەبێت هەموو کەسێک لە دژی ئەو فاشیزمە و زوڵم و دژە دیموکراسیە یەکبگرن، وەک چۆن مرۆڤایەتی لە دژی فاشیزمی هیتلەر بوونە یەک، ئێستا پێویستە لە دژی سیستمی فاشیزمی دەوڵەتی تورک یەکبگرن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هێرشکردنە سەر بەهاکانی مرۆڤایەتیە و ئەوەش ئەرکی ئێمەیە کە بەرخۆدانی بکەین و دژی هێرشەکان بین.

 

  • ئامانجەکانی تۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٣بانگەوازت بۆ هەموو ژنانی جیهان چییە؟

لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێویستە بەرخۆدانی خۆمان زیاتر بکەین و ڕێکخراوەکەمان بەهێز بکەین و چالاکیەکانمان فراوانتر بکەین، ئێمە باوەڕمان وایە کە ساڵی ٢٠٢٣ زۆر ئاڵۆز دەبێت، چونکە لە ئێستاوە دیارە کە ساڵێکی ئاسان نییە، بۆیە ئەوەندەی هێزە فاشیست و هەژموونگەراکان هێرش دەکەنە سەر دەسەڵات، ئێمە ئەوەندە دژیانین، بەرخۆدانی خۆمان، ئیرادەی خۆمان، سووربوونی خۆمان گەورە دەکەین و هیچ شتێک لە دەست نادەین، ئێمە دەیبەینەوە، ئێمە ئازادی و بوونمان بەدەستدێنین، لە هەر چوار پارچەی کوردستان سیاسەتی جینۆساید لەسەر گەلی کورد و ژنانی کورد پەیڕەو دەکرێت، شەڕێکی گەورە لە دژی هێزە دیموکراتیک و ئازادەکان ڕوودەدات و پێویستە بە شانازییەکی گەورە و بە ڕۆحی تۆڵەکردنەوە تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە، وەک چۆن ساڵی ٢٠٢٢مان کرد بە ساڵی بەرخۆدان، پێویستە ساڵی ٢٠٢٣ بکەینە ساڵی سەرکەوتن، گەریلاکان لە لوتکەی چیا قارەمانییەکی گەورەیان نیشاندا، ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی بەرخۆدانی نیشاندا کە نموونەی نییە و خەڵکی هەرێمەکە، لە ساڵی ٢٠٢٢ دیمەنێکی زۆر پیرۆزیان نیشاندا، پێویستە ئەم بەرخۆدانە بەرز بکەینەوە و بەهێز بکەین، بۆ ئەوەی بەرهەمی ئەمە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەدەستبهێنین، لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێم ئەمساڵ ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی ژنان و ساڵی گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ.