"بەئامانجکردنی ژنانی پێشەنگ بەئامانجکردنی پڕۆژەی دیموکراتیکە"

دەوڵەتی تورکیا ژنانی پێشەنگ لەناو وڵاتان و ناوچە داگیرکراوەکان دەکاتە ئامانج و ئەم سیاسەتەشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوامی هەیە.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- هێزە باڵادەستەکان هەوڵ دەدەن ئیرادەی گەلان تێکبشکێنن، ئەویش بە سیاسەتی بە ئامانجکردنی ژنانی پێشەنگ و چالاکوانی بواری ژنان، کە جێپەنجەیان لەسەر تێکۆشانی ژنان و ئیرادەی ئەو گەلانە بەجێهێشتووە بۆ ئازادی و یەکسانی خەبات دەکەن.

 

بەڵگەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، دەوڵەتی تورکیا ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە داگیری کردووە و لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە کوشتنی ژنان بەرز بووەتەوە، دوا تاوانی دەوڵەتی تورکیا تیرۆرکردنی پێشەنگ و ئازادیخواز زەلال زاگرۆسە، کە خەباتی بۆ ژنان و گەلان کردووە و بەرگری لەو هزر و فەلسەفەیە کردووە کە باوەڕی پێی هەبووە.

 

"دەوڵەتی تورکیا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلان، ژنان دەکاتە ئامانج"

ڕووکەن مەلا ئیبراهیم، ​​جێگری سەرۆکی دەستەی ژنان لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ژنانەوە دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بووە لە بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەتی پێشەنگە ژنەکان، لە هەڤرین خەلەفەوە تا ژیان تۆڵهەلدان و زەینەب سارۆخان و دەیانی دیکە، هەموو ئەمانەشی لە پێناو شکاندنی ئیرادەی ژنان و لەناوبردنی بەها و دەستکەوتەکانی شۆڕش و نەتەوەی دیموکراتیکە.

 

سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ڕووکەن مەلا ئیبراهیم وتی: دوایین تاوانی تورکیا تیرۆرکردنی ئازادیخواز زەلال زاگرۆسە لە کەرکوک لە هەرێمی کوردستان، کە تێکۆشەرێک بوو لە مەنبج و چەندین ناوچەی دیکە شوێن پەنجەی خۆی بەجێهێشتووە و هەوڵی چەسپاندنی چەمکی نەتەوەی دیموکراتیکی لە ڕێگەی کارکردن لە کۆمین و ئەنجومەن داوە و هاوکاری سەدان ژنی کردووە دەست بە خەبات بکەن، هەروەها ڕۆڵی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگای دێرەزووردا هەبووە و کاریگەرییەکی ڕوونی لەو ناوچەیەدا بەجێهێشت، هەروەها گەیشتە ئەرمینیا بۆ ئاشناکردنی ژنان بەو هزر و فەلسەفەیەی کە ٣١ ساڵە ژیانی ڕۆشن کردووەتەوە، هەموو ئەمانە وایکرد دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجی بگرێت.

 

"وڵاتانی فاشیست ژنان دەکەنە ئامانج"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕووکەن مەلا ئیبراهیم سەرکۆنەی بەئامانجکردنی ژنانی کرد و وتی: وڵاتانی فاشیست هەمیشە هەوڵدەدەن ئیرادەی گەل بشکێنن و ژنان بکەنە ئامانج، داگیرکەری تورکیاش هەوڵدەدات ئیرادەی گەل و ژنان تێکبدات، کە نەک تەنها ژنان، ئازادیخواز فەرهاد دێرک کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سیستەمی خۆبەڕێوەبردن تیرۆر کرا، لەم دواییانەدا ژێرخانی ئابووری کراوەتە ئامانج و دەیان تاوانی دیکەی دەوڵەتی تورکیا، ئامانجەکە لاوازکردنی ئیرادەی ژنان و پووچەڵکردنەوەی پڕۆژەی دیموکراتیکە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان.

 

لە کۆتاییدا وتی: بەڵام ئەم هێرشانە ڕێگریمان لێناکەن، بە پێچەوانەوە هێرشەکان ئیرادە و پێداگری لەسەر مانەوە و چەسپاندن بە خاکەکەمانەوە زیاد دەکات و سورمان دەکات لەسەر بەرخۆدان و خەباتکردن بۆ گەیشتن بە سوریایەکی فرەیی و لامەرکەزی، ئێمەش هەوڵدەدەین ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو جیهان ڕزگار بکەین و داوا لە هەموو ژنان دەکەین لەپێناو چەسپاندنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا تێکۆشان و بەرخۆدان بکەن.