بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا کەرتی گەشتوگوزاری بۆ بادینان لاوازکردووە

دەوڵەتی تورکیا بەو داگیرکاریانەی لە ڕێگای چەک، شکاندنی سنورەکان، سیستمی پەروەردە و دراما تورکییەکانەوە دەیکات، ناوەستێت، بەڵکو لە ئێستا کەرتی گەشتیاریشی بۆ ناوچەکانی بادینان لە باشووری کوردستان لاواز کردووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامە و زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتر بە هاوکاری پەدەکە هاتووەتە ناوچەرگەی باشووری کوردستان و تیرۆری لەناو شارەکان دەستپێکردووە و بۆردومانی ناوچە گەشتیارییەکانیش دەکات.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەوڵەتی تورکیا ناوچەی گەشتیاری کونەماسی بۆردومانکرد و هەمان ئەو هێرشەی لە ٢٠ی تەمموزی ئەمساڵدا بۆ گوندی پەرەخی گەشتیاری لە سنوری زاخۆ دووبارە کردەوە، بەهۆیەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٧ گەشتیار بریندار بوون، کە بە ڕەگەز عەرەب بوون

 

ئەم هێرشە یەک لەدوایەکانەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچە گەشتیارییەکان یەکێکی دیکەیە لە پلانەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، بۆ ئەوەی چیتر گەشتیاران و خەڵکی باشووری کوردستان سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن و ناوچە گەشتیارییەکان وەلابنرێن و گوندەکانی ناوچە سنورییەکانی بادینانیش چۆڵبکرێن تا بە ئاسانی داگیریان بکات.

 

حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە درێژایی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ بوون، بەڵام لە کۆتا هێرشدا حکومەتی عێراقی هەڵوێستی نواند، چونکە زیانلێکەوتووان بە ڕەگەز عەرەب بوون.

هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچە گەشتیارییەکان و بەتایبەت سنوری دهۆک و بادینان کەرتی گەشتیاری لاوازکردووە، کە ئەمە لە ڕووی ئابووریشەوە زیان بە کوردستان و کەرتی گەشتیاری دەگەیەنێت، شەن دارا، خاوەنی یەکێک لە نوسینگەکانی گەشتوگوزار لە سلێمانی، کاریگەری بۆردومانەکان لەسەر کەرتی گەشتیاری بۆ نوژنها ڕوونکردەوە و وتی: هەفتانە گروپی گەشتیاری زۆر هەبوون بە جۆرێک ئوتێلەکان بەرنەدەکەوتن لە گەشتیاران، بەڵام بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە لە ئێستا گەشتیارێکی زۆر گەشتەکانیان ڕاگرتووە و دەترسن لەوەی سەردانی ئەو ناوچە گەشتیاریانە بکەن، بۆیە هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا کاریگەری زۆری خستووەتە سەر کەرتی گەشتوگوزار.

 

ئاماژەی بەوەشدا گەشتیاران بەردەوام ترسیان هەیە لەوەی هەمان ڕووداو دووبارە بێتەوە، بۆیە چەندین گروپی گەشتیاری ڕێکدەخەن و هەڵدەوەشێتەوە، وەک باسی لێوە دەکات ئەو ڕۆژەی ڕووداوەکە ڕوویداوە هەموو گروپە گەشتیارییەکانی هەڵوەشاوەتەوە، چونکە ترسیان لا دروستبووە.

 

"بازگەکان بۆ کوردەکان تۆکمەیە، بەڵام بە ڕووی داگیرکاراندا کراوەتەوە"

شەن دارا ڕوونیکردەوە، کە پێویست ناکات گەشتیاران ترسیان لا دروست ببێت، بۆ ئەوەی تەواو ترس لە دڵیشیاندا نەمێنێت پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بێتە دەنگ و سنورەکان تۆکمە بکەن، ڕێگە نەدەن داگیرکەر بێتە ناو خاکی باشووری کوردستان، وتیشی "کاتێک سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەین لە بازگەکاندا لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکرێت لە کاتێکدا کوردین و بۆ گەشت دەڕۆین، بەڵام سنورەکان بۆ داگیرکاران کراوەیەوە و بەردەوام هێرشمان دەکەنە سەر، هیچ لایەنێک لێپرسینەوە ناکات".

 

لە کۆتایشدا وتی: ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەوامبن هاوڵاتیانی باشوور و گەشتیارانی دەرەوە ڕوو لەو ناوچە گەشتیاریانە ناکەن و کەرتی گەشتوگوزار ئاستی دادەبەزێت، هاوڵاتیانیش بەو ناوچانە ئاشنا نابن.

 

هاوڵاتیان ئامادە نین گەشت بۆ ناوچە سنورییەکان بکەن

ڕۆزا عوسمان وەک گەنجێک، دەربارەی هێرش و بۆردومانەکان بۆسەر ناوچە گەشتیارییەکان ڕوونیکردەوە کە ئەو هێرشانە ترس لای هاوڵاتیان دروستدەکات، ڕۆزا خۆی خوێندکارە و دەڵێت "کاتێک گەشتێک ڕێکدەخرێت بۆ خوێندکاران بێگومان خێزان ڕێگری دەکات لە ترسی بۆردومانەکان، چونکە ئەمە یەکەم جار نییە و پێشووتر لە کونەماسی کە ناوچەیەکی گەشتیارییە هەمان شت ڕوویدا".

 

بە پێویستی دەزانێت، کە هەرچەندە داگیرکەر هێرش بکات و ناوچەکان بۆردومان بکات لە کۆتایدا ناکرێت ئەو ناوچانە چۆڵبکرێت چونکە خاکی کوردستانە.

 

نیگار حسێن، ئاماژەی بەوەدا، دڵیان ئارام نییە کاتێک گەشت دەکەن، بۆیە بڕیاریان داوە لە ئێستادا گەشت نەکەن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، وتیشی: "ئێستا کاتی پشوو گەشتکردنە بەڵام داگیرکاران وایانکردووە تەواوی هاوڵاتیان بترسن لەوەی سەردانی خاکی خۆشیان بکەن"، هۆکاری ئەم دۆخەشی بۆ بێ هەڵوێستی حکومەت لەبەرامبەر داگیرکاران گەڕاندەوە.

 

"باشووری کوردستان خاوەنی نییە"

شلێر کەریم، وەک دایکێک ئاماژەی بەوەدا کە نەک تەنها خۆی ترسی هەیە بەڵکو ڕێگە نادات منداڵەکانیشی گەشت بکەن بۆ ئەو ناوچانە، دەڵێت: بە دەردەسەری منداڵمان گەورە کردووە و نامانەوێت لاشەکانیان ببینین، چونکە ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات بەرامبەر بە کورد هیچ لایەنێکی دیکە ئەنجامی نادات و تەواو سیستمی داگیرکاری پەیڕەو دەکات.

 

ئەو دایکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات بێ هەڵوێست نەبن و بە ڕووی هێرش و داگیرکارییەکاندا بوەستنەوە، لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە باشووری کوردستان خاوەنی حکومەت و دەسەڵاتێک نییە ئەگەر خاوەنی بوایە داگیرکەر نەیدەتوانی بەو ئاسانییە بۆردومانی ناوچە کوردییەکان بکات.