بەربژێر و ژنانی کۆیە چی دەربارەی هەڵبژاردن دەڵێن؟

هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت، زۆرترین هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەو بەربژێرانە بچنە پەرلەمان کە خزمەت بەتایبەت بە ژنان و بە گشتی کۆمەڵگە دەکەن.

شیا کۆیی

 

کۆیە- چاودێران و لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكەن، كە هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسسازە و بانگەشە و كێبڕكێكان لە نێوان بەربژێر و حزبەكان گەرم و هەندێکجاریش توندە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەرێمی كوردستان بە هەبوونی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن و بارودۆخی ژنانیش لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەرەو باشبوون ناچێت، بۆیە ئێمە دەپرسین، ئایا ئەو كابینەیە دەبێتە جێگەی ئومێد بۆ یاسادانان و هەموواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە هیچ خزمەت بە کۆمەڵگە و ژن ناكەن؟

 

"دەبێت هەموواری ئەو یاسایانە بکرێتەوە کە خزمەت بە ژن ناکەن"

هەورام عەبدولخالق حەوێز، مافپەروەر و بەربژێری ژمارە ٢٧ لە لیستی ١٢٩ لە بازنەی هەولێر، لە بارەی دۆخی کۆمەڵگەوە دەڵێت: هیوادارم جێگای متمانەی خەڵكی شارەكەم بم لە بازنەی هەولێر، ئێمە كیشەمان زۆرە وەكو كێشەی بێكاری و كێشەی گەنجان، كیشەی بێ مووچەیی و زۆر یاسامان هەیە كە وای دەبینین لە بەرژەوەندی ژنانە، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆربەی كات ئەو یاسایانە دژ بە ژنە و پێویستە ئەو یاسایانە هەمووار بكریتەوە.

 

هەورام عەبدولخالق لە بارەی گرنگی کاری پەرلەمان بۆ ژنان دەڵێت: زۆر گرنگە لە پەرلەمان كاربكرێت بۆ ژنان، كە ئەوەش لە پرۆگرام و بەرنامەی ئێمەدایە و كارەكانم چڕ دەكەمەوە لەو چوارچێوەیەدا. لە بەرامبەردا پێویستە ژنان پاڵپشتی ژنان بن و بە دەنگەكانیان بیاننێرن بۆ پەرلەمان، چونكە هەر ژن دەتوانێت پارێزگاری لە ژن بكات، ئەركی ئێمەیە هەموواری ئەو یاسایانە بكەینەوە، كە مافی ژنان پیشێل دەكەن، بە تایبەتی كاتێك ژن لە پیاوەكەی جیادەبێتەوە، زۆربەی مافەكانی دەفەوتێت و زۆرجار منداڵیشی لێ دەسەنرێتەوە و نەفەقەی پێنادرێت، بۆیە كیشەكان یەكجار زۆرن و پێویستیان بە چارەسەرە، بەرنامەی من تایبەتە بە دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجان لە كوردستان، بەتایبەت لە شاری كۆیە و کردنەوەی سەنتەرە بۆ بەساڵاچووان و منداڵانی ئۆتیزم، كە ئەوانە زۆر پێویستن بۆ شاری كۆیە.

 

"پێویستە بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان"

سەوزە عەباس، فەرمانبەرە لە شاری  کۆیە، سەبارەت بە دەنگدان و بەشداری هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی دەڵێت: بەڕای من زۆر پێویستە هەموو توێژەکان بچین بۆ دەنگدان، چونکە ئەو دەنگدانە زۆر گرنگ و چارەنووسسازە و کابینەی نۆ کابینەیەکی زۆر ناخۆشبوو، پڕی بوو لە گرفت بۆ ئێمەی هاوڵاتی و بێ مووچەیی و کێشە بوو، بۆیە گەنج و پیر و کوڕ و کچ دەنگ بدەن بەدڵی خۆیان و بزانن کێ پاڵپشتیانە و کێ غەدری لە گەل کردووە.

 

قومری حەمەد قادر، بەڕێوبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کۆیە، داوا دەکات هەموو خەڵک بەشداری دەنگدان بکەن و بچنە سەر سندوقی دەنگدان، دەشڵێت: ئەو دەنگدانە دەنگدانێکی چارەنووسسازە چاوەڕێ دەکرێت زۆر شت بگۆڕێت و ئێمەی کورد دەبێ دەنگ بەو لیستە بدەین کە بەڕاستی گۆڕانکاری لە ژیان و قوتی خەڵکی دەکەن و شایستەن، پێویستە ٢٠ی مانگ هەموومان دەنگ بە هەق بدەین.

 

قومری حەمەد ڕۆڵی ژنان بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: ژنان پێگەیەکی بەرزیان هەیە لە کۆمەڵگە و پێویستە لە ڕێگای پەرلەمانتارانی ژنەوە داواکاری ژنان جێبەجێ بکرێت و داکۆکی لە مافی ژنان بکەن و ئێمەش پاڵپشتیان دەبین.