ژنان: بایکۆتی کاڵای تورکی وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا

دژی هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا، هاوڵاتیان بانگەوازی بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی دەکەن، گرنگینەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەکردنی کاڵاکان بە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی باشوور دەزانن و دەڵێن" دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئاوڕ لە بەرهەمی خۆماڵی نادەنەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هێرش و بۆردومانە یەک لەدوایەکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاوڵاتیانی گەیاندووەتە ئەو بڕیارەی دووبارە بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن، وەک ساڵی ٢٠١٩ کاتێک دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی لەناوبردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری، هاوڵاتیان لە باشووری کوردستان وەک پاڵپشتییەک لە ڕۆژئاوا بایکۆتی کاڵای تورکیان کرد و بەمەش زیانی گەورەی ئابوورییان لە دەوڵەتی تورکیا دا.

 

وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران و تورکیا، بازاڕەکانی باشووری کوردستانیان قۆرخ کردووە و ساڵانە لەو ڕێیەوە سودێکی زۆردەگەیەنن بە داهاتی وڵاتەکەیان و ئاستی ئابووریان بەرز دەکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆکار کە باشوور وەک مشەخۆرێک بێت و دەسەڵاتدارانیش بێ هەڵوێست بن لەپێناو قازانجە بازرگانی و سیاسییەکانی خۆیاندا، بەڵام هاوڵاتیان و ژنان بە تایبەت هۆشیارانە دووبارە بانگەوازی بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەکەن، بۆ لاوازکردنی ئابووری دەوڵەتی تورکیا و لێدان لێی بۆ ئەوەی دووبارە دژی کورد بەکاری نەهێنێتەوە.

 

"بایکۆتکردنی کاڵای تورکی فشارە بۆسەر دەوڵەتی تورکیا"

نەرمین ئەحمەد، باسی لەوەکرد مێژوو سەلماندوویەتی دەوڵەتی عوسمانی دوژمنی کورد بووە، بۆیە تا ئێستا بەردەوامە لە داگیرکارییەکانی، ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر خاکی کوردستان و بۆردوومانی گوندەکانی دەکات، "بۆردومان و هێرشەکان بە جۆرێکن کە تەنانەت دەکرێنە سەر ناوچە گەشتیارییەکان وەک ئەو ڕووداوەی  لە زاخۆ ڕوویداو چەندین گەشتیار بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا".

 

بە پێویستی دەزانێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی ئەم داگیرکاری و زوڵمە دووبارە بایکۆتی کاڵای تورکی ڕابگەیەندرێت، هەروەها گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت و کاڵاکانی ناوخۆ ساغبکرێتەوە، کارگەی خۆماڵی دووبارە ببوژێنرێتەوە، چونکە ئەو بەرهەم و جلوبەرگەی هاوردە دەکرێت لە ڕووی کوالێتییەوە ئاستی نزمە.

 

نەرمین دەڵێت، "هەرچەندە هاوردەکردنی کاڵاکان لە وڵاتی تورکیا دەبێتە هۆکار بۆ بەرەوپێشچوونی سیستمی ئابووری ئەو وڵاتە، هۆکاریشە بۆ بەرەوپێشچوونی هێزی سەربازییان، چونکە دووبارە ئەو داهاتەی لە هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت دەیداتەوە بە چەک و دژی کورد بەکاری دەهێنێتەوە"، لە کۆتایدا ڕوویکردە هاوڵاتیان و وتی "بایکۆتکردنی کاڵای تورکی فشارێکە بۆسەر دەوڵەتی تورکیا، بۆیە پێویستە هەمووان بایکۆتی بکەین، بە مەرجێک دەسەڵاتداران و سەرۆک حیزبەکان هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەکەن".

 

"داواکارم هیچ کوردێک کاڵای تورکی بەکارنەهێنێت"

فاتمە ئەبوبەکر، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەڵام لە دۆخی باشوور و ئەو هێرشانە تێگەیشتووە کە بەردەوام دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات، بۆیە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بە ڕێگەچارە دەزانێت و دەڵێت: ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر خاکی کوردستان پێویستە وەڵامبدرێتەوە، بەمەش نابێت بازاڕ و ئابووری ئەو وڵاتە ببوژێنینەوە و پێیوستە بایکۆتی کاڵاکانیان بکەین.

 

ئاماژەی بەوەدا، "دەوڵەتی تورکیا لە مێژووەوە سودێکی بۆ کورد نەبووە، هەرگیز کوردی نەخوێندووەتەوە، ئەگەر هاوکاری ناردنی کاڵا بکات بۆ کوردستان بێگومان لەبەر بەرژەوەندی خۆیەتی، کوردستان بووەتە ئەو شوێنەی بەردەوام بازاڕی ئەو وڵاتە گەرم دەکات، هۆکارەکەش دەسەڵاتدارانن، بە سودی خۆیان کاڵاکان لە کوردستان ساغ دەکەنەوە" لە کۆتایشدا وتی: من هەرگیز کاڵای تورکی بەکارناهێنم و داوا دەکەم هیچ کوردێک بەکاری نەهێنێت.

 

 

"حکومەت بە نە کردنەوەی کارگەی خۆماڵی، خەڵکی ناچار بە بەکارهێنانی کاڵای تورکی کردووە"

ساکار عەبدوڵا، وەک ژنێک پێیوایە نەک تەنها بایکۆتی کاڵای تورکی بەسە بۆ لێدان لە دەوڵەتی تورکیا، بەڵکو داوا لە هاوڵاتیان دەکات دراما و گۆرانییەکانیشیان بایکۆت بکەن و چیتر شتێک نەمێنێت بە ناوی تورک لە کوردستاندا، ئاماژەی بەوەدا، بەکارهێنانی کاڵا لە هەر وڵاتێکی دیکەوە بێت باشترە لە کاڵای تورکی چونکە دووبارە بەکاریدەهێنێتەوە و لە کورد دەدات.

 

"پێویستە هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران هۆشیار ببنەوە و بگەنە ئەو باوەڕیەی بەکارهێنانی کاڵای تورکی گەورەترین زەرەرە بۆ کوردستان، کەمتەرخەمی حکومەت و دەسەڵات، کە لەگەڵ ئەوەی زۆرترین ڕووبەر هەیە بۆ کشتوکاڵ و دروستکردنی کارگە بەڵام دواجار پەنادەبەنە بەر تورکیا هۆکارە بۆ بەکارهێنانی کاڵای تورکی".

 

ساکار باسی لەوەشکرد کە پێویست بوو حکومەت درکی بە بێکاری گەنجان بکردایە و کارگەی دابمەزراندایە بۆ ئەوەی گەنجانیش بێکار نەبن، لەلایەکی دیکەشەوە بوونی ئەو کارگانە دەبووە هۆکار بۆ گەشەکردن بە بەرهەمی خۆماڵی، ڕوونیکردەوە لە ئێستادا بۆیە هاوڵاتیان کاڵای تورکی بەکاردەهێنن، چونکە ناچارن و حکومەت ناچاری کردوون، لە کۆتایدا داوای لە حکومەت کرد گرنگی بە بنیادنانی کارگەی خۆماڵی بدات و هاوڵاتیانیش هۆشیار بن و چیتر کاڵای تورکی بەکارنەهێننەوە.