دەریا ڕەمەزان: یەکڕیزی و بونیادنانی هاوپەیمانی ژنان لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە
ژنانی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی جیهادی توندڕەودا ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری و پەراوێزخستن دەبنەوە، سەرەڕای ئەمەش ئەزمونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک مۆدێلێکی ناوازە دەردەکەوێت کە پەنجەرەیەکی هیوا بۆ پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنان و بەهێزکردنیان دەکاتەوە.

شیرین محەمەد
قامیشلۆ- بۆ ئەوەی ژنانی سووریا بەڕاستی ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەربازیدا بگێڕن، دروستکردنی هاوپەیمانی ژنان لەناو وڵاتدا زۆر گرنگە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان بتوانن بەسەر ئەو ئاڵەنگاریانەدا زاڵ بن کە ڕوبەڕویان بووەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە ڕوبەڕوبوونەوەیان، گۆڕانی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە ژنان بەڕاستی هاوبەش بن نەک ژێردەستە یان نەبوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، دەریا ڕەمەزان، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە گشتیەکانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، ژنانی سووریا ڕوبەڕوی ئاستێکی بەرچاو لە دەستدرێژی و پەراوێزخستن دەبنەوە، ئەوان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە پۆستی بڕیاردان دوور خراونەتەوە و بە درێژایی شەڕەکە توشی جۆرەها توندوتیژی بوون، ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی وەک دیمەشق و سوەیدا و کەناراوەکاندا شاهیدی دەبین، دەیسەلمێنێت کە ئەم پێشێلکاریانە هێشتا بەردەوامن.
"ژنانی سووریا: لە نێوان پێشێلکاری و سەرکەوتنەکاندا"
ئاماژەی بە ئەو پێشێلکاریانە کرد کە لە هەندێک ناوچەی سووریا لە لایەن جیهادیەکانی هەتەشەوە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێن و وتی: ئەم دۆخە ترسناکە، چارەنوسی دەیان ژنی عەلەوی لە دوای ڕوداوەکانی کەنار دەریاکانەوە نادیارە، هەروەها پێگەی زیاتر لە حەفتا ژنی دروز لە دوای ڕووداوەکانی سەر سوەیداوە نادیارە، هەموو ئەمانە لە نێو بێدەنگی نێودەوڵەتی و ناوخۆیدایە کە ڕادەی بێبایەخکردنی ئازارەکانی ژنان ئاشکرا دەکات.
سەبارەت بەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەستیهێناوە، ڕونیکردەوە، لەلایەکی دیکەوە ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین کە شۆڕش سەرەڕای دڕندەیەکەی، پەنجەرەیەکی هیوای بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردۆتەوە بۆ ئەوەی خۆیان پەرەپێبدەن، ژنان لەم بوارانەدا توانیویانە خۆیان ڕێکبخەن و مۆدێلێکی زیندو بۆ ژنان دابین بکەن کە توانای گۆڕانکاریان هەبێت، ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هەموو بوارەکاندا هەبووە، هێزەکانی پاراستنی ژنانیش ڕۆڵێکی سەرەکیان بینیوە لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعش، دەستکەوتێک کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، ژنانی دیکەش لە کاری سیاسیدا سەریان هەڵداوە و نوێنەرایەتی دەنگی ژنانی سووریایان کردوە لە کۆڕە نێودەوڵەتیەکان ،سەرەڕای شەڕ و وێرانکاری، ژنان سەلماندویانە کە توانای زاڵبوونیان بەسەر ئازار و دروستکردنی ڕاستیەکیکی نوێ و دادپەروەرانە تریان هەیە.
"هیوای بەدی نەهاتوو"
دەریا ڕەمەزان جەختی لەوە کردەوە: کە ئەو هیوایانەی سوورییەکان بۆ سەردەمی دوای ڕژێمی بەعس هەیانبوو، بە تایبەتی سەبارەت بە مافەکانی ژنان نەهاتۆتە دی، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لەڕوی بەردەوامی پەراوێزخستنەوە، بەتایبەتی لەلایەن حکومەتی کاتیەوە، بێ هیواییەکی گەورەیە، لە کۆنگرەی سەرکەوتنەوە تا ئێستا، هیچ پێکهاتەیەکی سووریا، بەتایبەتی ژنان، ڕۆڵێکی ڕاستەقینەی پێنەدراوە لە داڕشتنی داهاتوی وڵاتەکەدا، تەنانەت لە ڕاگەیاندنی دەستووریشدا، بوونی ژنان تەنها ڕوکەشانەیە.
ڕونیشیکردەوە، کە پێویستە ئەو ژنانەی لەناو حکومەتدا کاردەکەن نوێنەرایەتی ناسنامەی ژنان بکەن، ڕەخنەی لە عائیشە دبس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری ژنان لە حکومەتی چاودێر گرت، کە بڕیاربوو بەرگری لە مافەکانی ژنان بکات و هەوڵبدات بۆ پەرەپێدانیان، بەڵام لەبری ئەوە پێچەوانەکەی کرد.
سەبارەت بە پێگەی یاسای ژنانی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، پێگەی یاسای ژنانی سووریاش لەڕادەبەدەر هەستیارە، نزیکەی ٥٠ ساڵە بەدەست یاساکانی باری کەسیەوە دەناڵێنن کە وەک خۆی ماوەتەوە، تەنانەت لەگەڵ گۆڕینی حکومەتدا، ئەم یاسایانە ڕێگەیان بە ژنان نەداوە ڕۆڵی خۆیان پەرەپێبدەن یان بەشداری لە بڕیاردان بکەن، ئەوەی دۆخەکەی خراپتر کردوە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە پلانەکان بە ئەنقەست ژنانیان لێ دوورخستووەتەوە، تەنانەت ئەو پشکانەی کە لە هەندێک دامەزراوەدا بۆ ژنان تەرخان کراوە، فەرمیە و بەس نییە.
"ئەزموونێک کە سووریا شایەنیەتی"
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە لایەکی دیکەوە ئەزمونێکی جیاواز لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە کە دەتوانێت وەک نمونەیەکی تەواو بۆ سووریا بە گشتی بێت، ئەویش جێبەجێ کردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیە، ژنان دەکاتە هاوبەشی ڕاستەقینە لە بڕیاردان، لە ئاستی ناوخۆیەوە دەست پێدەکات لە کۆمین و هەموو دامودەزگاکانی تر، ژنان مافی تەواو و یەکسانیان پێدەدرێت، هەروەک چۆن بە پیاوان دراوە، بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین هەرێم بە ژیانێکی سۆسیالیستی لەنێوان ژن و پیاودا تایبەتمەندە، کە ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتیەکەی هەرێم دان بە مافەکانی ژناندا دەنێت و دەنگیان پێدەبەخشێت.
بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ ژنان، وەک دەریا ڕەمەزان ڕونیکردەوە، یاسای خێزان لە ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە، لە کاتێکدا سووریا بەدەست قەیران و شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنێت، ژنان توانای خەباتی خۆیان سەلماندوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەزمونی خۆبەڕێوبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەنگاوی گەورەی بەدەستهێناوە بەرەو ڕزگارکردنی ژنان و پێدانی مافەکانیان و چالاککردنی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا، مۆدێلێکە شایەنی لێکۆڵینەوە و پێزانینە.
"ژنان پشتگیری لە گۆڕانکاری دەکەن"
دەریا ڕەمەزان ڕونیکردەوە، کە پەیوەندی لەگەڵ ژنان لە ناوخۆی سووریا کردوە بۆ ئەوەی ئەزمونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بەیەکەوە باس بکەن، وتی: ماوەیەک پێش ئێستا سەردانی دیمەشقی پایتەختمان کرد، لەوێ لەگەڵ ژنانی عەلەوی و دروز و سوننە کۆبووینەوە، ئەو کۆبوونەوانە دەرفەتێک بوون بۆ گفتوگۆ و دەربارەی پێگەی ژنان بەگشتی و ئەو سەختیانەی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕوبەڕویان دەبێتەوە، ئێمە ئەزمونی خۆمانمان لەگەڵیان باسکرد، و ئەوانیش زۆر حەزیان لە فێربوونی شێوازەکانی ڕێکخستن و میکانیزمەکانی کردەوە، چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی خۆیان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە ئایندەدا بوو، کۆبوونەوەکان تەنها لە گفتوگۆکاندا سنووردار نەبوون، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا چەندین جار داوای ڕێکخستنی خەباتێکی ژنان لەسەر بنەمای مۆدێلی خۆبەڕێوەبردن لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبوو.
ڕونیکردەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵەنگاریە تایبەتانەی ڕوبەڕوی ژنان دەبنەوە، هەوڵدەدەن پەیوەندیەکانی نێوان ژنانی سووریا پەرەپێبدەن، ئێمە لەڕێگەی دانیشتن و سیمینار و کۆنگرەوە ڕێگا بۆ گفتوگۆکردن دەکەینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا و ڕۆڵی سیاسی ژنان، سەرەتا و دواتر ڕۆڵی ئەوان لە هەموو بوارەکاندا، ئەو پەیوەندیەی کە ئێمە یەکدەخات ئەوەیە کە هەموومان ژنین، و دەبێت لە سووریا خەبات بۆ مافەکانمان بکەین، بۆیە پێویستە دەستی هاوکاری بۆ یەکتر درێژ بکەین، هاوپەیمانی ژنانی بەهێز لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکەین و کار لەسەر پڕۆژەی هاوبەش بکەین کە خزمەت بە دۆزی ژنانمان بکەن.
"یەکگرتوی ژنان زۆر گرنگە"
دەریا ڕەمەزان، داوای یەکخستنی دەنگی ژنان بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ژنانی سووریای کرد، وتی: پێویستە باس لە مافە یاساییەکانمان بکەین و چۆن دەمانەوێت لە دەستووردا بنوسرێتەوە، و بە گرنگیدان بە یاسای باری کەسی، بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوون و مافەکانی ژنان لە هەموو دامودەزگاکانی داهاتوی سووریا، یەکگرتویی ژنان لە سووریادا گرنگیەکی سەرەکی هەیە، بەتایبەت لەم قۆناغەدا، بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو سووریایەکی داهاتوو هەنگاو بنێین کە یەکسانی و دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری لە نێوان ژن و پیاودا زاڵ بێت. بوونی ژنان لە پێگەی بڕیاردان، ڕێگای ئاشتی و دوور لە شەڕ و پێشێلکاری و دوورخستنەوە و بونیادنانی سووریایەکی نوێ لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و دادپەروەرییە.
دەریا ڕەمەزان، لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای بەردەوامی خەبات بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری کرد، وتی: لێرەوە ئێمەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بەشداریمان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کردوە، پێمان وایە بەرپرسیارێتی ئێمە لە پاراستنی دەستکەوتەکانماندا سنووردار نەماوە، بەڵکو ئەرکی ئێمەیە بەرگری لە هەر ژنێکی سووری بکەین کە لە مافی ژیان و ئازادی ڕادەربڕین و ژیانێکی ئارام بێبەش کراوە، خەبات بەردەوامە و گۆڕانی ڕاستەقینە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ژنان لە پێگەی هاوبەشی ڕاستەقینەدا بن نەک ژێردەستەیی یان نەبوونی.