"دەنگی ژنان لە ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکاراندا ئەرکێکی گرنگە"

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەندێک لە میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان وەک پردێک بەکاردەهێنن بەمەبستی داگیرکردنی خاکی کوردستان، ڕاگەیاندنکارێکیش بە پێویستی دەزانێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە سیاسەتی کارەکانیاندا بچنەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ٦٧ ڕۆژە ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بەردەوامە، ترێ مەحمود وەک ڕاگەیاندنکارێک سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و کاریگەری هەبوونی دەنگی ژنان ئاماژە بەوەدەکات لە ئێستادا ژمارەیەکی کەم لە ژنەکان لەسەر ئەم هێرشانە هاتوونەتە دەنگ، پرسی داگیرکاری بە پرسێکی نیشتیمانیە گرنگە ژنان لە هەر بوارێکدا بن بە ڕووی ئەو هێرشانەدا بووەستنەوە.

 

باسی لەوەشکرد دەوڵەتی تورکیا بە جۆرێک داگیرکاری دەستپێکردووە کە تەواو سنوری باشووری کوردستانی بڕیوە و ٥٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە و چەندین گوندی لەناوبردووە و هاوڵاتیانی بێ لانە کردووە.

 

"با چیتر ئەو فکرە نەمێنێت کە ژنان ناتوانن بەشداری سیاسەت بکەن"

ترێ داوا لە ژنان دەکات کە چیتر وا بیر نەکەنەوە کە ناتوانن بەشداری لە کۆڕ و کۆبونەوەی سیاسیدا بکەن، بە پێچەوانەوە ژنان دەنگی گەلێکن، هەر گەلێک ژن تیایدا باڵادەست بێت دیموکرات و سەرکەوتووە، دەشڵێت: لە بەرخۆدانەکانی ژنانی شەنگالدا، ژنان شان بە شانی پیاوان تێکۆشانیان کردووە تا دوژمانن و داگیرکەران لە خاک و سنورەکانیان دووربخەنەوە، پێویستە ژنانی باشوریش لە دەربڕینی هەڵوێست بێبەش و بێدەنگ نەبن.

 

وەک ڕاگەیاندنکارێک ترێ دەڵێت: "زۆربەی میدیاکان پرسی داگیرکارییان بە جدی نەگرتووە، بەڵکو وەک پاڵپشتیەک بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕووماڵی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و حەق دەدەن بە داگیرکەران، دەبێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕاستی ڕووداوەکان بچووک نەکەنەوە، وەک خۆی هەواڵەکان بە خەڵکی ڕابگەیەنن و ژنانیش بەشێکی سەرەکی بن لە دەرخستنی ئەو ڕاستییەکان".

 

"خاوەنی نەوەیەکین بێ ئاگان لەوەی داگیر دەکرێین"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕاگەیاندنکارە ئاماژە بەوە دەکات بە هۆی ئەوەی کە میدیاکاران و دەزگا میدییایەکان هەمیشە بابەتی سارد ڕووماڵ دەکەن و بابەتی داگیرکاری و دۆخی هەرێم بە شێوەیەکی دیکە پیشانی خەڵک دەدەن، بۆیە نەوەکانی ئێستا هەمووی بێ ئاگایە لە پرسی داگیرکاری، نازانن تورکیا دەیەوێت بە چ مەبەستێک خاک و گەلمان لەناو ببات، هۆکاری ئەم بێ ئاگاییەش دەگەڕێێتەوە بۆ سیاسەتی دەزگاکانی باشووری کوردستان و پشتگیریکردنی داگیرکەران.

 

هەروەها دەشڵێت: "ئەوەندەی حزبەکان لە هەوڵی شکاندنی یەکتردان و بە دژی یەکتر کار دەکەن و هەوڵی شکاندنی حزب و شاری یەکتردان، ئەوەندە لە هەوڵی یەکڕیزیدا نین بە ڕووی داگیرکاراندا"، بۆیە ترێ بە پێویستی دەزانێت کورد دەبێت یەکڕیز و یەک دەنگ بێت لەسەر پرسی نیشتیمانی، ئەو پلانانەی دوژمن لەسەرمان جێبەجێی دەکات لە ڕێی هەندێک دەزگای میدییاییەوە بانگەشەی بۆدەکات، هەنێک کەناڵ وەک پردێک بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی فکری تاک بە تاکی گەلی کورد.

 

ت.پ