دۆخی ژن لە زیندانییەکانی پەدەکەدا، لە زاری زیندانییەکەوە ...١

جوانا، ژنێکی چالاکوانی گەنجی ٢٥ ساڵە، ٧١ ڕۆژ لە زیندانەکانی پەدەکەدا ماوەتەوە، لە دیمانەیەکدا دۆخی خۆی و ژنانی زیندان لە ژێر دەستی پەدەکەدا دەگێڕێتەوە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- ٣ی ئابی ٢٠٢١ بەبۆنەی ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، شاندێکی ژنانی چالاکوانی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کە پێکهاتبوون لە جوانا عەبدولباقی، خەولە محەمەد حەسەن و سەیران ئەحمەد حەسەن بۆ پشتوانی لە ژنانی شەنگال دەچنە ئەو شارۆچکەیە، لە ٥ی ئاب و دوای گەڕانەوەیان لە بازگەی کەڵەک لە شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر دەکرێن.

 

ئەگەرچی لە ماوەی دەستگیرکردنیاندا هیچ یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لەلایەن پارێزەر و خێزانیانەوە نەبینران و داواکان ڕەتدەکرانەوە، دوای زیاتر لە مانگێک هەریەک لە خەولە محەمەد حەسەن و سەیران ئەحمەد حەسەن، ئازادکران. لەگەڵ هاوتابوونی دۆسیەی هەرسێ ئەندامەکەی ڕژاکدا، لەوکاتەدا جوانا ئازاد نەکرا.

 

جوانا عەبدولباقی، چالاکوان و ئەندامی ڕژاکە، لەدایکبووی ١٩٩٦، ٧١ ڕۆژ لە زیندانی پەدەکە مایەوە، باس لە چۆنیەتی دەستگیرکردنی دەکات و دەڵێت گەشتینە بازگەی خاضر لە نزیک شاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشەوە وەستێنراین، دواتر وتیان دەتانبەینە ئاسایشی گشتی و چەند پرسیارێکتان لێدەکەین، دواتر سەربەست دەکرێن، ئەمە لە کاتژمێر ١٢:٠٠ تا ٥:٠٠ی پاشنیوەڕۆی خایاند، بەڵام سەربەست نەکران.

 

"بەزۆر دەبوو دان بە تۆمەتەکاندا بنێیت"

جوانا، دەڵێت: "بە چاوی بەستراوەوە گواستیانینەوە، ئێمە نەماندەزانی بەرەو کوێ دەچین، بەڵام هەر لەناو ئاسایشی گشتیدا بووین و بە جلی مەدەنی دەهاتن لێکۆڵینەوەیان لێدەکردین، بۆ چەند ڕۆژێک هیچیان لەگەڵ نەوتین، دواتر دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و دەبوو هەر تۆمەتێک ئەوان دەیڵێن، دانتپێدا بنایە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی لیدان و ئەشکەنجە دەبوویتەوە.

 

دوای لێکۆڵینەوەکان، لە ئاسایشی گشتییەوە دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی چاکسازی ژنان، جوانا باس لەوەدەکات کە سەرەتا بە تۆمەتی "ناسنامەی قاچاخ" دەستگیرکراون، بەڵام دواتر ماددەی "ماددەی هۆشبەر"یش بۆ دۆسیەکەی زیاد دەکرێت، دەشخرێتە ئەو زیندانەی ژنانی داعشی تێدایە، جوانا دەڵێت: "ئەمەیان وەک شەرڕی دەروونی کرد، تا لە نێوان من و ئەو ژنانەدا شەڕ بنێنەوە، سەرەتا ئەو ژنانە هێرشیان کردەسەرم، بەڵام من قسەم لەگەڵ کردن و باسم لەوەکرد ئێمە بۆ ژنان تێدەکۆشین، ئازاری هەموو ژنێک، ئازاری منیشە، ئاسایشەکانیش ئەمە بە مەبەست دەکەن تا ئێمە شەڕ بکەین"، دوای ئەم قسانە، ژنەکان لە هێرشکردن دەوەستن و تێدەگەن، جواناش داوا دەکات بیگوازنەوە.

 

"هیچ مافێکی یاسایی و مرۆڤی لەو زیندانەدا نییە کە بانگەشەی دیموکراسی بۆ دەکەن"

ماوەی ٧١ ڕۆژ، جوانا عەبدولباقی لە زینداندا دەمێنێتەوە بە "ڕاگرتن لە زینداندا" بەڵام باس لەوەدەکات کە هیچ مافێک لەو زیندانەدا بۆ مرۆڤ نییە، ناتوانی داوای هیچ شتێک بکەیت، "باس لەوەدەکەن کە دیموکراسین، بەڵام من هیچ دیموکراسییەکم نەبینی لە زینداندا، کاتێک دەیاتنبردی بۆ لێکۆڵینەوە دەبوو دان بە تۆمەتەکاندا بنێیت، من ماددەی ٢٩٨م ماددەی تەزویرم بۆ زیادکرابوو لەگەڵ ماددەی ٤٠٦ی کوشتن و ماددەی هۆشبەریشم بۆ زیادکرابوو، ئەمانە ڕاست نەبوون و دانم بەمانەدا نەدەنا بۆیە ئەشکەنجەیان دەدام و لە هۆش خۆم دەچووم، بەمەش هیچ مافێکی یاساییمان نەبوو".

 

جوانا دۆخی زیندان و ژنەکان دەگێڕیتەوە کە ٣٥٠ ژن و ٥٠ منداڵ لە زیندانێکدا بێ هیچ مافێکی یاسایی و مرۆڤیی دەستگیرکراون، هیچ پێداویستییەکی تەندروستیش نییە، کەسێکیش پێداویستی هەبێت دەبێت خۆی پەیدای بکات.

 

لەم بەشەی دۆسیەکەدا جوانا عەبدولباقی، چالاکوان و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، باس لە ساتی دەستگیرکردنیان دەکات، سبەینێ، لە بەشی دووەمدا دۆخی زیندانیانی ژن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دەگێڕێتەوە.

 

ت.پ