شوناسی ژن و هەژموونگەریی پیاوسالاریی لە نامیلکەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نامیلکەی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرەنجامی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی کردارییانەی ژنۆلۆژی بۆ خۆپاراستن و بنەبڕکردنی قڕکردنی ژن و کۆتاییهێنان بە زاڵێتیی دژ بە ژن دەخاتەڕوو.

سلێمانی

 

نامیلکەی "ژن، ژیان، ئازادی" نوێترین بەرهەمی کۆکراوەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە، کە لەدوای سەرهەڵدانەکانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکراوەتەوە.

 

نامیلکەکە سێ تەوەری سەرەکیی لەبارەی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"  لەخۆگرتووە.

 

"ژن، ژیان، ئازادی" بە زانست بەرەو کۆمەڵگەییبوون و دامەزراوەییکردن، تەوەرێکی نامیلکەی "ژن، ژیان، ئازادییە" دەربارەی سیستم و ڕژێمە ناوەندییە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان هاتووە:"سیستمەکان بۆ درێژەدان بە بوونی خۆیان، بێ وچان کۆیلایەتیی ژن بەشێوازی جیاواز بەرهەم دێننەوە، لە کەلتوور و هونەرەوە بگرە، تا هەموو بوارەکانی ڕاگەیاندن، لە ئابوورییەوە بگرە تا سیاسەت، کار بۆ ئاڕاستەکردنی ئەو کۆیلایەتییە دەکات".

 

بنەمای پێکەوەژیان و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک لە مەیدانەکانی ڕاپەڕیندا دەبینرێت

ئەزموونەکانی ژن لە هەرچوار پارچەی کوردستان، کە هەربەشەی بەتایبەتمەندیی خۆیەوە پەرەی سەند و خاڵی هاوبەشیشی؛ ڕەنگدانەوەی بەشداریی و ناسنامەی ژن لە سیاسەتدا دەرکەوت و خاوەن سەرەتایەکی گرنگ بوو لە ئاڕاستەکردنی ئەو بەشدارییەدا، لە بوارەکانی سەربازیی سیاسیی، پەروەردە، ئابووری، کەلتوور، هونەر و وێژە، دیپلۆماسی و ڕاگەیاندندا پەرەی بە ڕێکخستنی خۆسەریی خۆیدا، لە بواری کۆمەڵایەتییدا بەپێی پێویستییەکانی ژنان و بۆ چارەسەری پرسەکانیان، ڕێکخراوی جیاوازی خۆی دامەزراند، هەرچەندە تێکۆشانی ژنان، تێکۆشانێکی نوێ نییە، بەڵام گەیاندنی بەشداریی ژن و تێکۆشانیان بە ئاستێکی فەلسەفیی، پارادایم و ئیرادەبوونی ژن، هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە.

 

لە درێژەی ئەو تەوەرەدا، باس لە گرنگیی دیدێکی ئایدۆلۆژیانە دەکات، بۆ پێشەنگایەتییکردن و دەنووسێت:"ئەو دیدە ئەمڕۆ لە مەیدانەکانی ڕاپەڕیندا دەبیندرێت، کە دیدێکە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکە، ئەم قۆناغە قۆناغی پڕکردنەوەی مەودای نێوان زانست و کۆمەڵگەیە، ئەو زانستەی تائێستا لە پاوانی دەسەڵاتدا خراوەتە خزمەتی دەوڵەت و هێزی سەرمایەوە، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕیشەیی و تێپەراندن دەبێتەوە".

 

لە پەرەدان بە روانگەی فەلسەفەیی و پارادایمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئۆجالان واقعێکی چەقبەستووی رووبەڕووی پرسیار کردووەتەوە، هەوڵی گۆڕینی ڕیشەیی داوە، بزووتنەوەیەکی لە پێناوی پراکتیککردنیدا سەرپێخستووە و زەمینەی بە ئیرادەبوونی ژنی ڕەخساندووە، زەمینەی گەردوونییبوونی فەراهەم کردووە و گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگەی بە ئاڕاستەی ئازادیی لەسەر بنەمای دیموکراسیی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ، ژینگەپارێزیی و ئازادیی ژن، ڕیشەدار کرد".

 

نامیلەکەکە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەخاتەڕوو

وەک دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی ژنۆلۆژیش، چەند خاڵێک خراونەتەڕوو، کە کرۆکەکانیان بریتین لە؛ گۆڕینی زهنییەت و خەبات و تێکۆشانێکی تۆکمە، گرنگیی ڕێکخستنکردنی ژنان بۆ بەرگریی و گۆڕینی ئەقڵییەتی مرۆڤ، بەرگریکردنی ژنان دژی تووندوتیژیی و تەڵەکانی سیستمی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی، دروستکردنی هاوپەیمانێتیی کۆمەڵایەتیی ژنان، بۆ وەستانەوە دژی تووندوتیژیی دژ بە ژنان، کە بنەماکەی لە هزری دەوڵەت و سیستمی پیاوسالارییەوە وەرگرتووە.

 

یەکێک لە خاڵەکانی نامیلکەکە خەجت لە چەسپاندنی نوێنەرایەتیی یەکسانیی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا دەکاتەوە و تێیدا هاتووە:"بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە هەموو بوارەکانی ژیان خۆیان دەرببڕن، بڕیاربدەن و بڕیارەکەیان جێبەجێ بکەن، پێویستی بە داڕشتنی پرەنسیپی سیاسیی هەیە، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی یەکسانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها پەرە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتیی بدرێت.