"بەئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی مایەی شەرمەزاری و پهیامی دوژمندارییهكی ڕوونه"
دوای ڕاگەیەندراوێکی ئاسایشی سلێمانی کە ڕایگەیاند، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆردومان کراوە، ژنان کاردانەوەی خۆیان نیشاندا و ڕایانگەیاند، "بە ئامانجگرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی مایەی شەرمەزاری و ترسنۆکییە و پهیامی دوژمندارییهكی ڕوونه".
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان ڕاگرت، ئێوارەی دوێنێ، ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "كاتژمێر ٤:١٨ خولەك لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك ڕوویدا، كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبوو و بووە هۆی ئاگر كەوتنەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد، لە ئێستادا هێزەكانی ئاسایش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە ڕووداوەكە".
ئەم ڕوونکردنەوەیەی ئاسایشی سلێمانی هەرزوو بڵاوبووەوە و لەلایەن هاوڵاتیان و وڵاتپارێز و ئازادیخاوازانەوە ئیدانە کرا و بە کارێکی دوژمن کارانەوە ناوبرا، ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەداریش لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.
"هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکە نییە"
ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەک چۆن ھەموو ھێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر ناڕەوابوون، ھیچ پاساوێکیش نییە بۆ ھێرشی ناڕەوای سەر فڕۆکەخانەی مەدەنی سلێمانی، حکومەت واجبیەتی بەھەمان پێوەر مامەڵە لەگەڵ ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.
ڕێواز فایەق ئیدانەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت: شەرمەزاری بۆ ئەنجامدەرانی ھێرشەکە و ھەرکەسیش ھێرشەکە بە ڕەوا دەبینێت
ئەم لێدوانەی ڕێواز فایەق لە کاتێکدایە، کە میدیا و بەرپرسانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، لە زاری وتەبێژی حکومەت، جوتیار عادلەوە شاری سلێمانی و بەرپرسانی بە بیانووی " ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتۆتە ئاراوە" تۆمەتبار دەکەن، لە ماوەی ڕابردووشدا لەبەر هەڵوێستی نەتەوەیی خەڵکی شاری سلێمانی و لایەنە سیاسیەکانی و هاوکاریکردنی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، میدیاکانی پەدەکە هەڵمەتی ڕەشکردنی شارەکە و هەوڵدان بۆ ڕادەستکردنی خەڵکەکەی بە پیلانەکانی داگیرکردنی شارەکەیان داوە، پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و هاوپشتی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەلایەن سلێمانییەوە بە کاری نایاسایی دادەنێن، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان وەک کیانێکی کوردی لە قەڵەمدراوە و ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی هەرێم دەتوانێت هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان بکات.
پەرلەمانتاران هێرشەکە بە کارێکی ترسنۆکانە لە قەڵەم دەدەن
جوان ئیحسان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: "بەتوندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەم، بەئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی مایەی شەرمەزاری و ترسنۆکییە و پهیامی دوژمندارییهكی ڕوونه بهرامبهر شاری سلێمانی و خهڵكه سهر بهرزهكهی.
هاوکات ئەو ڕوونکردنەوەیەی (جوتیار عادل)ی بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی تاقمێكی قین له دڵ دهكات، دەرکەوت بەیاننامەکەی لەبری ئیدانەکردن پڕه له هاندانی زیاتر دژی شاری سلێمانی، كه مایەی شەرمەزارییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەخاتە ژێر پرسیار و لێپرسراویەتییەکی مێژووییەوە بهرامبهر ئەم هێرشە و لێكهوتهكانی، دەبێت بزانن سلێمانی شارێکە دیل ناکرێت و دەستی کۆت و بەند نابێت، ئەم شارە هەروا دەبێت و زەفەری پێنابرێت و قبوڵی خیانەت ناكات و نۆكهری بێگانه نابێت".
هاوکات، دیلان غەفور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، "زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین و بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق لە قەڵەمی دەدەین.
ئەو پەلامارە ھاوکاتە لەگەڵ داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، ئەم پێشھاتانە ئاماژەی دۆخێکی نەخوازراون کە لێکەوتە و کاریگەریی خراپیان دەبێت و ھیچ پاساوێک نابینین بۆ ئەم دۆخە، لایەنی تورکیی ھێشتا عێراقی ئاگادار نەکردووەتەوە و ھیچ پاساوێکی بۆ ئەو ھەنگاوەی لە دژی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەخستووەتە ڕوو.
لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمان کردووە و بەردەوام لەسەر ھێڵین، ھەموو ڕێگایەکی سیاسی و دیبلۆماسی دەگرینەبەر و ھەوڵی گفتوگۆ و ڕاستکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە دەدەین، لەگەڵ حکومەتی تورکیا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا".
نیاز عەبدوڵا، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "پەیامی وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشی درۆنی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی شاری سلێمانی، لە پەیامی وتەبێژی میتی تورك دەچێت، نەك هەرێمێك كە هێرشی كرابێتە سەر و سەروەری پێشێل كرابێت، بەهۆی هەژمونی سیاسی، ئابووری و سەربازی توركیا لەسەر هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیموكرات، حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی و ناسنامەی نیشتیمانی بەرامبەر بەخەڵكەكەی لەدەستداوە و بووەتە هاوپەیمانێكی ستراتیجی لە دەستدرێژیەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم و هێزەسیاسیەكانی دیكە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان، بەپێی وتەكانی وتەبێژەكەی حكومەت، ئێران مافی خۆیەتی هەولێر بۆردومان بكات و توركیاش بەزۆر گوندەكان بەخەڵكی چۆڵبكات و بیانكوژێت، ئەم پاساوانەی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی و داهاتوی قەوارەی هەرێمیش دەخاتە مەترسیەوە، هاوكات دەریدەخات مەسرور بارزانی و تیمەكەی لە دەرەوەی مێژوو بیردەكەنەوە.