"مانگرتنی سەرتاسەری پێویستە بۆ شکاندنی گۆشەگیریەکانی سەر ڕێبەر ئۆجالان"
توندکردن و درێژکردنەوەی گۆشەگیریەکان بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان نیگەرانی دروست کردووە و هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی گەرمیانیش دەڵیت: پێویستە مانگرتنی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت.
شیرین ساڵح
گەرمیان- ماوەی ٢٢ مانگە گۆشەگیری بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجالان توندتر کراوە لە زیندانی ئیمرالی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و ڕێگە نادرێت هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکاندا بکرێت ئەمەش نیگەرانی لای ئازادیخوازان و لەبارەی ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە دروستکردووە، بۆیە لە کوردستان و ناوچە جیاوازەکان چالاکی دەستیپێکردوە بۆ شکاندنی ئەو گۆشەگیرییانە.
"گۆشەگیری سەر ڕیبەر ئۆجالان بۆ سەر تەواوی گەلی کوردە"
شەیما عەدنان، هاوسەرکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد، کە ماوەی دوو ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسی ئیمرالی دایە، تەنانەت پارێزەر و خێزانەکەشی ناتوانن بیبینن و نامەیەکیشی ناگاتە ئازادیخوازان، "گۆشەگیری سەر ڕێبەری کورد لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر چیاکانی قەندیل دەستپێکرد، گۆشەگیریەکان تەنها بۆ سەر ڕێبەر ئۆجالان نییە، بەڵکو بۆ سەر تەواوی گەلی کوردە، لەگەڵ توندکردنی سزاکانی سەر ڕێبەر ئۆجالان هێرشەکانیش چڕتر دەبێتەوە و تورکیا دەستیکردووە بە کیمیابارانکردنی چیاکانی کوردستان، تورکیا هەست بە شکانی خۆی دەکات بەرامبەر بە ئازادیخوازان، کە چۆن لە شارەکانی کوردستان ژنان تێکۆشانی خۆیان چڕتر کردوەتەوە بەرامبەر دوژمن".
"ئێمەی ئازادیخواز وەڵاممان دەبێت بۆ بێدەنگی سی پی تی"
شەیما عەدنان ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، بۆیە دوا لە ژنان و ڕێکخراوە مرۆڤاییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکات دژی ئەو گۆشەگیریانە بووەستنەوە، وتیشی: بە تایبەت ڕێکخراوی سی پی تی کە بەرپرسیارە لەو دۆخەی ڕێبەری گەلی کورد تیایەتی، چونکە زیندانی ئیمرالی لە ڕووی تەندروستی و سایکۆلۆژیەوە گونجاو نییە بۆ ڕێبەر ئۆجالان، ڕۆژ بە ڕۆژ سزاکانی لەسەر توندتر دەکەنەوە، تەنانەت مافی نووسین و خویندنەوە و ڕادەربڕینیشیان لێ سەندووەتەوە، سەرەڕای داواکاری پارێزەرانیشی بۆ بینینی، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە، بڵاونەکردنەوەی ڕاپۆرتی سی پی تی دەربارەی چاوپێکەوتنەکانی گومانی زۆر دروستدەکات لای ئێمە، ئەگەر سی پی تی هیچ وەڵامێکیان نەبوو، ئێمەش چالاکی جۆراوجۆر دەکەین دژی ئەم بێدەنگیە.
"ئازادی ژن ئازادی ڕێبەر ئۆجالانە"
شەیما عەدنان ڕوونیکردەوە، لە کاتێکدا ژنان لە ناو زوڵم و چەوساندنەوەدا بوون لە ناو گەلەکەماندا بە هۆی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریە کە زاڵبووە بەسەر کۆمەڵگەکەماندا، بەڵام لە سایەی فکری ئادیخوازانەی ڕێبەر ئۆجالانەوە ژنان هۆشیار بوونەوە و دەستیان بە ڕێکخستن کردووە و ئازادی خۆیان فەراهەم کردووە، هەربۆیە ئازادی ژن ئازادی ڕێبەر ئۆجالانە و دەبینین کە چۆن پەروەردەی کۆمەڵگە دەکەن و چۆن ڕووبەڕووی داعش بوونەوە ،لە ساڵی ٢٠٢١ لە شەنگال ڕووبەڕووی سوپای عێراق بوونەوە، کاتێک ویستیان هێرش بکەنە سەر ئەو ناوچەیە و خۆبەڕێوبەری ژنان نەهێڵن.
هەروەها وتیشی: ژنان و دایکانی ئاشتی لە ڕێگەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بەهێز بوون و ڕێگەی خۆیان ڕۆشن کردووە و دەتوانن بەرامبەر گەورەترین هێزی ناتۆ بوەستنەوە، هەروەک چۆن ژنانی شەڕڤان بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا وەستاونەتەوە، ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەبات دەکەن دژی داگیرکاریەکان، بۆیە ئێمە هەتا ماوین قەرزاری ئەو فکرەی ڕێبەر ئۆجالانین، دەبێت ژنان هێزێکی پێکەوەبوونیان هەبیت تا بتوانن ڕووبەڕووی کێشەکان بوەستنەوە و گۆشەگیری سەر ڕێبەرایەتی قبوڵ نەکەن.
"گۆشەگیرییەکان مۆڕاڵی گەلی کورد ناخەن"
شەیما لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان گۆشەگیرییە بۆ سەر ئازادی ژنان، بەڵام ئەم گۆشەگیرییانە کە لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوە دەچێت مانای ئەوە نیە مۆڕالی گەلەکەی بخات و وامان لێ دەکات زیاتر سوور بین لەسەر ڕیبازی شەهیدان و ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کوردیش خاوەندارێتی ئەو ڕێبەرە دەکات، بەڵام بەداخەوە هەردوو هێزی سیسی لە هەرێمی کوردستان ڕێگە بۆ دوژمنانی خۆش دەکەن و کەمین بۆ شەڕڤانی ئازاد دادەنەن و بوونەتە هۆی تیرۆرکردنی ژنانی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسان، بۆیە گەلی کورد هەوڵدەدات شۆڕشێک بەرپا بکەت بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستبهێنێت.
"ژنان دەبێت هەوڵبدەن بۆ مانگرتنێکی سەرتاسەری"
شەیما عەدنان جەختی کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ مانگرتنێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا دەستیپێکرد، لەیلا گوڤەن وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ پێشەنگایەتی ئەو مانگرتنە سەرتاسەریەی کرد، "لەو کاتەدا ماوەی چەندین ساڵ بوو پەیامی ڕێبەر ئۆجالان نەگەشتبووە گەلی ئازادیخواز و منیش وەک یەکەم ژن لە گەرمیان ماوەی مانگێک مانم لە خواردن گرت، ئەمەش وایکرد گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان هەڵبگیریت و پەیامی خۆی بڵاوبکاتەوە بۆ گەلی ئازادیخواز و سەرجەم ئازادیخوازان سەرکەوتن، بۆیە پێویستە ژنان هەوڵبدەنەوە بۆ چالاکییەکی لەو شێوەیە و فشارخستنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ شکاندنی گۆشەگیریەکان".
"ئەو شەڕەی ئێستا هەیە شەڕی سیستەم و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریە"
شەیما عەدنان لە کۆتایدا وتی: فکری ڕێبەر ئۆجالان مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێشخستووە، بۆیە دەوڵەتانی تر ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێت و دژی دەوستنەوە و هەوڵی نەهێشتنی گۆشەگیریەکان نادەن، چونکە ئێستا شەڕی سیستەمی سەرمایەدارییە و هەموو هەوڵێکیان بۆ پێشخستنی ئەو سیستەمەیە و ڕێبەر ئاپۆ بەرامبەر هەموو جیهان وەستاوەتەوە، کلیلی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕێبەر ئۆجالانە، بۆیە هەر لەگەڵ دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد و کپکردنی دەنگی ئازادی ژنانیان دا، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە دروشمی ڕێبەر ئاپۆیە و بە هۆی فکرەکەیەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، ئەمەش ئەوە دەگیەنێت هەرچەندە گۆشەگیرییەکان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ توندتر بکرێتەوە گەلی کورد و ژنان لە بەرخودان ناوەستن.