"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشانەی شکستی ئەو دەوڵەتەیە"

بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە ئاستی نێدەوڵەتیدا قەدەغەکراوە، ئەگەرچی تورکیا بەشێکە لە ڕێککەوتنەکان بەڵام لە کوردستان ئەو چەکە بەکاردەهێنێت و ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: ئامانجی هەموو دەوڵەتان لەناوبردنی گەلی کوردە.

سلێمانی

 

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بەپێی ڕێککەوتنی وڵاتانی جیهان قەدەغەیە، دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی- OPCW کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە پێشێلی ڕێککەوتنەکان دەکات و لە کوردستان زیاتر لە دوو ساڵە چەکی کیمیاییی بەکاردەهێنێت، لە دوا بەکارهێنانەکانیشدا بووە هۆی شەهیدبوونی ١٧ گەریلای ئازادی.

 

"دەیانەوێت ناسنامە لە کورد وەربگرنەوە"

ڕوناک مەجید، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد کە، تورکیا و وڵاتە زلهێزەکانی دیکە هەموو کات لە هەوڵی قڕکردنی گەلی کوردا بوون بە چەندین شێوە، چونکە گەلی کورد تا ئێستا توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ناسنامەی خۆی بپارێزێت، ئەمەش یەکبوونی گەلی کورد دەردەخات و بووەتە هۆی ترسێک لای ئەو وڵاتانەی چاویان لە داگیرکردنی خاکی کوردستانە.

 

"تورکیا دەیەوێت هەمان شوێن پێی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە بکاتەوە"

ڕوناک مەجید لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێشتر دەوڵەتی عوسمانی ویستویەتی ئەم ناوچەیە داگیر بکات و داگیریشی کردووە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەمان ڕێگەی ئەوان بگرێتەبەر و ئیمپراتۆریەتی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە بکاتەوە بۆ داگیرکردنی  ناوچەکانی کوردستان، بۆیە بەردەوام هەوڵی قڕکردنی گەلی کورد دەدات لە هەموو جێگایەک، ئەو شوێنانەی کە تورکیا چاوی تێبڕیوون، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بە تایبەتیش لە ڕووی ئابورییەوە هێرش دەکاتە سەریان، وەک هەرێمی کوردستان، لیبیا، جەزائیر و لوبنان، ئازادیخوازان لە هەر جێگەیەک بن تورکیا هەوڵی لەناوبردنیان دەدات.

 

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی جەختیکردەوە، "ئێمەی کورد وەک هێزێکی ئازادیخواز ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبینەوە، چونکە خاوەنی ناسنامەی خۆمانین و ڕێگە نادەین لە ژێر ناسنامەی هیچ وڵاتێکی تردا بژین، لە سەدامەوە بۆ ئەردۆغان، دوژمنانی گەلی کورد لە ماوەی ئەم ٣٤ ساڵەدا نەوەستاون لە قڕکردنی گەلی کورد."

 

"تورکیا بەهۆی شکستەکانیەوە پەنای بردۆتە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی"

ڕوناک مەجید ئەوەشی خسەڕوو، لە ئێستادا تورکیا هێرشەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان، ئەمەش شکستەکانی تورکیا نیشان دەدات لە جەنگەکانیدا، بۆیە پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی چەکی كیمیایی، "هەر دەوڵەتێک شکستی هێنا لە جەنگەکانیدا پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیای بۆ قڕکردنی تەواوەتی، بەڵام ئەم هێرشانە ئێمە ناوەستێنێت و بە هەموو توێژەکانەوە و بە ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەک بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی تورکیا بدەین بە دادگای نێودەوڵەتی."

 

سەبارەت بە ئەندامێکی تورکیا لە ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیاییدا، لە کۆتایدا وتی: تورکیا لەبەر ئەوەی ئەندامی ڕێکخراوی OPCWە بۆیە دوو جار قەدەغەیە کە چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت، بۆیە نابێت چیتر ڕێکخراوە نەتەوەیەکان بێدەنگ بن لە ئاست ئەم تاوانەدا، گەلی کورد سوورە لەسەر ئەوەی کە تورکیا بدات بە دادگا و تورکیا لە ترسی ئەو دادگاییکردنە ئینکاری دەکات لەسەر ئەوەی کە چەکی کیمیای بەکارنەهێناوە.