ژنانی ڕانیە مەترسییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کورستان دەخەنەڕوو
ژنانی ڕانیە ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، تورکیا لە ڕێگەی سیخوڕییەوە توانیویەتی لەناو شارەکاندا تیرۆر ئەنجامبدات، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بێنەدەنگ.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان لە بۆردومانی ناوچە سنورییەکان و شەڕی چەکدارییەوە گۆڕاوە بۆ کۆمەڵکوژی ناوچە گەشتیارییەکان وەک گوندی پەرەخێ و کردەی تیرۆری ناو شارەکان لە ڕێگەی سیخوڕییەوە وەک بۆردومانی ئۆتۆمبێلی مەدەنی لە چەمچەماڵ و کەلار، تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی پەنابەری باکووری کوردستان لە سلێمانی و شوکری سەرحەد و مامۆستا شەماڵ لە کفری، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، کەسانی چالاکوان، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس و پەنابەرانی باکووری کوردستان کە خاوەنی دەنگی ئازاد و تێکۆشانی لەپێناو ئازادی و نیشتماندان دەکاتە ئامانج و دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی عێراقیش لێی بێدەنگە.
ژنانی باشووری کوردستان بە چالاکی جۆراوجۆر و هەڵبڕینی دەنگی ناڕازی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و مەترسییەکانی داگیرکاری بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەخەنە ڕوو.
سارا کەریم، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانە لە شاری ڕانیەی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا مەترسی گەورەیە لە سەر هەرێمی کوردستان، "لە ئێستادا لەسەر هەرێمی کوردستان مەترسی گەورە هەیە و ئێمە دەبێت خاوەن هەڵوێست بین لە بەرامبەریدا، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی داگیرکاری و کارەکانییەوە ئامانجی ئەوەیە کە دەستکەوتی باش بەدەستبهێنێت لە باشووری کوردستان، وادەزانن باشوور بێ خاوەنە، بەڵام هیچ بێ خاوەن نییە، لە ڕێگەی سیخوڕییەوە کە لەناو شارەکان زیاد بووە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هێرش بکات و بە قوڵایی زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتر لەناو باشووری کوردستاندایە".
سارا کەریم ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئاگابن لەو هێرش و داگیرکاریەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات و بێ هەڵوێست نەبن.
ئاواز ئیسماعیل، ئەندامێکی دیکەی تەڤگەری ئازادییە لە ڕاپەڕین، خستیەڕوو، کە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا تازە نییە و چەندین ساڵە دەستیپێکردووە، پلانی ئەوەیە بە تایبەت هەموو باشوری کوردستان تا دەگاتە ویلایەتی موسڵیش داگیر بکات بە بیانووی ئەوەی کە پەکەکە و بزاڤی ئازادیخوازی کوردستان لە باشووری کوردستان دایە، بەڵام ئەوە تەنها بیانوویەکە بۆ لەناوبردنی ناسنامەی کورد، دەبێت بە ڕوونی لەو پیلانگێڕیانە بڕوانین کە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ناسنامەی کوردە.
ئاوار ئیسماعیل دەڵێت: ئێمە وەکو گەل لە باشووری کوردستان پێویستە دوورتر بڕوانین لەو هێرشانە، چونکە هێرشەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە، تا دەگاتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، هەروەها خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە وەک گەلی باشوور بێدەنگ نەبین و لەو ڕاستییە تێبگەین کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا پەکەکە و بزاڤی ئازادی گەلی کوردستان نییە بەڵکو هەموو کوردە بە گشتی.