"لە سەنگەرەکانی شۆڕشدا ژنان سنگی خۆیان کردە قەڵغان"

سیاسەتی دەوڵەت نەتەوە و جێبەجێکردنی توندوتیژییەکان لەسەر ژنان و گەلی ڕۆژئاوا، بووە هۆکار بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە ئێستا لە تەواوی جیهان بە شۆڕشی هزریی ژن ناسراوە، چالاکوانێکیش دەڵێت "پێویستە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لە تەواوی جیهان پەیڕەو بکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک پریشکێکی بچوک بەرەو کڵپە شەوقی دایەوە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ئەو شۆڕشەدا لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک گۆڕاوە بۆ شەپۆلێکی گەورەی ئاگری شۆڕشگێڕانە و خەریکە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕووناک دەکاتەوە بەرەو ڕێی ئازادی.

 

بەرامبەر ئەو شەڕ و دۆخە سیاسییەی لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا ڕوودەدات تاکە چارەسەر پەیڕەوکردنی "سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکە"، کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بەدیهێنەری بوو، ١٠ ساڵ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ژیان لەسەر ئەم سیستمە بنیادنراوە، ئەم شۆڕشە بووە سیمبولی ژیانی ئازاد بۆ هەموو گەلانی جیهان، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەرگری لە خۆی دەکات و لە بەرامبەر هەموو هەڕەشە و هێرشێکی دوژمنکارانەدا بەرگری لە بوونی خۆی دەکات، شۆڕشی ڕۆژئاوا و سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر ٩ بنەما خۆی ڕێکدەخات " کەسایەتی ئازاد-هاووڵاتیبوونی ئازاد و ژیانی هەرەوەزیی دیموکراتیک، ژیانی سیاسی و سەربەخۆیی دیموکراتیک، ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوژیانی ئازاد، ئابوری سەربەخۆ، پێکهاتەی یاسایی، کلتور، سیستمی بەرگری و دیپلۆماسی".

 

"دەنگی کپ کراوی گەلی ڕۆژئاوا شۆڕشی هەڵگیرساند"

شۆخان میرزا، چالاکوانی مەدەنی، دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوا باسی لەوەکرد، ئەو شۆڕشە لە ئەنجامی هەموو ئەو دەنگە ناڕازییانە ئەنجامدرا، کە لە گەلی ڕۆژئاوادا کپ کرابوون، شۆڕشێک بوو نەک بەتەنها بۆ گەلی ڕۆژئاوا، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە نمونە و هیوایەک بۆ ئەوەی ئەوانیش شۆڕشێک بکەن و دەنگیان بڵند بکەن بەرامبەر هەر داگیرکارییەک کە لەسەریان ئەنجامدەدرێت، "شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ گەلانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو مەشخەڵێک بوو بە دەستی کوردەوەکە بووە سەرمەشقی شۆڕشێکی مێژووی".

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی هزری بوو"

شۆخان میرزا ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی هزرییە، ژنان ئەم شۆڕشەیان بەرپا کردووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە ژنان خاوەن هزر و ئیرادەی خۆیانن و توانیان ببنە مەشخەڵێک بۆ ئەو شۆڕشەی بەرپا کرا، بە جۆرێک لە سەنگەرەکانی شۆڕشدا سنگی خۆیان کردە قەڵغان.

 

"لە هەموو دەور و زەمانێکدا پێویستمان بە شۆڕشی هزری هەیە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا بەرپا کرا دەستپێکێک بوو کە پێویستە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان بگرێتەوە، ئەمەش بە تەنها بە چەک ناکرێت، بەڵکو بە هزر ئەنجام دەدرێت، کاتێک ژنان لە مێژووەوە لە بیرێکی چەقبەستووی داخراودابوون و مافی بەشداریکردنیان نەبوو لە کایە سیاسییەکاندا، بووە هۆکار بۆ ئەوەی ژنان بە هزری ئازادی ژن دەستبکەن بە شۆڕش و لە ئێستادا خاوەن سەرکردەی تایبەتی خۆیانن.

 

ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە کە بەهەمان شێوەی ڕۆژئاوا، باشووری کوردستان پێویستی بەو شۆڕشە هزرییە هەیە کە ژنی گەیاند بەو ئاستەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەن، پێویستە بیکەنە مۆدێلێک بۆ سیستمی بەڕێوەبردنی خۆیان.

 

"سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک پێویستە لە هەموو پارچەکان جێبەجێبکرێت"

هەرچەندە باشووری کوردستان خاوەن دامەزراوەی خۆیەتی لە ژێر ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان لە بواری هزری هەندێک دواکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، شۆخان میرزا وەک چالاکوانێک دەڵێت: هەموو پارچەکانی کوردستان لە ئێستادا لە شۆڕشدایە بۆ خۆی، چونکە بەردەوام دوژمن هەوڵدەدات زمان و شوناسی کورد لەناو ببات، لەم شۆڕشەشدا هەوڵیانداوە سیستمی نەتەوەی دیموکرتیک لەناوببەن".

 

شۆخان میرزا بە پێویستی زانی، گەل زیاتر هەوڵبدات و کۆمەڵگە بەرەو بیری نەتەوەیی دووبارە زیندوو ببێتەوە، کە لەم دواییانەدا لە باشووری کوردستان وەک مردووی لێهاتووە، چونکە دوژمن لێی سودمەند دەبێت و هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، بە جۆرێک ڕێگە دەدات تا ئاستێک بە زمانی کوردی قسە بکەیت ژیان بکەیت، بەڵام ڕێگە نادات وەک کوردێک خاوەن هزری خۆت بیت یاخود کار لەسەر زمان و شوناسی خۆت بکەیت، بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە هۆکار بۆ هەراسانبوونی دوژمنان بە گشتی و دەوڵەتی تورکیا بە تایبەت.